كازمی لە بارەی بەردەوامی ناردنی 200 ملیارەكە چی بە حكومەتی هەرێم وتووە

چاوپێکەوتن

25/08/2021     ژمارەی بینراو 791

راچڵەكین-

نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەبارەی ئەو 200 ملیار دینارەی رەوانەی دەكات بە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە:" من یەكەمجار دەینێرم ئەگەر بەدواداچوون و قسەیەكی زۆر كرا لەسەری ئەوا من مانگی دووەم ناینێرم بەڵام ئەگەر هیچ موناقەشە و قسەی لەسەر نەبوو ئەوكاتە من بەردەوام دەبم هەتا بتوانم ."

جەمال كۆچەر، لەبارەی ئەو 200 ملیار دینارەی لەبەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" بابەتی 200 ملیار دینارەكە ئەوە ڕێككەوتن نییە بەغداد پێی دەڵێت ئەمە سولفەیەكە بە هەرێمی كوردستان دەدەین هەتا بتوانێت مووچەكانی خۆی بدات واتە وەكو قەرزێكە و دواتر حساب دەكرێت و لە هەر بودجەیەكی هەرێمی كوردستان لەداهاتوو لێی دەبڕن، ئەگەر بابەتەكە بابەتی بودجە بێت ئێستا جێبەجێكردنی بابەتی بودجە بەهیچ شێوەیەك نییە چونكە نە هەرێمی كوردستان هیچی لە داهات و نەوت بە بەغداد داوە و نە بەغدادیش هاتووە حساباتی بودجەیان كردووە و بەشی هەموویان ناردبێت چ كەم و چ زیاد."

جەمال كۆچەر جەختی كردەوە هیچ لە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد جێبەجێ نەكراوە، لەو ڕووەوە وتی:" هیچ لەو ڕێككەوتنە یەك هەنگاویش نەچوونەتە پێشەوە، یەك شت هەیە سەردانی وەزیری سامانە سروشتیەكانە ئەویش وردەكاری ڕانەگەیاندووە كە بۆ چی ڕۆشتبوو؟ باسی هەندێك ڕێككەوتن كراوە كە نەوتی سپی بۆ خەڵكی هەرێم دەنێرن و پاڵپشتی بەنزین دەكرێت بەڵام بابەتی ڕێككەوتن، خودی ڕێكەوتنەكە كە 250 هەزار بەرمیل نەوتە بەرامبەر بەشی هەرێمی كوردستان ئەوە هیچ باس نەكراوە، ئێمە پێمان وایە ڕێككەوتن ناكرێت بەڵكو هەرێم چاوەڕێی ئەوە دەكات بەغداد ئەم 200 ملیارە بەردەوام بێت هەتا كۆتایی ئەمساڵ و (خواكەریمە) بۆ بودجەی 2022"

جەمال كۆچەر دەشڵێت:" وەزیری دارایی لە لیژنەی دارایی بەڕاشكاوی وتی ئەگەر ئێمە بودجە جێبەجێ بكەین دەبێت هەرێم 638 ملیار دینار بە ئێمە بدات نەك ئێمە پارە بدەین بە هەرێم ئەمە یەكێك لە خاڵەكانی هەرە مەترسیدار بوو ئەو كاتە ئاگاداری شاندی هەرێمی كوردستانمان كرد كە ئەم بابەتە هەیە و دەبێت ئێوە ئاگاداربن بەڵام ئەوان سوربوون لەسەرئەوەی ئێمە پێویستیمان بەو دەقەیە هەیە كە دەڵێت بە "اقیام سومو" چونكە ئەوە دەسەڵات بە هەرێمی كوردستان دەدات بەیاسا كە نەوتی خۆی بفرۆشێت."

سەبارەت بە بەردەوامی ناردنی بڕی ( 200) ملیارەكە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم؟ جەمال كۆچەر وتی" لە دەسپێكدا كازمی بە حكومەتی هەرێم و سەركردەكانی وتووە كە وتی من یەكەمجار دەینێرم ئەگەر بەدواداچوون و قسەیەكی زۆر كرا لەسەری ئەوا من مانگی دووەم ناینێرم بەڵام ئەگەر هیچ موناقەشە و قسەی لەسەر نەبوو ئەوكاتە من بەردەوام دەبم هەتا بتوانم، ئەمە مانگی سێیەمە دەنێردێت چونكە پەرلەمان پەككەوتووە و بەرەو هەڵبژاردن دەچین و ئەوانیش پێویستیان بە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ هاوپەیمانی دروستكردن لەپێش هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت دوای هەڵبژاردن لەبەرئەوە جارێ هیچ قسەیەك نییە."

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەشڵێت:"من لەو باوەڕەم ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت لە 10-10 ئەوا ئەو بابەتە (ناردنی دوو سەد ملیارەكە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم" بەردەوام دەبێت هەتا بودجەی 2022 بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن دواخرا ئەوكاتە لەوانەیە قسە بكرێت و لەوانەشە قسە نەكرێت چونكە مانگی 4 ماوەیەكی نزیكە بۆ تەواوكردنی بودجە لەبەرئەوە هەر بابەتی هاوپەیمانێتی پێشنیاركراوە بڵێین شیعە یان سونە پێی خۆشە هاوپەیمانێتی لەگەڵ كورد دروست بكات هەتا حكومەت پێكبهێنێت ئەو كاتەش قسەیەكی وا نەبێت لەوانەشە ببێتە بابەتێكی موزایەدەی هەڵبژاردن بۆ هەندێك ئەندام پەرلەمان چونكە لە سیستەمی هەڵبژاردنی نوێ كە پێی دەڵێن "تشریح فردی" زۆر كەسمان هەن بەناوی سەربەخۆ هاتوون ئیتر بۆ ئەوان شتێكی گرنگ نییە كە بوترێت لەگەڵ فڵان كەس حكومەت پێكدەهێنرێت لەبەر ئەوە لەوانەیە دەنگی موزایەدە زۆر ببێت لەماوەی هەڵبژاردن."

دەربارەی ئەوەی ئایا بەغداد ئەم مانگە 200 ملیارەكەی بۆ هەرێم ناردووە؟ لە وەڵامدا جەمال كۆچەر ڕایگەیاند" هەتا ئێستا نەیناردووە بەڵام دەینێرێت هەتا موچەی فەرمانبەرانی خۆشی دابەشنەكردووە، وەكو دەزانرێت لە دەوڵەتی عێراق دەستپێكردنی دابەشكردنی موچە لە 18 ی مانگ هەتا 25 ی مانگ شتێكی ئاسایی دابەشبكرێت ئەگەر لەدوای 25 ی مانگ بۆ هەرێمی كوردستانی نەنارد ئەو كاتە دەتوانیین بڵێین گرفتێك هەیە یان نا، هەتا 25 ی مانگ شتێكی زۆر ئاساییە ئەگەر نەنێردرێت."

بە بڕوای جەمال كۆچەر باسی جێ بەجێ كردنی یاسای بودجە لە لایەن عێراق و هەرێمەوە نیە، لەو ڕوەوە دەڵێت "من لەو قەناعەتەم باسی بودجە لە هیچ ئاستێك نییە باس بكرێت كە بودجە جێبەجێ دەكەن بڵێن ئێمە ئەو بڕە بە ئێوە دەدەین و هەتا ئێوە بێن بودجە جێبەجێ بكەن، من لەو قەناعەتەم بەغدادیش باش دەزانێت هەرێمیش لەوانەیە هەندێك بەرپرس بەڕاشكاوی پێیان وتبێتن ئێمە ناتوانیین پابەند بین یان ئێمە حەز ناكەین پابەند بین ئیتر ئەوە بابەتێكە دەوڵەتی عێراقی هەموو ڕێككەوتنی ژێر بە ژێرە من نازانم بەڵام وای بۆدەچم وا وترابێت، بۆیە من وای بۆدەچم بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە بەغدادیان وتبێت ئێمە پێویستیمان بە 200 ملیارە هەتا بتوانیین موچە بدەین، ئێوە ئەو پارەیە بە ئێمە بدەن و ئێمەش لەوانەیە لە قۆناغی داهاتوو لەدوای هەڵبژاردن یان لە هەڵبژاردن پشتگیری ئێوە دەكەین."

جەمال كۆچەر دەشڵێت "ئێمە لە دەوڵەتی عێراقی یەك شتمان هەیە لە بابەتی پارە خەرج كردن یەك دەرگا هەیە ئەویش بابەتی یاسای بودجەیە ئەگەر لەوێ نەبێت هیچ دەرگایەكی تر نییە مەگەر بودجە نەبێت ئەوكاتە یاسای قەرز یان بودجەی كاتی پێشكەش دەكرێت هەروەكو چۆن لە ساڵی 2020 ئەوەمانكرد لەبەرئەوە ئێستا ئەو 200 ملیارە هیچ پێناسەیەكی نییە لە بودجەی دەوڵەتی عێراقی. "

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی عێراق بە هۆی هەڵبژاردنی پێش وەختە دۆخی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم و خزمەتگوزارییەكان باش دەبێت، لەو ڕوەوە جەمال كۆچەر وتی " من لەو باوەڕەم هەموو خزمەتگوزاری لەگەڵ مووچە هەمووی باش دەبێت واتە لەوانەیە پێش باران نەوت بە خەڵك بدەن، لەوانەیە لە هەندێك شەقام چاككردنەوە دەست پێبكەن و موچە باش ببێت، بەڵام خۆزگە خەڵك وریا دەبێت و شارەزا بێت و ژیر ببێت كە ئەم بابەتە لە هەڵبژاردن نامەیەكی ڕوون و ئاشكرایە بەم حیزبانە بدەن كە پێیان بڵێن ئێمە دەنگمان بە دوو مانگ ناكڕدرێت بەڵكو دەبێت چوار ساڵ خزمەتمان بكەن. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن