بایـدن و كـورد!

كاروخ خۆشناو


07/11/2020

بایـدن و كـورد!

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بێت، دەتوانین بڵێین (جۆ بایدن) سەرۆكی ژمارە (46)ی ئەمریكایە، بابزانین (جۆ بایدن) كێیە؟
(جۆ بایدن) ناوی تەواوی (جۆزیف رۆبینێت بایدن جۆنیۆر)ە پارتی دیموكرات و ركابەری سەرسەختی (دۆناڵد ترەمپ) بوو بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە لە رۆژی سێ شەممە رێككەوتی (3/11/2020) بەڕێوەچوو، بایدن لە رێكەوتی (1942/11/20) لە شاری سكڕانتنی ویلایەتی پێنسلڤانیا لەدایك بووە، من چوار ساڵ لە شاری سكڕانتن ژیاوم و خوێندنی ماستەرم لە (زانكۆی مێری وود)ی ئەم شارەدا تەواو كردووە، زۆرینەی رەهای خەڵكی سكڕانتن (جۆ بایدن)یان خۆش دەوێت و لە هەر كەسێكیان بپرسیت باس لە زیرەكی و مرۆڤدۆستی و لیبڕاڵی و ئازادیخوازی ئەوت بۆ دەكەن، بایدن دكتۆرای لە یاسادا هەیە و ماوەی (47) ساڵ خزمەتی سێكتەری گشتی ئەمەریكای كردووە، بەجۆرێك بۆ ماوەی (36) ساڵ سیناتۆر بووە بۆ ویلایەتی دیڵاوەر، هەروەها ماوەی (8) ساڵیش جێگری سەرۆك باراك ئۆباما بووە، جۆ بایدن لە ئێستادا تەمەنی (77) ساڵە و ئەگەر بتوانێت لەم هەڵبژارنەدا سەركەوتن بەدەست بێنێت و دۆناڵد ترەمپ ببەزێنێت، ئەوا دەبێتە (46)مین سەرۆكی ئەمەریكا و  بەتەمەنترین سەرۆكی هەڵبژێردراو لە مێژووی كۆشكی سپی ئەمەریكادا.

(جۆ بایدن) شارەزاترین كارەكتەری سیاسی ئەمەریكایە بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دۆزی كورد بەتایبەتی، بایدن ماوەیەكی زۆر بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەتی پیران (سێنات) بووە، جگە لەوەی لە سەردەمی ئۆبامادا بۆ دوو خول جێگری سەرۆك و بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە كۆشكی سپی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (24) جار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و كوردستانی كردووە (چ وەك سیناتۆر یان وەك جێگری سەرۆك)، جۆ بایدن یەكێك بووە لە سیناتۆرە دەگمەنەكانی پارتی دیموكرات كە پشتگیری (بۆشی كوڕ)ی كرد بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (2003) هەروەها خاوەنی پڕۆژەی دابەشكردنی عێراقە بۆ سێ هەرێم و یەكێك لە هەڵوێستە مێژوویەكانی (بایدن) بەرامبەر بەكورد ئەوكاتە بوو كە گوتی "بەتەنها شاخەكان هاوڕێی كورد نین بەڵكو ئێمەش هاوڕێی كوردین".

ئەمڕۆ زیاتر لە ساڵێك تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە، ئەویش دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی نێوان (ترەمپ و ئەردۆغان) بوو كاتێك ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵكرد تاكو پڕۆسەی داگیركارییەكە ئەنجام بدات، بەڵام ئەم هەڵوێستەی ترەمپ هەردوو پارتەكەی ئەمەریكا و كۆنگرێس و میدیا و شەقامی ئەمەریكای تووڕە كرد و ئەم هەڵوێستەی ترەمپ شەرمەزاركرا، لەبەرامبەردا جۆ بایدن گوتی "ئێمە هەرگیز وەك ترەمپ پشت لەكورد ناكەین".

هەڵـبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بۆ ئێمە و زۆربەی وڵاتانی جیهان چارەنوسسازە، بە جۆرێك پاڵپشتی زلهێزەكانی دابەش كردووە بەسەر كاندیدەكان (ڕوسیا و توركیا) كاریان بۆ دەرچوونەوەی ترەمپ دەكرد، لە بەرامبەردا (چین و ئێران) كاریان بۆ سەركەوتنی جۆ بایدن دەكرد، ئەم گرنگی پێدان و دابەش بوونە بەهۆی گرنگی پێگەی سەرۆكی ئەمەریكایە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا، چونكە بە گوێرەی ماددەی دووی دەستوری ئەمەریكا (سنوری دەسەڵاتی سەرۆك) زۆر فراوانە، واتە بە گۆڕانی سەرۆك سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكاش دەگۆڕێت، چونكە سەرۆك دەسەڵاتی ڕەهای ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی دەرەوەی هەیە، بۆیە چاوەڕواندەكرێت بە گۆڕانی سەرۆكی ئەمەریكا هاوكێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەیە بگۆڕێت، بەتایبەت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێك ئەگەر (بایدن و دیموكراتەكان) سەر بكەون ئەوا چاوەڕواندەكرێت ئێران گەشە بكات و رێككەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبكرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەكرێت توركیا پاشەكشە بكات، چونكە پەلكێشیەكانی توركیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی كوردستان) بایدنی تەواو نیگەران كردووە، وەك لە چاوپێكەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورك تایمز New York Times)دا رایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆكی ئەمەریكا، هاوكاری ئۆپۆزیسیونی توركیا دەكەم بۆ رووخاندنی دیكتاتۆر ئەردۆغان"

لە ئێستاشدا كە جۆ بایدن بەرەو كۆشكی سپی بەڕێوەیە، گومان لەوەدا نییە بە چوونی بایدن هاوكێشەكانی ناوچەكەی ئێمەش دەگۆڕێن، ئەو هەژمون و پەلهاویشتنانەی توركیا بۆ باشور و رۆژئاوای كوردستان و بۆ لیبیا و دەستوەردانەكانی لە شەڕی جۆرجیا و ئەرمینیا و هەڕەشەكانی بۆ ئەوروپا و دەرودراوسێكانی، بەهۆی پەیوەندییە كەسییەكانی نێوان ئەردۆگان و ترامپەوە بوو، چاوپۆشی ئەمریكا لە شەڕفرۆشتنەكانی توركیا لەبەر بڕیارە تاكڕەوییەكانی ترامپ بوو، بە هاتنی بایدن زۆرشت پێچەوانە دەبنەوە. 
ئەو گوشارانەی ئەمریكا لەسەر ئێران رەنگە ئاقارێكی تر بگرن و ئێران بە هێزێكی كاریگەرترەوە بهێننەوە ناو هاوكێشەكان، پێویستە ئەمانە لەبەرچاو بگیرێن و چاوەڕێ بكەین، رەنگە زۆر رووداو بە قازانجی كورد وەربچەرخێن.

شایەنی باسە دوای رێكەوتنی (سایكس بیكۆ) لە ساڵی (1916) خاكی كوردستان دابەشكرا بەسەر هەرچوار وڵاتی (عێراق-ئێران-توركیا-سوریا)، تاكو ئێستاش ئەمەریكا لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە داگیركەرانەدا مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد دەكات، بۆیە ناتوانین بە ڕەهایی بڵێین (بایدن) بەیەك چاو سەیری دۆزی كورد دەكات لە هەرچوار پارچە، چونكە هەڵبژاردنی (بایدن) ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەكی كوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەكی تری كوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندی كوردانی باكوور و ڕۆژئاوایە كە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونكە (بایدن) دژی ئەردۆغانە، بەڵام لەبەرژەوەندی كوردانی رۆژهەڵات نییە كە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونكە ئەگەری هەیە بایدن سزاكان لەسەر ئێران هەڵگرێت و رێككەوتنی ئەتۆمی كارا بكاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە.

بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی كەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (ترەمپ) بەرامبەر بە دۆزی كورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (كۆمارییەكان) زیاتر لە (دیموكراتەكان) دۆستی كوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی كورد هەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە هەمیشە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا (پێودانگ و سەنگی مەحەك) بوون لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا.