هۆكار و نیشانه‌كانی سڕبوونی پەنجەکانی دەست و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

20/05/2020     ژمارەی بینراو 10415

سڕبوونی پەنجەکانی دەست

ڕاچڵه‌كین-
بریتییە لە سڕبوون و ئازاری پەنجەکانی دەست جگە لە پەنجەی بچووک و نیوەی پەنجەی ئەلقە، لە ئەنجامی بوونی پەستان لە سەر دەماری ناوەڕاست ، بە تایبەتی کە بە ناو تونێلی مەچەک تێپەڕ دەبێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر دێدەوان نامق، پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان باس له‌ هۆكار و نیشانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌كات.


- لە %1 تا %10 خەڵک تووش دەبن.

- تونێلی مەچەک دەکەوێتە بەشی پێشەوەی ئێسکەکانی مەچەک، نۆ ماسولکە ژێ و دەماری ناوەڕاستی پێدا پێپەڕ دەبێت.

- پەستانی سەر دەماری ناوەڕاست بە یەکێک لە باوترین نەخۆشی دەمارەکان دادەنرێت کە پێویستی بە چارەسەرە.

هۆکارەکانی:
تا ئێستا هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام ئەم کەسانەی خوارەوە زیاتر تووش دەبن.
1- ئافرەت زیاتر لە پیاو.
2-قەڵەوەکان
3-ئافرەتی دووگیان
4- نەخۆشی ڕۆماتیزم
5-تەمەڵی ڕژێنی دەرەقی
6- بە تەمەندا چوون
7-پەککەوتنی گورچیلە
8- ئەو ئیشانەی جوولەی دەستی زۆرە
9-خواردنەوەی کحول و جگەرەکێشان.
10- نەخۆشی شەکرە.

نیشانەکانی:
-ئازار و سڕبوونی پەنجەکانی دەست جگە لە پەنجەی بچووک نیوەی پەنجی ئەڵقه‌، زۆر جار نەخۆش بە خۆی هێلکاری ئەو پەنجانە دەکات کە تووشی سڕبوون دەبن.
-ئازارو سڕبوونی پەنجەکان لە شەودا، بەتایبەتی زۆر جار نەخۆش لە خەو هەڵدەستێنێ.
-بێهێزی دەست لە کاتی ئیشی ڕۆژانە، نەتوانینی جێبەجێکردنی کاری ڕۆژانە.

دەستنیشانکردنی:
بە ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی نۆرینگەیی تایبەت لە لایەن پزیشکی پسپۆڕ بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی پەستان لەسەر دەماری ناوەڕاست.ئەویش بە نوشتانەوەی جومگەی مەچەک یان دانانی پەستان لە سەر تونێلی مەچەک بۆ یەک خولەک.

*بێهێزی و لاوازبوونی ماسولکەکانی دەست بە تایبەت پەنجەی گەورە.

*ئەنجامدانی پشکنینی هێڵکاری دەمار و ماسولكەكان کە یارمەتی پشکنینی نۆرینگەیی دەدات بۆ دەستنیشانکردن.

*پێویستی بە تیشکی (x-ray) نییە.


ئەم نەخۆشانی خوارەوە داهاتووی باشتریان هەیە پاش نەشتەرگەری ئەگەر:
1-لە شەودا لەبەر ئازاری دەست و پەنجەکانی لە خەو هەڵبستێ.
2- سوود بینین لە پاش بەکارھێنانی دەرزی کۆرتیزۆن.
3-برینی بچووکی نەشتەرگەری.

چارەسەری:
بەبێ نەشتەرگەری
1- بەکارھێنانی حەبی دژە ئازار بۆ ماوەی دوو هەفتە تا مانگێک
2-دانانی قالبی مەچەک لە شەودا بە تایبەتی ئەوانەی ئازاری شەوانەیان هەیە.
3-گۆڕینی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەو کەمکردنەوەی چاڵاکیەکانی دەست.
4-زۆربەی ئافرەتانی دووگیان لە دوای تەواوبوونی ماوەی دووگیانی ، ئازار و سڕبوونی نامێنێ.

بە نەشتەرگەری:
ئەگەر نەخۆش سوودی لە چارەسەری بێ نەشتەرگەری وەرنەگرت، ئەوا پێویستە تونێڵی مەچەک بکرێتەوە بە نەشتەرگەری و پەستان لەسەر دەماری ناوەڕاست نەهێڵین.

لە پاش نەشتەرگەری، نەخۆش پێویستی بە شەش هەفتە تا سێ مانگ هەیە تا ئیش و فەرمانی پەنجەکانی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن