بەموناسەبەی دارلمولكی بابانەوە

ڕێكەوت زەكی - ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی


15/11/2020

بەشەرمەزارییەوە لەبەر قاپی سەرادا!

سلێمانی بەھەموو تەئریخ و قوربانییەوە، بەسركی و یاخیبونەكەیەوە، بە دوو بەنداوی ئاوی و دوو مەرزی نێودەوڵەتی و دەیانی لاوەكییەوە، بەفڕۆكەخانەو خاكی بەپیت و ٨٠٠ ملم بارانی ساڵانەوە، بەیەدەگێكی گەورەی غازی سروشتی و كەرەستەو ژینگەی پیشەسازی و كارگەكانییەوە، بە دەیان ناوچەی گەشتوگوزاری و شوێنەواری دەگمەنەوە، بە یەكەم میدیای ئەھلی و كانگای ھونەرو ئەدەبییەوە، بە لەشكرێكی گەورە جوامێری مێژوویی وەك دەنكە مروارییەوە، بەھەزاران شەھیدو دەیان قەزاو ناحیەی تەختی زەوییەوە، بەحامیەی كۆن و ئەمنەسورەكەوە، بەگەنجی و ئازایی و ئازادیەكەیەوە،  شایەنی ئەم حوكم و حوكمەتەیە؟ شایەنی ئەم بێدەسەڵاتییە ئیداری و مالیەیە؟ بێگومان و بەدەنگی بەرز نەخێر..

ببورە سلێمانی شەرمەزارین لەزمانی درێژو دەستی كورتمان! ببورە سلێمانی لە سك ئێشەو ماڵی پڕ لەڕازیانەت، خۆ ھەموو كەس وەك گۆیژەو ئەزمڕ وەفادار نییە بەدیارتەوە تاسەر دانیشێت! من وەك نوێنەرێك شەرمەزارتم سلێمانی، شێركۆ لەكوێ بێنین ئەم ئازارەت بنوسێتەوەو بیكات بەقەسیدە..

لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی ھەولێرو سلێمانییەوە، بەھۆی سیاسەتی پشتگوێخستن و جیاوازی ڕێنمایی و نەبوونی سیستەمێكی دادوەرو سەرتاسەرییەوە، لاسەنگی زۆر لە پرۆژەكان و بودجەی بەردەستی فەرمانگەكان بەزەرەری سلێمانی دروستبوو، من و ھاوڕێیانم لەو لیژنەیەی بۆ ئامادەی پرۆژەی لامەركەزی دروستبوو سەدان نمونەمان لایە..

 ئێستاش سلێمانی شایستەی ئەوەیە كەخۆی خۆی بەڕێوە ببات، تێرە لەنازناوی مەعنەوی بێ كرۆك، ئەو جەدەلەی لەسەر مێژووی بنیاتنانەكەی دروستبووە نە گوڵێكی وشكبووی بۆ ئاوەدات و نە گەنجێكی دەخاتە سەركارو نە لەوەی كەھەیەتی زیاتری پێدەبەخشێت..

ببورە سلێمانی