لەیادی كۆچی دوایی باوكی ئازیزمدا

شوان كابان


15/01/2021

 

هەتا ئەو رۆژەی باوكم كۆچی كرد، بەداخەوە دەیانجار مراندیان، لەكاتێكدا ئەو پیاوە لەسەر ئێمەی خێزانەكەی هیچ زەحمەت و بارگرانییەكی نەبوو، چجای لەسەر خەڵكی تر. ئەو كاتەشی رۆیشت و بۆ هەتاهەتا جێی هیشتین ئەوسا هەموو زانیمان چەندە شوێنەكەی لەناخمانداو لەبەرچاومان بەتاڵە، بەتایبەتیش لای ئێمە. 
لای هونەرو هونەرمەندان، كەریم كابان كە بەبەرهەمە كەمەكانی ئایكۆنێكی دیاری موزیكی كوردی بوو، لەدەستچوو دەكرا بەرهەمی زۆری تری هەبێ، بەڵام مەخابن نەبوو، جێگاكەی بەتاڵ و بێ پڕكردنەوە دەمێنێ و سەدای ئاوازو گۆرانییەكانیشی تا هەتا هەتایە هەردەمێنێ. لای هاوەڵەكانی كە هەندێكیان ماون، هاوڕێ دڵسۆزەكەی جارانیان رۆیشت، كە گەر رۆژێكێش لەبەر هەر هۆیەك بووبێ نەیبینینایە ، دەبوو بەتەلەفۆن هەواڵی بپرسینایە. لای ئەوان جێگاكەی چۆڵەو تامەزرۆی قسەو نوكتەو پێكەنینیەكانین. بەندە ماوەیەك پاش كۆچی دوایی باوكم سەرێكی رەحمەتی كاك مستەفای رازاوەم دا لەدوكانەكەی لەشەقامی مەولەوی، پاش دانیشتن سەیرێكی كردم و بەحەسرەتەوە گوتی: بەخوا كاك شوان جێی باوكت زۆر چۆڵەو زۆریشی بیرئەكەم، حەیف بۆ كەریم كابان. 
لای ئێمەی خانەوادەو بنەماڵەكەی ماڵئاوایی ئەو بۆ ئێمە زۆر قورس بوو، ئەو وەك پەتی تەزبیح وابوو بۆ بنەماڵە، بەداخەوە كە پچرا، هەموو پەرتەوازە بووین، كەم جارو بەدەگمەن كۆدەبینەوە، شوێنەكەی زۆر خاڵییە، بۆشاییەكی گەورەی لەبەرچاوو ناخماندا دروستكردووە، نە راستەوخۆ نە بەتەلەفۆن گوێمان لەدەنگی نییەو ئەوە دیداریشی هەر هیچ. ئەگەر چی لەدوو ساڵی كۆتایی تەمەنیدا كەمتر دەدواو كەمتر دەمانبینی، بەڵام بۆ ئێمە هەر ئەو كۆڵەكە بەهێزە بوو كە تەلاری ژیانمانی راگرتبوو. بۆ منیش، هەمیشە لەیادو لەبەر چاومە، لەڕانییەوە كە تازە فامم كردبۆوە هەركاتێك نەخۆش بوومایە یان بێتاقەت بوومایە، بەدەنگی شمشاڵەكەی ئارامی دەكردمەوە، تا ساڵانی غەریبی و دەربەدەری نەفیی خوارووی عیراق كاتێك هەموو هەوڵێكی ئەوەبوو هەست بەغەریبی و تەنیایی نەكەین و بۆ ئەوەش هەموو هەفتەیەك دەیبردین بۆ سینەماو جارێكیش بۆ گەشت، من لەوەوە حەزم لەسینەماو فیلم كرد، تا جارێكی تر پەیوەندی كردن بەشۆڕشەوەو چاوەڕێی گەڕانەوەی مانگانەی لەسەركردایەتی كە دەترساین شەهید بێ، تا سەردانە پڕ مەترسییەكانی بۆ لای من لەكاتی پێشمەرگایەتیمدا، تا پاش راپەڕین و دڵخۆش بوونی رادەبەدەری بەڕزگاربوونی كوردستان، تا نەخۆشكەوتنی وردە وردە كزبوونی مۆمی تەمەنی. هەموو ئەمانە وەك فیلم بەبەرچاومدا تێدەپەڕن و رۆحم مانودو دەكەن. شەوان درەنگ، كاتێك دەورم چۆڵ دەبێ زۆرجار لەگەڵ ئەو وێنە گەورەیەی كاروانی مامە قادرم كێشاوێتی و لەیەكەم ساڵیادی كۆچی دواییدا بەدیاری بۆی هێناین و ئێستا لەژووری دانیشتنەكەمان بەرامبەر خۆمان هەڵمان واسیوە، ئەكەومە گفتوگۆو پرسیاری جارانی پڕ دەربەدەری و ئەم شارو ئەو شاری لێ دەكەم، پرسیاری ئیزگەی بەغداو تیپی مۆسیقای سلێمانی و ئاوازی تازەی لێدەكەم، هەواڵی مامە قادرو دایكمی لێ ئەپرسم! هەواڵی هاوڕێیانی و گەڕەك و جارانی شاری لێ دەپرسم! كەوەڵامم دەست ناكەوێ و بێ دەنگی دەمكۆژێ، خۆم ئەدەمە دەست رەحمەتی فرمێسك تا كەمێك رۆحم ئاسوودەبێ. چی بكەم بیرت دەكەم. یادت بەخێرو گۆڕت پڕ نور بێ.