توندوتیژی و چارەسەر

شاناز هیرانی


08/12/2022

توندوتیژی، بە شێوەیەكی گشتی، دیاردەیەكی پڕ مەترسییە و هەڕەشەیە لەو دەستكەوتانەی مرۆڤ بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دەستیان هێناون. دیاردەیەكی شاراوە و نادیاریش نییە، تایبەتیش نییە بەم ناوچەیە، بەڵكو جیهانییە و كۆمەڵێك ڕەهەندی كولتووری، كۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، سیاسی و ئابووریی هەیە. كات و شوێنی تایبەت و سنووری دیاریكراوی شوێنێك یان وڵاتێكی نییە، واتە سنووری جوگرافیی نییە. زۆر كات تێنەگەیشتن وەك خۆی لە چەمكی توندوتیژی، بووە بەهۆی ئەوەی بە تەنها توندوتیژییە جەستەییەكان وەك توندوتیژی لێیان بڕوانرێت، لە كاتێكدا چەندین جۆرو شێوازی تری هەیە.

بەپێی بۆچوونی دەروونناس و بیرمەندی مەزن، سیگموند فرۆید، مرۆڤەكان خاوەنی دوو چەمكن، یەكەمین ژیاندۆستی و دوەمیان مەرگدۆستی. كاتێك چەمكی مەرگدۆستی بەسەر ژیاندۆستیدا زاڵ بێت، كەسەكە توندوتیژ دەبێت، بەڵام بۆچوونی تریش هەن كە پێیان وایە توندوتیژییەكان بەرهەمی بیر و هزری تاكن و دواتر دەبنە ڕەفتار.

ڕاستییەكەی ئێمە پێویستمان بە (فیكری ئازاد)ە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتەش، دەبێت بزانین گرنگترین بنەماكانی مافی مرۆڤ بریتین لە یەكسانی و ئازادی و دادپەوەری، ئازادییەكی ڕاستەقینە و دوور لە ترس و دڵەڕاوكێ‌. تا مرۆڤیش نەگاتە یەقین و ددان بە ڕەگەزی بەرامبەردا نەنێت و وەك مرۆڤێكی خاوەن هەست و عەقڵ و ئایدیا سەیری نەكات، هەمیشە توندوتیژی لە تەشەنەسەندندا دەبێت.

توندوتیژی لەسەر ئاستی جیهان و لە تەواوی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا ڕەنگی داوەتەوە، كاریگەری ئەم دیاردە مێژووییە لەكۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی ترو لە توێژێكەوە بۆ توێژێكی تر شێوەیەك و سیمایەكی تایبەت بە خۆی وەرگرتووە، هەر جۆرێك لە توندوتیژی لەهەر كۆمەڵگایەك دا بێت ئاسایشی كۆمەڵگا تێكدەدات ئەمانەی سەرەوەش دیارترینیانە. جۆرەكانی تری توندوتیژی و مەترسیەكانیان بۆ سەر سەلامەتی و ئاسایشی تاك بە پێكهاتەكانی تری كۆمەڵگاو بە بیرو ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە هەمان كاریگەری دەبێت.

كۆمەڵگای كوردەواریش وەك هەر كۆمەڵگایەكی تر بەدەر نییە لەوانەی باسمكردووە. لەبەرئەوە چاكسازی كۆمەڵایەتی پێویستە بۆ هەموو قۆناغێك بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانێك كە ئەمجۆری توندوتیژییانەی تێدا كەمبۆتەوە یان سود وەرگرتن لە دیراسەو لێكۆڵینەوەكانی بواری دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ڕێنماییەكانیان بۆ دۆخی ئیستا و داهاتوو لە پێناو بنیادنانی كۆمەلگایەكی تەندروست، بەتایبەت لەو ڕووەوە كە  تاكی كۆمەڵگای كوردی بە ئەزمونێكی سەختی وەك ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی دا تێپەری كردووە لێكەوتە سیاسیەكان هۆكاری سەرهەڵدانی سەرجەمی نەهامەتییە یەك لە دوا یەكەكان بوون بۆ كورد.

كورد تا ئێستا  قۆناغێكی جێگری بێ‌ ململانێی بەخۆیەوە نەبینیوە كە شایستەی كۆمەڵانی خەڵك بێت و دوور لە دڵەڕاوكێ‌ و ململانێی ئابووری و كۆمەڵایەتی. نەوەی نوێ ئێستا لە ژێر هەمان ئەو دۆخەدایەـ لەبەرئەوە كۆمەڵگای ئێمە بە ئێستاشەوە زۆرترین توندوتیژی تێدایە، توندوتیژییەكانی تری وەك كوشتن یان هاندان بۆ خۆكوشتن یان رفاندن لەلایەن هەركەسێكەوە بێت یان هەركەس دەستی تێیدا هەبێت یان پێی هەڵسێت لە چوارچێوەی تاوان ئەژمار دەكرێت، ئەمەی كە ئاماژەم پێكردووە تەوەرێكی ڕۆژانەیە چونكە ڕۆژانە كۆمەڵێك دەبن بە قوربانی كلتور و نەریت و ئایدۆلۆژیا لەبەر ئەوە دیالۆگ و قسەكردن لەم ڕووە تەنها بەس نین ئەگەر نەچنە بواری پراكتیكیەوە و هەمووان بە دڵسۆزی چ بە كەسی یان رێكخراوەیی یان دامەزراوە حكومی و ناحوكمی یەكان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر جۆرێك لەو دیاردانە یان توندوتیژیانەی هەمووان دەخاتە بەردەم لێ پێچینەوەی مێژووەو بە ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی و ئاینی سەیر دەكریت.