ریال و چێڵسی كامیان یاری كۆتایی چامپیۆنز لیگ ئەنجامدەدەن

وەرزش

05/05/2021     ژمارەی بینراو 560

راچڵەكین-

لەدرێژەی یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا( چامپیۆنزلیگ)، هەردوو یانەی ریال مەدرید و چێڵسی، یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی ئەنجامدەدەن.

یارییەكە كاتژمێر 22:00 لەسەر یاریگای ستامفۆرد بریچ لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو لەیاری چووندا، كوڕانی تۆماس توخێل بە خاڵێكی گرنگ لە مەدرید گەڕانەوە، لەم یاریەشدا بەئەنجامی یەكسانبوون بەبێ گۆڵ یاخود هەر بردنەوەیەك، سەردەكەون بۆ یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەكە، ریال مەدریدیش بە یەكسانبوون بە زیاتر لە گۆڵێك و بەبردنەوەی بە هەر ئەنجامێك دەگاتە یاریی كۆتایی.

هەرچەندە هەریەك لە سێرخیۆ رامۆس و فێدریكۆ ڤالڤێردی گەڕاونەتەوە نێو ریزەكانی یانەی شاهانە، بەڵام هێشتا هەردوو یاریزانەكە بەتەواوی ئامادەنین و دیارنییە كە زیدان پشتیان پێدەبەستێت یان نا، ئەوەش یەكلابووەتەوە رافایێل ڤاران، دانی كارڤاخال و لوكاس ڤاسكێز بەشداری لە یارییەكەدا ناكەن.

رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، چاوەڕێ دەكرێت پێكهاتەی یانەی ریال مەدرید بۆ یاریەكەی ئەمشەو بریتی بێت لە 4-3-3 .

هەردوو یانەی ریال مەدرید و چێڵسی، لە مێژووی پاڵەوانێتییە فەرمییەكانی ئەوروپادا چوار یارییان بەرامبەر یەكدی كردووە، چێڵسی هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، دوو بردنەوە و دوو یەكسانبوونی هەیە، تۆماس توخێلی راهێنەری یانەی ئینگلیزییەكەش لە 4 یارییدا بەرامبەر زیدان بردنەوەیەك و 3 یەكسانبوونی هەیە، ئەمشەو ئەو پلانەكانی ئەو دوو راهێنەرە یەكلایدەكەنەوە كێ لە یاریی كۆتاییدا ركابەری مانچێستەر سیتی دەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن