وەزارەتی ناوخۆی عێراق زانیاری لەبارەی بكوژی خێزانە كوردەكەی بەغدا ئاشكرا دەكات

عێراق

16/09/2020     ژمارەی بینراو 758

راچڵەكین -

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیاندراوێكدا وردەكاریی دەستگیركردنی بكوژی خێزانە كوردەكەی بەغدا بڵاودەكاتەوەو راشیدەگەیەنێت، تاوانەكە بەمەبەستی دزیكردن بووەو بكوژەكەش لەماوەیەكی زۆر كەمدا دەستگیركرا.

راگەیاندراوەكە لەلایەن خالد محەنا وتەبێژی وەزارەتەكە بڵاوكراوەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای رووداوەكەی گەڕەكی مەنسوڕ، كە تیایدا خێزانێكی پێكهاتوو لە دایك و باوك و كچێك، كوژران، دەزگا ئەمنییەكان توانیان بكوژەكە دەستگیر بكەن.

لە راگەیاندراوەكە باس لەوەشكراوە، تاوانەكە بەمەبەستی دزیكردن روویداوە، دەزگا ئەمنییەكانیش بەهاوكاری دژە تیرۆری عێراق توانیان لەماوەیەكی زۆر كەمدا شوێنی بكوژەكە بزانن و دوای هەڵاتنی بۆ هەولێر، لەوێ دەستگیری بكەن. 

هەر لەسەر ئەو تاوانە، یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، بە سەرپەرشتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەچاودێری وەزیری ناوخۆ، هێزێكی تایبەت بە فەرماندەیی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری و بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە كردەوەیەكی هەواڵگریدا توانیان بكوژی خێزانە كوردەكە دەستگیر بكەن.

دوای ئەوەی درەنگانی شەوی رابردوو، لە گەڕەكی مەنسوڕ لەشاری بەغدا، خێزانێكی كوردی دانیشتووی ئەو شارە كە لە دایك و باوكی و كچێك پێكهاتوون، لەناو ماڵەكەی خۆیاندا كوژران، ئەمڕۆ هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی عێراق بە هاوكاری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، بكوژەكەیان لە ئوتێلێكی شاری هەولێر دەستگیركردو لە دانپێدانانێكی ڤیدیۆییشدا، چۆنیەتی تاوانەكەی ئاشكراكرد. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن