هەرێم ژووری عەمەلیات بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكدەهێنێت

تەندروستی

18/02/2020     ژمارەی بینراو 459

بودجەكەی هەرێم بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دیارینەكراوە

راچڵەكین

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، ژووری عەمەلیات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكدەهێنێت، وتەبێژی وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت: لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بودجەیەك بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە تەرخانكردووە، بەڵام بڕەكەی دیاری نەكراوە.

د. محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاند "مەسرور بارزانی بودجەیەكی دیاریركراوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكرد، هەرچەندە جارێ بڕەكەی دیاری نەكراوە، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەیە لە هەموو رووێكەوە".

وتیشی: ژوورێكی عەمەلیاتمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە دروستكردووە، لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكانیش ژووری عەمەلیات دروستكراوەو هەر شتێك پێویست بكات، بە نووسراو لە رێگەی وەزارەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزی دەكەینەوە بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە.

پێكهێنانی ژووری عەمەلیاتەكە، لەكاتێكدایە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە دوێنێ 17-2-2020 بەڕێوەچوو، رایگەیاند "هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن