حەسەن زیرەك مرد یان كوشتیان؟

کەلتوور

22/11/2021     ژمارەی بینراو 706

مامۆستای كۆچكردوو شێركۆ بێكەس لەبارەی حەسەن زیرەكەوە دەڵێت:" حەسەن زیرەك مامۆستای بەستەی كوردییە، لەو ڕۆژەوە حەسەن زیرەك نەماوە تا ئێستا چوار گۆرانیبێژی وەك حەسەن زیرەكمان نییە."

ئەمساڵ چل و نۆ ساڵ بەسەر كۆچی مامۆستای گۆرانی كوردی حەسەن زیرەك تێدەپەڕێ.  نزیكەی نیو سەدە دەبێت كە بولبولی ئاوازی كوردی وەك جەستە لەنێومان نەماوە، بەڵام گۆرانییەكانی هەموو سات و كاتێك ئاوەشێنی دڵی پڕ لە زووخاوی ئێمە دەكات.

حەسەن زیرەك ساڵی 1921 لە شاری بۆكان لەدایكبووە هەرچەند لەسەر شوێنی لەدایكبوونی تا ئێستاش مشتومڕ هەیە و هەندێك لایان وایە لە گوندی هەرمێلەی لەنێوان بۆكان و سەقز لەدایكبووە.

حەسەن زیرەك هەرچەند خوێندەوار نەبووەو بۆ قوتابخانە نەچووە، بەڵام هەم زمانی و هەم گۆرانییەكانی كوردییەكی پاراو و پەتین و زمانێكی ڕەسەنە و پێموایە ئەوانەی كە كوردی باش نازانن و حەز دەكەن فێری كوردی بن ئەگەر گوێ لە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك و ماملی بگرن فێری كوردی دەبن و یان ئەگەر بەرهەمەكانی مامۆستا هەژار موكریانی و هێمن موكریانی و حەسەنی قزڵچی بخوێنەوە فێری كوردییەكی پەتی و پاراو دەبن.

شتێكی دیكەی مامۆستا حەسەن زیرەك كە بەلای منەوە جێی سەرنجە ئەوەیە كە حەسەن زیرەك لەباری ئیستاتیكا و جوانناسی یەكێكە لە جوانترین و باشترین جوانناسانی كوردستان. ئەگەر بە وردی سەیری گۆرانییەكانی بكەین دەبینین كە زۆربەی گۆرانییەكانی بەناوی ژنەوە و لەناو گۆرانییەكانیشدا باس لە وەسف و جوانی ژنە. شتێكی دیكە هەر گۆرانییەكی مامۆستا زیرەك خۆی چیرۆكێكی هەیە و باس لە شتێك دەكات. 

هەر وەك چۆن دەڵێن ئەگەر لە دونیای شیعری كوردیدا نالی و مەحوی و هێمن و گۆران نەبان دونیای شیعری كوردی شتێكی كەم بوو لە ناوی دونیای ئاواز و گۆرانی كوردیشدا ئەگەر مامۆستا زیرەك نەبوایە، گۆرانی كوردی شتێكی كەم بوو. 

حەسەن زیرەك سەرەڕای دەنگخۆشی و ناوداری، بەڵام هونەرمەندێكی خێر لەخۆنەدیو بوو، زۆر چەرمەسەری و نەهامەتی و نەگبەتی و ئاوارەیی و دەربەدەری و نەبوونی و هەژاری و بێكەسی چەشت. هەر وەك خۆی دەڵێ هونەر بۆ ئەو هیچی نەكرد و هیچ بەهرەیەكی نەبوو. سەرەڕای ئەمانەش هونەرمەندانی زۆر مەزن و دەستڕەنگین و خاوەن پێگە و جێگەی ئێرانی و كوردی كاری موزیكژەنیان بۆ كردووە، حوسێن یاحەقی، جەلیلی شەهناز، جەهانگیر مەلەك و ئەحمەدی عیبادی و لەناو كوردەكانیشدا موجتەبا میرزادە و محەمەد عەبدولسەمەدی و ئەكبەر ئیزەدی و زۆر كەسی دیكە.

حەسەن زیرەك سەرەڕای نەخوێندەواری، بەڵام زۆربەی شیعرەكانی هەژار موكریانی و هێمن موكریانی و سەید كامیلی ئیمامی و وەفایی و هەردی و پیرەمێرد و ... هتد كردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەك خاوەنی دوو كچە بە ناوەكانی مەهتاب و ئارەزووە كە له میدیای زەندین.

هەرچەند دەوترێت حەسەن زیرەك بە هۆی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام دكتۆر ئیبراهیم مەولود حەسەن لە كتێبی" ساواك بۆ چی حەسەن زیرەكی كوشت"؟ دەنووسێت كە ساواك حەسەن زیرەكی كوشتووەو ژەهرخواردووی كردووە.

حەسەن زیرەك ڕۆژی 26-6-1972 لە نەخۆشخانەی شاری بۆكان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە گۆرانی و موزیكی كوردی كرد و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی، لە داوێنی كێوی ناڵەشكێنە بەخاك سێپردراوە.

جەواد حەیدەری

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن