ئەمریكا داوایەكی بەپەلە ئاراستەی رووسیا دەكات

جیهان

13/05/2022     ژمارەی بینراو 337

ڵۆید ئۆست وەزیری بەرگری ئەمریكا و سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری رووسیا

راچڵەكین –

بۆیەكەم جار لەوەتەی هێرشە سەربازییەكەی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا دەستی پێكردووە، وەزیری بەرگریی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا رووسییەكەی ئەنجامداو داوای لێكرد دەستبەجێ بڕیاری ئاگربەست لە ئۆكراینا رابگەیەنن.

میدیاكانی روسیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی، ڵۆید ئۆست، وەزیری بەرگری ئەمریكا، بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا كردو گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێكی پەیوەست بە ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و سەقامگیری ستراتیجی كرد.

تەوەرێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان وەزیرانی بەرگری ئەمریكاو رووسیا، تایبەت بوو بە دۆخی ئۆكراینا، ڵۆید ئۆستن داوای هاوتا رووسیەكەی كرد، دەستبەجێ بڕیاری ئاگربەست لە ئۆكراینا رابگەیەنن و كۆتایی بە هێرشە سەربازییەكانیان لەو وڵاتە بهێنن، بۆئەوەی دەرفەت لەبەردەم گفتوگۆیەكی هەمەلایەنە بڕەخسێت بەئامانجی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان.

هاوكات، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ئاشكرایكرد، ئامانج لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ڵۆید ئۆستن و سێرگی شویگۆ، هەوڵدان بوو بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی سەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان.

لەدوای دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكانی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا لە 24ی شوباتی ئەمساڵ، ئەمە یەكەم پەیوەندی راگەیەنراوی نێوان رووسیاو ئەمریكایە، كە واشنتۆن وێڕای سەپاندنی چەندین سزای جۆراوجۆر بەسەر مۆسكۆ، بە ئاشكرا پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆكراینا راگەیاندووەو تائێستاش بە بڕی چەندین ملیار دۆلار هاوكاری مرۆیی و سەربازیی پێشكەشی حكومەتی كیێڤ كردووە بۆئەوەی برەنگاری سوپای رووسیا ببێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن