سكاڵای یاسایی لەدژی محەمەد حەلبوسی تۆمار دەكرێت

عێراق

14/05/2022     ژمارەی بینراو 196

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

راچڵەكین –

پەرلەمانتارێكی عیراق لەكاردانەوەی بێبەشكردنی لە ئەندامیەتی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، بڕیاریدا لەدادگای فیدراڵی سكاڵا لەدژی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمار بكات.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دوای ئەوەی لەلایەن محەمەد حەلبوسییەوە لە ئەندامیەتی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان بێبەشكرا، رایگەیاند: لەسەر ئەو كارە نادەستورییەی سەرۆكی پەرلەمان، سبەی لە دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەم.

ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەڵسوكەوت و بڕیارەكانی حەلبوسی، نایاسایی و نادەستوریین، پەنابردنیشم بۆ دادگای باڵای فیدراڵی، بۆ وەرگرتنەوەی مافە دەستورییەكانمە وەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، بڕیارێكی لەدژی باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ خستە دەنگدانەوەو پەسەندكرا، بەپێی بڕیارەكەش، ئەو پەرلەمانتارە لە ئەندتامیەتی لیژنە هەمیشەییەكان بێبەش دەكرێت و رێگەشی پێنادرێت لەم وەرزەی ئێستای یاسادانان، رێگەی پێنادرێت هیچ موداخەلەیەك بكات.

هەرچەندە وابڵاوكرایەوە كە بڕیارەكەی حەلبوسی لەدژی پەرلەمانتارەكە، بەهۆی دەنگبەرزكردنەوەی بوو بەڕووی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، ناكۆكی و ململانێی قووڵ لەنێوان حەلبوسی و خەشان هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانتارەكە سكاڵای یاسایی لەدژی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان تۆماركردبوو، كە رێكارە یاساییەكانی تێدا رەچاو نەكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن