رووسیا دوایین دەرفەت بۆ خۆبەدەستەوەدانی چەكدارانی ئۆكراینی لە ئازۆفستال دەدات

جیهان

13/05/2022     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین –

حكومەتی رووسیا دوایین دەرفەت بەو چەكدارانەی ئۆكراینا دەدات كە لە كارگەی ئازۆفسال لە ماریۆپۆل گەمارۆدراون، راشیدەگەیەنێت دانانی چەكەكانیان تاكە مەرجی ئازادبوونیانە.
دیمیتری بیسكۆف، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا (كرملین)، رایگەیاند: چەكدارە گەمارۆدراوەكانی ئۆكراینا دەتوانن كارگەی ئازۆفستال جێبهێڵن، بەو مەرجەی چەكەكانیان دابنێن و وەك هاووڵاتییەكی مەدەنی بگەڕێنەوە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆكراینا.

وتیشی:" مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم گەمارۆدراوەكانی ناو كارگەی ئازۆفستال لە ماریۆپۆل، بەو شێوەیە دەبێت كە سەرۆك ڤلادیمێر پوتین بڕیاری لێداوە، وەك چۆن بەڵێنەكانمان لەبارەی چوونە دەرەوەی مەدەنییەكان بردەسەرو سەرجەمیان گەڕانەوە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆكراینا، بەهەمان شێوەش رێگە بە چوونە دەرەوەی چەكدارەكانی ئەو وڵاتە دەدەین، بەو مەرجەی چەكەكانیان دابنێن".

كارگەی ئازۆفستال، كە وەك تاكە پێگەی هێزەكانی ئۆكراینا لەشاری ماریۆپۆل-ی باشووری ئەو وڵاتە ماوە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن هێزەكانی رووسیاوە گەمارۆدراوە، دوای ئەوەی رۆژی 7ی ئەم مانگە، تەواوی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لەناو كارگەكە مابوونەوە، بەهاوكاری خاچی سووری نێودەوڵەتی، دەربازكران و رەوانەی ناوچە ئارامەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆكراینا كرانەوە، تائێستاش بەپێی ئامارەكان، نزیكەی دوو هەزار چەكداری ئۆكرانی لەناو كارگەكە ماونەتەوە، كە رووسیا گومان دەكات ژمارەیەكی زۆر چەكداری بیانی و ئەفسەری هێزەكانی ناتۆ لەناو كارگەكەدا بن.

پێشتریش سوپای رووسیا رایگەیاندبوو، مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ ئەو چەكدارە بیانییانە دەكەن كە لەپاڵ هێزەكانی ئۆكراینا شەڕی رووسیا دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن