سێ سەركردەی داعش لە بەغدا دەستگیركران

عێراق

08/05/2022     ژمارەی بینراو 267

وێنە.. ئەرشیف

راچڵەكین –

وەزارەتی بەرگری عیراق، دەستگیركردنی سێ سەركردەی گەورەی داعشی لەناو شاری بەغدا راگەیاند، كە دەستیان هەبووە لە كردەوە تیرۆریستییەكانی ناو عیراق و سوریا.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی بەرگری عیراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لە پرۆسەیەكی نهێنیدا كە بە هاوبەشی لەنێوان هێزەكانی دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی بەرگری، لەناو شاری بەغدا ئەنجامدرا، توانرا سێ سەركردەی گروپی تیرۆریستی داعش دەستگیر بكرێن.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو سێ سەركردەیەی داعش كە بە (ئەبو شەهد، ئەبو سارە، ئەبو یەعقوب) ناسراون، دەستیان هەبووە لەچەندین كردەوەی تیرۆرستی كە لەنێوان ساڵانی 2014 - 2017 لەناوچە جیاجیاكانی عیراق و سوریا ئەنجام دراون و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی بەبێ ئاشكراكردنی ناوی راستەقینەی ئەو سێ سەركردەیەی داعش، ئاماژەی بەوەكردووە كە تیرۆریستێكی دەستگیركراوی داعش، شوێنی خۆحەشاردانی ئەو سێ سەركردەیەی بۆ هێزەكانی عیراق ئاشكراكردووەو لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە، لەناوچەیەكی ناو شاری بەغدا دەستگیركراون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن