دواجار حكومه‌ت بڕیاره‌كه‌ ده‌دات

سەرتیپ وەسی


پێش 3 هەفتە

چۆن سێكته‌رى كاره‌با ده‌درێته‌ كه‌رتى تایبه‌ت ؟

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریداوه‌ به‌ ته‌واوى سێكته‌رى كاره‌با بدات به‌ كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌رێمى كوردستان بۆ سێ زۆن و ناوچه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌ر ناوچه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن كۆمپانیاییه‌كى كه‌رتى تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

جارێ دیار نییه‌ به‌ ته‌واوى ئه‌و كه‌رته‌ له‌ چ كاتێكدا به‌ته‌واوى ده‌درێته‌ كه‌رتى تایبه‌ت، به‌ڵام به‌پێى پلانى حكومه‌ت ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له‌ نێوان ( 6 مانگ بۆ ساڵێك ) ده‌خایه‌نێت. 

له‌ ئێستاشدا هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیاكانى ( ماس و قه‌یوان و كار گروپ) راسپێردراون، بۆئه‌وه‌ى دیراسه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن و پاشان له‌ رێگه‌ى تێبینى و پێشنیازه‌كانیان وه‌ڵامى حكومه‌ت بده‌نه‌وه‌ له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى كه‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵیان ئه‌نجامبدرێت.ئه‌و كۆمپانیانه‌ى به‌ نیازن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى راوێژكارى بیانى له‌ دیراسه‌كردندان. 

ئه‌گه‌رى زۆره‌ ئه‌و گڕێبه‌سته‌ى كه‌ له‌ نێوان حكومه‌ت و كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت ئه‌نجامبدرێت بۆ ماوه‌ى ده‌ ساڵ بێت، له‌و ماوه‌یه‌شدا كه‌رتى تایبه‌ت به‌رپرس ده‌بێت له‌ به‌رهه‌مهێنان و  گواستنه‌وه‌ و دابه‌شكردن و وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ هاوبه‌شانى كاره‌با.

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌و گڕیبه‌ستانه‌ى به‌نیازه‌ ئه‌نجامیبدات،  چه‌ند مه‌رجێكى پێشوه‌خته‌ى بۆ كۆمپانیاكان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش  بریتین له‌ :
* زۆرینه‌ى زۆری كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى كاره‌با كه‌ ژماره‌یان (16 هه‌زار 210 ) كارمه‌نده‌، له‌و كۆمپانیانه‌ له‌هه‌مان شوێنى خۆیان كاربكه‌ن، له‌ڕووى شیوازى كاركردن و موچه‌ و پله‌ى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ پێویستى به دانان و ده‌ركردنى‌ بڕیار و رێوشوێن و ورده‌كارى تایبه‌ته‌ له‌كاتى خۆیدا قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت.
وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌سه‌دا 70% ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌دات به‌ كه‌رتى تایبه‌ت، ره‌نگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌مێننه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تێكى بچووك چاودێرى پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

*سه‌رجه‌م كه‌ل و په‌ل و پێداویستى و ئامێره‌كانى به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردن و گواستنه‌وه‌ى  كاره‌با،  كه‌  بڕه‌كه‌ى به‌ زیاتر له‌ ( 9) ملیار دۆلار ده‌خه‌ملێندرێ و  مولكى حكومه‌ته‌ وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌توانن به‌كاریبهێنن بۆ ماوه‌ى ده‌ ساڵ له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێك له‌ داهاته‌كه‌ى ده‌ده‌نه‌ حكومه‌ت.
* نرخى ئه‌مپێرى كاره‌با به‌ پێى پێوه‌رى زیره‌ك ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و نرخه‌یه‌ كۆمپانیاكان دایده‌نێن هه‌رزانتر ده‌بێت له‌و نرخه‌كه‌ى كه‌ مانگانه‌ هاوبه‌شێكى كاره‌با ( هاووڵاتى  و شوێنى بازرگانى و كشتوكاڵ )ى له‌ ئێستادا ده‌یده‌ن به‌ حكومه‌ت و خاوه‌ن مۆلیده‌كان. 

به‌پێى پێوه‌رى زیره‌ك هاوبه‌شانى كاره‌با تاوه‌كو به‌كارهێنانى 20 ئه‌مێپر  كاره‌با به‌ نرخێكى ئاسایى ده‌كڕن، به‌ڵام له‌و بڕه‌ زیاتر بێت نرخه‌كه‌ى بۆ دوو ئه‌وه‌نده‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌. پێویستیشه‌ كۆمپانیاكان له‌ دانانى نرخ ره‌چاوى پێوه‌ره‌كانى ‌ بانكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دانانى نرخ بكه‌ن.

*له‌سه‌ر كه‌رتى تایبه‌ته‌ بۆماوه‌ى 24 كاتژمێر كاره‌با به‌ هاوبه‌شان بدات، تێچووى سه‌رجه‌م و چاكردنه‌وه‌ و (صیانه‌)‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ ئه‌ستۆى كۆمپانیاكاندا ده‌بێت.
*پێویسته‌ له‌سه‌ر كۆمپانیاكان تێچووى دانانى ئامێرى ( پێوه‌رى زیره‌ك) له‌ ئه‌ستۆبگرن، بۆ ئه‌و  شوێنانه‌ى كه‌ تاوه‌كو ئێستا‌ دانه‌نراون.

*كۆمپانیاكان خۆیان به‌رپرسن له‌ وه‌رگرتنى پاره‌ى كاره‌باى هاوبه‌شانى كاره‌با. پێویسته‌ ئالیه‌ت و میكانیزمێكى تایبه‌تیش بدۆزرێته‌وه‌‌ به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزى كاره‌باى حكومه‌ت لاى هاوبه‌شان و به‌شداربووان،  كه‌ بڕه‌كه‌ى به‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌ملێندرێت.

* كۆمپانیاكان به‌رپرسن له‌ دانانى وێستگەكانی گۆڕینی كارەبا نوێ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ وه‌كو پێویست ڤۆڵتێیه‌ى پێویستیان ناگاتێ.
بۆچوونى تۆ له‌ باره‌ى به‌ تایبه‌تكردنى كه‌رتى تایبه‌ت چییه‌ ؟!