قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە پۆلیسی سلێمانی دەكات

کوردستان

16/06/2021     ژمارەی بینراو 292

راچڵەكین –

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستخۆشی لە پۆلیسی سلێمانی دەكات بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی ژنێكی لە گۆڕستانی سەیوان كوشتبوو، دەشڵێت: هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ بۆ دەستگیركردنی بكوژانی ژنان و رووبەڕووكردنەوەیان لەگەڵ یاسا.

قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا رایگەیاندووە، هەوڵەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و چاوكراوەییان بەرز دەنرخێنم و دەستخۆشییان لێ دەكەم بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی كە تاوانێكی دڕندانەی بەرامبەر ژنێك ئەنجام دابوو لەگۆڕستانی سەیوان لەشاری سلێمانی.

جێگری سەرۆكی حكومەت ئەم رووداوەی بە دەرفەت زانیوە بۆ ئەوەی دووپاتی بكاتەوە كە بەتوندی ڕووبەڕووی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستێتەوە. جەختی لەوەشكردووەتەوە "وەك چۆن پێشتریش لەچەندین بۆنەدا باسمكردووە، هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ بۆ دەستگیركردنی بكوژانی ژنان و رووبەڕووكردنەوەیان لەگەڵ یاسا".

ئەمڕۆ 16-6-2021، عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، لە لێدوانێكی تایبەت بە راچڵەكین-ی راگەیاند، شەوی رابردوو هێزەكانیان ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركرد كە شەوی 30/29ی مانگی رابردوو لە گۆڕستانی سەیوان ژنێكی كوشت و لاشەكەی بە رووتی بەجێهێشتبوو.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن