نرخی كارەبای موەلیدە دیاریی كرا

ئابوری

01/04/2024     ژمارەی بینراو 336


راچڵەكین- 
بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی، كرێی موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی رابردوو رادەگەیەنێت و گۆڕانكاریش لە خشتەی كارەبای مانگی نیساندا دەكات. 

بەپێی راگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاوكرایەوە"لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان كۆبوونەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەكاندا نرخی هەر كاتژمێرێك بۆ ئەمپێرێك 40 دینارە،‌ بەمەش نرخی یەك ئەمپێر لە ناو شاری سلێمانی لەنێوان 13.000 بۆ 14.000 دیناردایە". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"هەندێك شوێن بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكانیان لە 7ی بەیانی بۆ 1ی شەوە، نرخی ئەمپێریان 15.500 بۆ 17.000  دینارە و ئەو موەلیدانەش كە كاركردنیان 24 كاتژمێرییە نرخی ئەمپێریان 19:500 دینارە". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، بەرنامەی كاركردنی موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی نیسان دیاریی كردووە كە بەم شێوەیە دەبێت:

– لەمڕۆوە تا یەكەم ڕۆژی جەژن ڕۆژانە لە كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ تا 5:00ی بەرەبەیان كاردەكەن.

– ڕۆژانی جەژن كاركردنیان 24 كاتژمێری دەبێت و هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە كارەبا بدەن بە هاوڵاتییان.

– دوای جەژن تا كۆتایی مانگی نیسان ڕۆژانە لە كاتژمێر 12:00ی پاشنیوەڕۆ تا 1:00ی شەو كار دەكەن، بەیانیانیش لەكاتژمێر 6:30 تا 8:00 ی بەیانی كاردەكەن، بەڵام ڕۆژانی هەینی و شەممان بەیانیان كارناكەن لە بری ئەوە كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ كاردەكەن.

لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان، لەكۆنووسەكەیدا بەپێویستی دەزانێت لەكاتی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتمانی، كارپێكردنی موەلیدە و پێدانی كارەبا بەهاووڵاتییان لە 10 خولەك زیاتر نەخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەكە سزا دەدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن