چەند باسی بكەین ئەم خەمە كۆتایی نایەت ، ئەم پەژارەیە نابڕێتەوە. چونكە شریتەكە لێ نادەینەوە، چونكە كە لێشی دەدەینەوە لێی دەقرتێنین ، یان چاوی لێ دەنوقێنین و دواییش بۆی دەقوچێنین . ئێمە ھەمووجار خۆمان لە كۆی دیمەنەكە نەبان دەكەین . رۆژنامەكانمان ھەر ئەلبومی ناوەكانی خۆمان بەسەر دەكەنەوە و ھەر تەرمی شەھیدەكانی خۆمان دەنێژن و ھەر ئەلفابێتای سیانی خۆمان حونجە دەكەین و ھەر زامی سارێژنەبووی خۆمان دەلاوێنینەوە و ھەر زامی یەكتری دەكولێنینەوە.
قەت رۆژێك بەدیار كۆی دیمەنەكەوە ، كۆی لیستی شەھیدەكانەوە ڕانەماین و ڕانەچڵەكین و ڕانەوەستاین، بۆیە ھەر رانەبووینەوە و لەخەوی غەفلەت بە خەبەر نەھاتینەوە.
ئێمە دوای ئەنفالیش بەڵێنی رەنگاورەنگی ئاشتبوونەوەی گشتیمان دا ، دوای ھەڵەبجە و كۆڕەویش وتمان چاك و باش ، برای شیریین و گشتمان یەكین و لەكین. دوای بەرەی كوردستانیش بەڕەیەكمان لە شكستی دەیان ساڵە دادڕی و كراسی نەدامەتمان كردەبەر ، دوایی وتمان تەنھا و تەنھا جەولەیەكی كورتی براكوژییەو ئیتر خوشك و برا لە سایەی یەك ئازار و یەك ئازادی دەحەوێنەوە. كەچی گێمی خوێن زۆری خایاند و كاتی زیادەشی برد و ھەر ئەو كاتانە سەرخەوێكمان شكاند كە پشووی جەنگاوەر سەری كردە سەرمان. دوای ئەم شوباتەش خوێن و خوێ و فرمێسك وا تێكەڵ بوون كە خەریك بوو نوێژی جەماعەت و گۆڕی بەكۆمەڵ بمانگرێتە خۆ.
ئەم شوباتە خەم و پەژارەی بە بەرچاوی دونیاوەبوو كە ئیتر عەیببوو ئەم عاری پەرتی وكەرتییە بمێنێتەوەو چارەیەكی لێ نەكەین. دەبوو دوای ئەم جەژنە خوێناوییە كوردایەتی خۆی بچێتە چاكوخۆشی كوردەواری و نوقل و شیرینی دەسكەوتی بكردایەتە گیرفانی منداڵانی شەھید، كەچی وا نەبوو ، ئینی تاس ئینی حەمام بووە قەدەری دووبارە.
كێ لە شەھیدانی شوبات پێشبینی دەكرد دوای دوعاخوازیان دوو پارچە دەبێتە چەندی تر و یەكێتی ریزەكان دەبێتە كۆدی ھەژموونی نارەوا كە بەڵای سەری ئەزموونێكی جێی چاوەڕوانی سەد ساڵەیە ؟
كێ لە جوامێرەكانی شوباتی ئەو ساڵە وا دیموكراسییان شرۆڤە دەكرد كە یەكسان بێت بە پۆلپۆلیستی و قیژە و قەرەباڵەغی و كێ لەوان وا وێنای نیشتمانی دەكرد كە بریتی بێت لە كۆدی بانك و بۆڕی نەوت و بژاردەی چەوت؟
كە شوبات خەرجی خوێنی دا كێ بەو نرخەی كڕی كە میللەت بێ مووچە و بێ بودجە بێت ؟ لەوەش خراپتر بێ ئومێد بێت كە لە دەورانی كەم دەرەتانی راپەڕیندا ئومێد وا تێری سك و گەدە و ئاتاجی دەكردین قەرەبووی گەمارۆی بەغدای بەعسی بە زیادەوە بوو ، چونكە لە بەرواری یەكبوونیدا لە خەم و خولیادا یەكسان بووین، سەری بەرز ھەر خۆی بە خۆرسكی بۆ مووچە نەوی نەدەبوو چونكە سەری خەمخۆری ھەبوو .
ئێمە پەیمانمان بە جەژنی شوبات دا قوربانییەكانی بكەینە بیانوی سەرەخۆشی و بۆنەی پەرۆشی. فەقەت نیشانە بەوەی وا نەبوو وا زۆرە وەك نیشانەكانی ئاخر زەمان كە ئاخری خێربێت ئەگەر بەتینوتاوی دوا وزە نەچینەوە ڕاستە شەقامی رێی نەجات.
.
سڵاو لە رۆحی شەھیدەكان كە جێی دروودن، لێ زیندووەكان ھەر بارمتەن تا كلیلی گومبووی چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
با ئومێد لە ناو قوڕو لیتەی شۆك دەربێنین و تۆزێك تۆزی لێ ھەڵسێنین . بۆ ئەمەش تەداروكمان گەرەكە نەك رێكەوت و چانس و فەردا بە دەھا.