لەئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی تاوانێكی ئەنجامداو دەستگیركرا

هەمەڕەنگ

21/04/2022     ژمارەی بینراو 416

راچڵەكین –

پۆلیسی ئەمریكا دەستگیركردنی كچێكی راگەیاند كە تۆمەتبارە بە پێدانی ماددەی بێهۆشكەر بەو كەسانەی ئامادەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی ببوون.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "لاد بایبل"، بووكە تۆمەتبارەكە دوای ئەوەی ژمارەیەك هاوڕێ و كەسوكاری خۆی و دەستگیرانەكەی داوەتی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی دەكات، بۆئەوەی كەشێكی خۆش بە ئاهەنگەكە ببەخشێت، لەگەڵ رێكخەری ئاهەنگەكە رێكدەكەوێت بڕێكی ماددەی بێهۆشكەر لەجۆری ماریگوانا بخاتە ناو ئەو خواردنانەی كە لەئاهەنگەكە پێشكەشی میوانەكان دەكرێت.

هەرچەندە بووكەخانی تەمەن 42 ساڵ كە ناوی دانیا جیلینی-یە، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا رەتیكردەوە هیچ مەبەستێكی تاوانكاریی لەكارەكەی هەبووبێت و تەنها بۆ پێدانی كەشێكی خۆش بە ئاهەنگەكەی كردوویەتی، بەڵام دوای ئەوەی بەشێك لە میوانەكان بەهۆی خواردنی خۆراكە بێهۆشكەرەكە، باری تەندروستییان تێكدەچێت و هەندێكیان دووچاری رشانەوەو بوورانەوە دەبن، بووكەكە لەبەردەم پۆلیس وەك تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و بڕیاریشە سزای یاسایی وەربگرێت.

ماڵپەڕەكە، ئاماژەی بەوەكردووە رووداوەكە رۆژی 19ی شوباتی ئەمساڵ روویداوە، بەبێ ئەوەی شوێنی رووداوەكە ئاشكرا بكات، بەڵام پۆلیس رایگەیاندووە كە ئاهەنگەكە لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریی ئاسایی، گۆڕاوە بۆ ئاهەنگی سەرخۆشبوونی بەكۆمەڵ، ئەمەی بەهۆی كاریگەریی ئەو ماددە بێهۆشكەرەی كە بەبڕێكی زۆر خرابووە ناو خواردنی میوانەكانەوە.

یەكێك لە بەشداربووانی ئاهەنگەكە، بە كەناڵێكی ناوخۆی ئەمریكای راگەیاندووە، سەرەتا ئاهەنگەكە لە كەسێكی ئاسایی بەڕێوەدەچوو، هەموومان سەرقاڵی سەماكردن و خۆشی دەربڕین بووین، بەڵام لەناكاو هەستم بە گێژبوون كردو وام دەزانی هۆڵەكەو ئامادەبووانیش دەخولێنەوە، دواتر كەوتم بە زەویداو بوورامەوە.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن