مامۆستایەك لەكەركوك بەكەلەپچە كراوی ماڵئاوایی لە هاوسەرە كۆچكردووەكەی دەكات

ڕاپۆرت

14/07/2020     ژمارەی بینراو 676

محەمەد بەدیار رتەرمی هاوسەرەكەیەوە

راچڵەكین-

مامۆستایەكی شاری كەركووك كە خۆی و هاوسەرەكەی تووشی كۆرۆنا بوون، دوای ئەوەی لەگەڵ كارمەندانی تەندروستیی تووشی دەمەقاڵێ دەبێت، لەلایەن پۆلیسەوە كەلەپچە دەكرێت و لە قەرەوێڵە دەیبەستنەوە و چركە بە چركە بینەری ساتی گیانلەدەستدانی هاوسەرەكەی دەبێت.

رووداوەكە شەوی یەكشەممە بووە، كاتیك یەكێك لە تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID – ١٩) بە ناوی محەمەد كەریم جەباری كە پیشەی مامۆستا بووە و خۆی و هاوسەرەكەی تووشی ڤایرۆسەكە بوون و لە نەخۆشخانەی كۆماری كەركووك لەژێر چاودێری پزیشكیدا بوون.

محەمەد كەریم فەقێ جەباری  تەمەن (43 ساڵ)، مامۆستایە و هاوسەرەكەی مونا ئیسماعیل (44 ساڵ)، فەرمانبەری كۆمپانیای گازی باكورە، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەكانی یوسف (12 ساڵ) و ئالان (10 ساڵ).

بەپێی زانیارییەكان مامۆستا محەمەد كاتێك دەبینێت، هاوسەرەكەی دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە، خۆی بوتڵی ئۆكسیجن بۆ نەخۆشخانەكە دابین دەكات بۆ ئەوەی بۆ هاوسەرەكەی بەكاری بهێنن، بەڵام كارمەندانی نەخۆشخانەكە دەیانەوێت ئۆكسیجینەكە لێ بكەنەوە كە رووبەڕووی ناڕەزایەتی مامۆستا محەمەد دەبنەوە و دەمەقاڵی دروست دەبێت.

پۆلیسی كەركووك لە شوێنی رووداوەكە ئامادە دەبێت و بەتۆمەتی شكاندنی ئامێری ھەناسەدان دەیانەوێت دەستگیری بكەن، بەڵام بەھۆی دۆخی تەندروستییەوە دەستگیری ناكەن و كەلەپچەی دەكەن و لە قەرەویڵەی هاوسەرەكەی دەیبەستنەوە. دوای ماوەیەك لەو رووداوەش، هاوسەرەكەی مامۆستا محەمەد گیانی لەدەست دا.

زیاد جبوری، بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك، راگەیاند، رووداوەكە بەھۆ‌ی توڕەبوون و تێكچوونی دۆخی دەروونی یەكێك لە كەسوكاری نەخۆشێكی نێو نەخۆشخانەكە بووەو ئامێرێكی ھەناسەدانی شكاندووە كە نرخەكەی 50 هەزار دۆلار بووە و جەختی لەوە كردووەتە كە ھیچ كێشەیەك لە چۆنییەتی خزمەتكردنی كارمەندانی ئێمە بۆ نەخۆشەكان نەبووە.

بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كە دەستە كەلەپچەكراوەكەی مامۆستا محەمەدی تیادا دەردەكەوێت و لە پاڵ قەرەوێڵەی ھاوژینەكەیدا دانیشتووە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی ‌حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھێنایە سەر ھێڵ و دوای لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق تاوتوێی بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن