ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا داوای لێكۆڵینەوە لە كوشتنی شیرین ئەبو عاقلە دەكەن

جیهان

11/05/2022     ژمارەی بینراو 180

راچڵەكین –

هەریەك لە ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا، سەركۆنەی كوشتنی شیرین ئەبو عاقلە پەیامنێری كەناڵی جەزیرە لە قودس دەكەن و داواش لە دەسەڵاـدارانی ئیسرائیل دەدەن، لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە رووداوەكە بكەن و ئەنجامدەرانیش رووبەڕووی دادگا بكەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە راگەیەندراوێكدا، بەتوندی سەركۆنەی كوشتنی شیرین ئەبو عاقلەی كرد، كە ئەمڕۆ 11-5-2022، لەكاتی رووماڵكردنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان هێزەكانی ئیسرائیل و فەڵەستییەكان لە كەمپی جنین لە كەرتی رۆژئاوا، بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە كوژرا.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە، داوا دەكەین لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە هۆكاری كوژرانی ئەو پەیامنێرە بكرێت و ئەنجامدەرانیش رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

هاوكات، یەكێتی ئەوروپا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بە كوژرانی شیرین ئەبو عاقلە، داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل كرد، بكوژانی ئەو پەیامنێرە بەزووترین كات دەستگیر بكەن و رادەستی دادگایان بكەن.

پیتەر ستانۆ، وتەبێژی سلكی دیپلۆماسیی یەكێتی ئەوروپا، لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، گرنگە لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانەو گشتگیر بكرێت و بەزووترین كاتیش وردەكاریی رووداوەكە ئاشكرا بكرێت و نابێ ئەنجامدەرانی تاوانەكە لە سزا دەربازیان ببێت.

هەرچەندە دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیلی بە كوشتنی شیرین ئەبو عاقلە تۆمەتبار كرد، بەڵام نافتالی بێنێت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەو تۆمەتەی رەتكدرەوەو رایگەیاند كە پێدەچێت چەكدارە فەڵەستینییەكان بەرپرس بن لەو رووداوە.

نافتالی بێنێت، لە راگەیەندراوێكدا كە نووسینگەكەی بڵاویكردووەتەوە، باس لە كوژرانی رۆژنامەنووس و پەیامنێری كەناڵی جەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە دەكات، كە لە بارگرژییەكانی ئەمڕۆی " جنین" دا بەفیشەك پێكراو گیانی لەدەستدا. 

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كۆیانكردووەتەوە، پێدەچێت چەكدارە فەڵەستینییەكان بەرپرس بن لە كوژرانی رۆژنامەنووسەكە، كە لەو كاتەدا بەبێ جیاكاری تەقەیان دەكرد.

بەگوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوكراونەتەوە، شیرین ئەبو عاقلە فیشەكێك بەر سەری كەوتووەو بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن