زیاد جەبار: حکومەت و وەزارەتی دارایی لەم دۆخەی سلێمانی بەرپرسن

چاوپێکەوتن

28/04/2022     ژمارەی بینراو 428

راچڵەکین-

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، حکومەت سزای سلێمانی دەدات و ئەو دۆخەی ئێستاش لە شارەکە هەیە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسن.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" چەکێکی حه فتاو هەشت ملیار دینار کە هی مانگی شوباتی ئەمساڵە پارەی کارەبایە، دەبوایە بە کاش بدرایە بە بانکەکان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مەقاسەی کردووە تەنها ئەو وەرەقەیە لە بانکەکانی سلێمانیدایە لەبری ٧٨ ملیار دینار لە کاتێکدا پێویست بوو بە کاش و نەختینە بدرێتە بانکەکان بۆ ئەوەی مووچەی پێدابەشبکرێت".

دەشڵێت:"ئێمە دەمێکەیە داوامان کردووە کە ئەو مووچەیەی هاووڵاتییان لای حکومەت بکرێتە مەقاسە حکومەت، بۆ مووچەخۆر و هاووڵاتییان رازی نابێت، بەڵام ئەوەتا بە یەک جار ٧٨ ملیار دینار مەقاسە دەکات بۆ شەریکەیەکی دیکە، ئەبوایە ئەو شەریکەیە بە پارەی کاش بیداتە بانکەکانی سلێمانی بەڵام ئەو چەکە دەبێت حکومەت روونکردنەوەی لەسەر بدات قەرزی چی بەو چەکە تەسفیە کردووە".

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، راشیگەیاند، ئەو کاتە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئابوری لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١ بڕیاردرا کە لە پارەی داهاتی سلێمانی بەشێکی مووچە دابینبکرێت، ئەوە خراپترین بڕیار بوو بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی ، راستە رەنگە بۆ ئەو کاتە کە نرخی نەوت نزم بووە حکومەت نەیتوانیوە مووچە دابین بکات ئەو بڕیارە راست بووبێت، بەڵام ئێستا نرخی نەوت لە بەرزیدایە پێویستە ئەو بڕیارە رابگیرێت، بۆیە لەو کاتەوە تا ئێستا مانگ بە مانگ کورتهێنان دروستبووە و تا کار گەیشتووەتە ئەوەی کە ئێستا کورتهێنانی زۆر لە وەزارەتی دارایی هەیە و ئەم کێشانە دروست بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی پێکهێناوە وردبینی لەو ژمارانەدا کردووە کە داهات لە سلێمانی چۆنە و چۆن کۆدەکرێتەوە ئەوەی بۆ روون بووەتەوە، ئیتر ئەوەی کە دەڵێن داهات ناگەرێتەوە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە قسەیەکی زۆر نازانستیانەیە کە دەکرێت، لەبەر ئەوە  وەزارەتی دارایی  و ئەنجوومەنی وەزیران و حکومەت لەم دۆخە بەرپرسن کە پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی خەڵک.  چونکە ئیستا نرخی نەوت بەرزە پارەی نەوت کە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشی مووچە دەکات بەزیادیشەوە.

"ئێستا داهاتی نەوت لەسەدا ٥٩ی دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان و خەرجیییەکانی کە ئێمە تێبینییەکی یەکجار زۆرمان لەسەر ئەو بابەتە هەیە و گەندەڵی و بەهەدەردانی زۆری تێدا دەکرێت ئەو لەسەدا ٤١ی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت دەتوانێت بەبێ داهاتی ناوخۆی مووچەی پێ دابین بکرێت، لەبەر ئەوە ئەبێ بە زووترین کات ئەنجوومەنی وەزیران ئەگەر خۆی بە خەمخۆری هەرێمی کوردستان دەزانێت ئەو بریارە بدات کە لە کۆتایی ٢٠٢١ بەڵینیان پێداین کە لەسەدا ١٠٠ی داهاتی نەوت بۆ مووچە دەبێت، ئێستا داهاتی نەوت بەشی مووچە دەکات بۆئەوەی کێشەی دروست نەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆیە کە مووچە نادرێت و پاشەکەوت دەکرێت حکومەتی لێی بەرپرسە". زیاد جەبار وا دەڵێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن