بلینكن داوایەكی بەپەلە ئاڕاستەی سوودانی دەكات

عێراق

04/08/2024     ژمارەی بینراو 1416

راچڵەكین -

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە دەكات و داوای لێدەکات رۆڵی خۆی ببینێت لە سەقامگیركردنی دۆخی ناوچەكەو رێگری بكات لە پەرەسەندنی بارودۆخەكە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردوە، ئەمڕۆ یەكشەممە محەمەد شیاع سوودانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنیۆ بلینكن، وزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشت و دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی ناچەكەو نێودەوڵەتییان تاووتوێكردو باسیان لە رۆڵی عیراق كرد لە پاڵپشتیكردنی ئاشتی و سەقامگیری.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عیراق بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكای راگەیاند كە بەرگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخی ناوچەكە، تەنها پەیوەستە بە راگرتنی شەڕی غەززەو رێگری لە فراوانبوونی بۆ لوبنان و رێگەنەدان بە حكومەتی ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر وڵاتانی ناوچەكە.

لە بەرامبەردا ئەنتۆنی بلینكن بە سوودانی راگەیاندووە كە ئەمریكا خوازیارە عیراق رۆڵ ببینێت لە كۆنترۆڵكردنی دۆخی ناوچەكەو هەوڵی رێگری لەهەر جۆرە پەرەسەندنێك بدات، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی عیراق بۆ سەقامگیری ناوچەكەو ئاشتی هەرێمایەتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن