د.بەرهەم، قوربانییە یان سەرنەكەوتوو؟

عارف قوربانی


15/10/2022

ئەگەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم ئەنجامەی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماردا وەك ئەمری واقیع بەسەریدا سەپێندرا، لە سەرەتاوە ئەمەی پەسەند بووایە،‌ رەنگە 10 مانگ پێش ئێستا و لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لەتیف رەشید ببووایەتە سەرۆككۆمار و عێراقیش ئەم دە مانگەی رابردوو بەو هەموو قەیرانەدا تێنەدەپەڕی. 
 
هۆكاری چەقبەستنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئەو گێرمە و كێشانەی لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی عێراق هاتنە ئاراوە كە ماوەی یەك ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەكاندا تێپەڕین و نەدەتوانرا رێكارەكانی پێكهێنانی حكومەت بگیرێتەبەر، بەهۆی ئەوەوە بوو كە یەكێتی موكڕبوو لەسەر ئەوەی تەنیا د.بەرهەم بەربژێر دەكەن بۆ سەرلەنوێ‌ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە. لە بەرانبەر داواكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڕینی د.بەرهەم بە كەسێكی دیكە لەناو یەكێتی كە پارتیش رەزامەندی لەسەری هەبێت، یەكێتی ئەمەی بە بەزاندنی هێڵی سوور ناو دەبرد و دەیانگوت پارتی و هیچ حیزبێكی دیكە مافی ئەوەیان نییە بەربژێر بۆ ئێمە دیاری بكەن، بەڵام دواجار ئەوان دیاریانكرد.

لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 وە تاوەكو چركەساتی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە 13ی ئۆكتۆبەری 2022، یەكێتی دەیان كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی كردووە، لە راگەیەندراوی هەموو كۆبوونەوەكان و ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەش كە پەیوەستبوون بە پرسی سەرۆككۆمارەوە، یەكێتی هەر جەختی لەوە كردووەتەوە بەرهەم ساڵح تاكە بەربژێرمانە. وەڵامی روون و راشكاویشیان بۆ هەموو ئەو كەسایەتی و لایەنە سیاسیانەی نێوەندگیرییان دەكرد بۆ لێك نزیككردنەوەی لایەنەكان و دیاریكردنی بەربژێرێكی هاوبەش، هەر جەختكردنەوە بووە لەوەی بەهیچ جۆرێك د.بەرهەم ناكشێنینەوە. تەنانەت كە باس لە مەترسی تێكچوونی هەرێمی كوردستان و ئەگەری بەریەككەوتنی پارتی و یەكێتیش دەكرا بەوهۆیەوە، بێباك بوون لەوەی چی دەبێت با ببێت. واتە تاوەكو ئاستی شەڕیش ئامادەی هیچ سازشێك و دەستبەرداربوونی د.بەرهەم نەبوون. بۆیە ئەو تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییانەی لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بڵاودەبنەوە كە گوایە ئەمە جۆرێك بووە لە تاكتیكی یەكێتی خۆی و لەو رێگەیەوە ویستوویانە لەتیف رەشید بكەنە سەرۆككۆمار، ئەمە جۆرێكە لە خۆهەڵخەڵەتاندن و تەنانەت پەرلەمانتارانی یەكێتیش دەنگیان بە د.لەتیف رەشید نەداوە. خۆ ئەگەر ئەمە راست بووایە كە تاكتیكە، ئەوە خیانەتێكی گەورەیە لە بەرهەم ساڵحیان كردووە پێش هەر كەسێكی دیكە. 
 
هەرچەندە ماڵپەڕە ئەلیكترۆنی و پەیجەوانەكانی نزیك لە د.بەرهەم زۆر تەرویج بۆ ئەوە دەكەن و دەیانەوێ‌ ئیستسماری بكەن تاوەكو بەرهەم ساڵح وەك قوربانییەك دەركەوێت كە خیانەتی لێكراوە، نەك ئەوەی دۆڕابێت لە هەڵبژاردن. وەك چۆن بۆ یەكێتی ئەوە راستییەكەیە كە بەوجۆرە تەنیا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت نەك خەڵك، ئەمە بۆ خودی د.بەرهەمیش وایە كە ئەویش خۆی هەڵدەخەڵەتێنێ‌ ئەگەر خۆی بە قوربانی بزانێت و هەست بەوە نەكات دۆڕانێكی زۆر خراپ دۆڕاوە. ئەو لە خولی پێشووتری هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە 2018 ماوەی شەش ساڵ بوو هیچ پلەو پۆستێكی كرداریی نەبوو، دابڕاو بوو لە هاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەكان و بە پێگەیەكی سیاسی لاوازەوە چووە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوەو بووە سەرۆككۆمار. ئەمجارە بە چوار ساڵ تەمەنی سەرۆككۆماری و بە بوونی بە جەمسەرێكی گەورەی هاوكێشەكان لە ناوچەكە و عێراق، بە پەیوەندییەكی فراوانی سیاسی و بە توانایەكی دارایی زۆرەوە ‌و بە پشتیوانییەكی سەرسەختانەی یەكێتی و بەشێك لە هێزە شیعییەكان، بە پشتیوانیی ئێران و هەندێ‌ لە ناوەندەكانی ئەمریكا و وڵاتە هەرێمییەكان، لە بەرانبەر بەربژێرێك شكستی هێنا كە تاوەكو یەك رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەكەی هیچ كەس بە ئاشكراو بە نهێنی پشتیوانی نەدەكرد. بۆیە دۆڕانی د.بەرهەم، شكستێكە بۆ ئایندەی سیاسییەكەی یەكجار زۆر كاریگەرە‌. 
 
هۆكاری سەرەكی ئەم شكستەش پێش هەر كەس و لایەنێكی دی، خودی د.بەرهەم خۆیەتی، لە هیچ ئاماژەو پەیامێك تێنەگەیشت كە دەیانەوێ‌ سەری بە بەردی گەورەدا بدەن، ئەوە هەر پارتی نەبوو كە بە روون و ئاشكرا دەیانگوت نابێت د. بەرهەم ببێتەوە‌ سەرۆككۆمار، سەركردەی هەموو سوننەكان و بەشێك لە سەركردەی شیعەكانیش ئەو پەیامەیان بە یەكێتی دەدا كە بە قسەی ئێران ناكەین و دەنگ نادەینەوە بەو، بەڵام خۆی ئەمەی دەویست. پەندی لە ئەزموونی ساڵانی رابردوو وەرنەگرت و تەنانەت نەیتوانی یەك هەنگاو بەشوێن پێی مام جەلالی مامۆستایدا بڕوات كە عێراقییەكان ئێستاش شانازی بەسەردەمی ئەوەوە دەكەن. لە كوردستانش هەر ئاخ بۆ ئەو رۆژگارانە هەڵدەكێشن كە مام جەلال لە بەغدا بوو.  
 
كەچی پارتی و بەشێك لە یەكێتی و خەڵكانێكی زۆر لە دەرەوەی ئەو دوو حیزبەش پێیان وایە لەو (نەخشەو پلانە ستراتیژیانەوە كە بۆ گۆڕینی رێڕەوی بازرگانی نێودەوڵەتیی عێراق لە ئارادایە، هەروەها بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی دژی‌ ستراتیژی خاوەنداریێتی كوردستان بۆ نەوت و تەنانەت ئەو مووشەك و درۆنانەش كە بە كوردستانەوە دەنران، تاوەكو راگرتنی ئەو سەدەقەیەش كە لەلایەن كازمییەوە كە پێشتر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی بۆ كۆمەكی مووچەی هەرێمی كوردستان بڕیبوویانەوە)، د.بەرهەم لە پشتی هەموو ئەمانەوەیە. ئەگەر ئەمە تۆمەتیش بووبێت خرابێتە پاڵی، نە خۆی و نە بازنەكەی دەوری هیچ وەڵامێكیان نەدەدایەوە. بگرە هەندێ جار لە بەرانبەر ئەو هەموو پێشێلكارییە دەستوورییانەی ئەنجام دەدران، بێ هەڵوێستی و بێدەنگی سەرۆككۆماریان دەبەستەوە بەوەوە كە بارزانی دژایەتی دەكات و ئەویش بۆچی شەڕیان بۆ بكات. ئەمەش بەو مانایە دەهات ئەگەر بارزانی پشتیوانی بكات، كوردستانی دەبێت و ئەگەر بارزانیش دژی بێت، ئەوە پشتیوانی لە میللەتەكەی ناكات. د.بەرهەم چوار ساڵی رابردوو بەم تێزە كاری كرد. بۆیە ئێستا لە سیمای خەڵكدا نەك نیگەران نین لە شكستەكەی، شادی دەخوێنێتەوە. 
 
ئەگەر تاكە شتێك لەم هاوكێشەیەدا جێگەی پرسیاربێت ئەوەیە د.بەرهەم زۆری كرد بۆ ئێران و بۆ شیعەكان، كە هێشتا مانشێتی (مقاوەمەتل مەكە) لە زهنی تاك بەتاكی شیعەی عێراق و ئێران دا بە تۆخی ماوەتەوە، چۆن ئاوا بە ئاسانی لە دوا ساتدا دەستبەرداری بوون؟ ئەوەش هەر پەیوەندی بە خراپ یاریكردنی خۆیەوە هەیە لەنێوان دوو لایەنە ناكۆكەكەی شیعە. یاریەكانی لە نێوان سەدر و مالیكی، بە ئەندازەیەك بێ متمانەی كردبوو كە مالیكی وەك دۆخی ناچاری پشت بكاتە دۆستە راستەقینەكەی كە یەكێتییە و دەست بخاتە ناو دەستی ركابەرە لە مێژینەكەی، بارزانی. 
 
تازە زەمەن ناگەڕێتەوە و رۆژگار یارمەتیدەری د.بەرهەم نابێت كەڵك لە هەڵەكانی خۆی وەرگرێت، بەڵام دەكرێت بۆ خەڵكی دیكە ببێتە وانە.