راچڵەكین -
وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر لەسێدارەدانی هاووڵاتییەكی بەرەگەز ئەڵمانی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، حكومەتی بەرلین بڕیاریدا بە داخستنی كونسوڵخانەكانی ئێران لە وڵاتەكەی.
میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە، حكومەتی بەرلین بڕیاریدا بە داخستنی كونسوڵخانەكانی ئێران لە شارەكانی فرانكفۆرت، میونشن و هامبۆرگ.
بڕیارەكە وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییەكی بەڕەچەڵەك ئێرانی بەناوی جەمشید شارمەهد لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە، كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێكدا جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی جگە لە داخستنی كونسوڵخانەكانی ئێران لە وڵاتەكەی و بانگهێشتكردنەوەی باڵیۆزەكەی لە تاران، هاوكات لەسەر ئاستی یەكێتی ئەوروپاش هەوڵی سەپاندنی سزا بەسەر هەموو ئەو كەسانەدا دەدات كە دەستیان هەبووە لە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر جەمشید شارمەهد.
جەمشید شارمەهد-ی بەڕەچەڵەك ئێران و بە رەگەز ئەڵمانی، كە ماوەی ساڵێكە لە ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، رۆژی دووشەممەی رابردوو سزاكەی بەسەردا جێبەجێكرا، حكومەتی ئەڵمانیاو كەسوكارەكەشی سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە كە دادگاكانی ئێران ئاڕاستەی شارمەهد-یان كردبوو بەهۆیەوە دەستگیركرابوو.