زانیاری نوێ لەسەر دۆسێی گۆڤەندو قوربانییەكانی بڵاودەكرێتەوە

چاوپێکەوتن

06/09/2021     ژمارەی بینراو 820

راچڵەكین-

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان دەڵێت، بەدواداچوونیان بۆ كەیسی گۆڤەند و قوربانییەكانی دەستی ئەو كەسە كردووەو "بەدڵنیایی ئومێد هەیە كە ئەو كەسە بدۆزنەوە."

د.مونا یاقو، لەبارەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی ماوەیەكە لەتۆڕەكۆمەڵاتییەكان بەناوی "پەشیمانی" بڵاوبووەتەوە، بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكا راگەیاندووە:" وەكو دەستە ئێمە یەكەمجار پەیامێكمان هەبوو بڵاومان كردەوە لە پەیجی خۆمان لەسەر ئەو كەیسە، بەشی یاسایی و مافی مرۆڤ چوون هەتا بزانن چی نوێ هەیە لەسەر ئەو بابەتە تا زانیاری زیاترمان بۆ بێتەوە، لەگەڵ داواكاری گشتی دانیشتین و باسی ئەو كەیسەمان كردەوە كە چی بكرێت لەو بابەتە هەڵبەتە من زیاتر پێم باشە نەك تەنها ئەو كەیسە بەڵكو ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەوانەیە زۆر پێویستمان بەوە بێت كە ئەو كەیسە بكرێتە كەیسێك كە ڕوونكردنەوە و وشیاركردنەوەی بۆ خەڵك بكەین بەتایبەتی گەنجەكان و ئەوانەی تەمەنیان لە چواردە ساڵ بۆ سەرەوە كە ئێمە یاسامان هەیە و ئەو یاسایە زۆر شت قەدەغە دەكات هەتا ئەو دیاردەیە زۆر بڵاونەبێتەوە لە هەرێمی كوردستان، سەبارەت بەو كەیسە هێشتا ناتوانم زۆر شت بڵێم لەوانەیە بۆمان باش نەبێت جارێ دەریبكەین چونكە كەیسەكە هێشتا كۆتایی پێنەهاتووە بۆیە ناتوانم زانیاری زیاتر بڵێم."

د.مونا یاقو، دەشڵێت" ئێمە لایەنێكی چاودێرین واتە چاودێری دەكەین بۆ جێبەجێكردنی یاسا بۆ ئەو پێشێلكاریانەی كە دەكرێت سەبارەت بەهەموو كەیسەكانی مافی مرۆڤ دڵنیایی ئەوە دەدەین كە ئێمە زۆر خەمخۆرین زۆر بە ویژدانەوە ئیش دەكەین، بەڕێگەیەكی یاسایی تەواو یاسا چۆن حوكم دەدات ئەوا ئێمە هەمیشە پشتگیری دەكەین بۆ ئەوەی سەروەری یاسا هەبێت لە هەرێمی كوردستان، بەدڵنیاییەوە ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ پاراستنی ئەو كەسانە و مافەكانیان ئێمە هیچ درێغی ناكەین."

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لەسەر كەیسی ئەو گەنجانە دەشڵێت:" ئێمە ئیش دەكەین واتە خەریكین هەموو ڕۆژێك باسی ئەو كەیسە دەكەین لە زۆر شوێن بە پەیوەندی و بە دانیشتن و بە هەموو شێوەیەك بەڵام ناكرێت من لە میدیا باسی بكەم، بەڵێ بەدڵنیایی ئومێد هەیە كە ئەو كەسە بدۆزنەوە، خۆی زۆربەی كاتە ئەوەی تۆمەتبارە هەمیشە دەوترێت كە شوێنی دیار نییە هەتا بۆئەوەی خۆی بپارێزێت بەڵام لەڕاستیدا وانییە ئینشائەڵا بەزووترین كات زانیاری باش دەگاتە هەموو كەسانەی كە ئەو كەیسە لەلایان گرنگە."

د.مونا یاقو، جەختی لەوەشكردەوە ئەگەرچی لەدەستەكەیان بەشی سكاڵا هەیە بەڵام ژمارەیەكی كەم سكاڵایان لەلا تۆماركراوە لەسەر ئەو دۆسێیە لەو ڕووەوە د.مونا یاقو ڕایگەیاند:" ئێستا ئەو شتە لای من زۆر گرنگە چونكە لە دەستەی خۆمان بەشی سكاڵامان هەیە كەچی سكاڵای زۆر كەم لەلامان تۆمار دەكرێت، من بەهەموویان دەڵێم كە ئێمە زۆر خەمخۆرین و ئێمە زۆر حەزدەكەین خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین بەتایبەتی ئەوكەسەی كە دەبێتە قوربانی و توشدەبێت لەوجۆرە كەیسانە بابێن و سكاڵای خۆیان تۆمار بكەین ئێمەش ئەوەی لەدەستمان بێت درێغی ناكەین، من وەكو كەسی خۆم ئامادەم بچمە هەموو شوێنەكان هەتا شتێكیان بۆ بكەین لەگەڵ ئەوەشدا من دایكم تێدەگەم مەسەلەكە چۆنە و تێدەگەم ئەو كێشەیە چەند گەورەیە بۆ ئەو گەنجانە بۆیە هەوڵدەدەم بەهەموو توانام كە یارمەتیان بدەم."

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بەهۆی هەستیاری بابەتەكەوە ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات لەسەر ئەو كەیسە لەو ڕوەوە دەڵێت" ئەو كەیسە بۆخۆی هەستیارە لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لەوانەیە هەر قسەیەك بكەین زیان بگەیەنێت بەشێوەی لێكۆڵینەوەكە."

د.مونا یاقو، دوپاتیكردەوە ئەو كەسە ئەگەر لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش نەبێت لە وڵاتانی دەرەوە بێت دەتوانرێت دەستگیر بكرێت لەو ڕوەوە دەڵێت "خۆی لە یاسای نێودەوڵەتی هەندێك ڕێوشوێن هەیە دەتوانیین بیكەین و دادگایش بكرێت، بەڵام لەكوردستان كەموكورتی یاسا نییە، یاسای زۆرباشمان هەیە تەنها پێویستە بیسەلمێنین كە ئێمە بەڕاستی ئەو یاسایە جێبەجێ دەكەین لەكاتی پێویستدا بەشێوەیەكی باش و توند، جارێ لەبەرئەوەی من هەموو وردەكاریی لێكۆڵینەوەكەم ئاگا لێ نییە بۆیە ناتوانم بڵێم بە چ یاسایەك ئەو تۆمەتبارە دۆسێی بۆ دەكرێتەوە بەڵام بەدڵنیاییەوە یاسامان هەیە، یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969 دەرچووە و هەمواركراوەتەوە ئەو یاسایە زۆر دەقی لەناودایە كە لەسەر ئەو كەیسە جێبەجێ دەكرێت هەروەها یاسامان هەیە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ئەو یاسایە دوبارە لێرەدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت واتە یاسامان زۆرە كەموكورتیمان لە یاسادا نییە تەنها كێشەكە لەوەدا ئێمە بیسەلمێنین كە یاسا جێبەجێدەكەین."

د.مونا یاقو جەختی لە گرنگی ئەو كەیسە كردەوە و دەڵێت" ئێمە چاودێری ورد دەكەین واتە ئەو كەیسە لەلامان زۆر گرنگە هەندێكجار بەشەو تەلەفونم بۆ دەكرێت یان من تەلەفون دەكەم تەنها بۆئەوەی هیچ دوانەكەوین لەناو ئیشەكەی خۆمان، وە باوەڕیشمان هەیە ئینشائەڵا بە زووترین كات هەواڵی باش دەبێت بەدیاریكراوەیی لەو كەیسە، بەڵێ پێویستە ئەو كەسە دەستگیر بكرێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن