دوو جۆر دیاردە لە جیھان دا بەربڵاوە دیاردەی پۆپۆلیستی و دیاردەی دروستكردنی قەیران

بڵێسە جەبار فەرمان


25/02/2021

دروستكردنی قەیران و سەرقاڵكردنی ھاووڵاتیان بە بابەتی لاوەكی بۆتە جۆرێك لە سیاسەتكردنی بەربڵاو. ساڵانێكە چەندەھا كتێبی لەسەر نوسراوەو توێژینەوەی زۆری لەسەر كراوە.

ھەموو حكومەت و سیستێمێكی سیاسی چ سەرمایەداری بێت یا كۆمۆنیستی یا سۆشیالی یان دیكتاتۆری، لە كۆتایی دا ھەموویان لە سەر دروستكردنی قەیران كۆكن. ھەموو حكومەت و سیستێم و وڵاتێك بێگومان تووشی قەیران و شكستی سیاسی دەبێت، بەڵام لەبری بەدواداجوونی جددی بۆ كێشەكان و چارەسەركردنیان، بە بوونی مەترسییەكی گەورەو دروستكردنی دوژمنێكی نادیار پەردەپۆش دەكرێت و لە یادی ھاووڵاتیان دەبرێنەوە.

ئەم سیاسەتە كاریگەری ھەبووە لەسەر بڕوابوون بە دیموكراسییەت و ھەڵبژاردن، چونكە لە كۆتایی دا ئەم سیستێمی خوڵقاندنی قەیرانە لەلایەن ھەموو حزبەكانەوە پەیڕەو دەكرێت.

لە زۆریك لە وڵاتە ئەوروپیەكان دەستی تۆمەت بۆ ئاوارەكان درێژدەكرێت كە گوایە بەرپرسیارن لە خراپی دۆخی ئابووری و ئەمنی وڵات و نەبوونی ھەلی كار و كەمی شوێنی نیشتەجێبوون و گرانی بازاڕ، لە كاتێك دا توێژینەوەی زۆر ھەن كە پێچەوانەی ئەمانە دەسەلمێنن.

لە ئەمریكا ھەوڵ دەدرێت نەبوونی بیمەی تەندروستی و خراپی باری ئەو كەرتە و خراپی دۆخی رەشپێستەكان و نادادپەروەری بە ھەڕەشەی مەكسیكیەكان پەردەپۆش دەكرێت. ساڵانێكی زۆر دوژمنی وەھمی ھەموو تاكێكی ئەمریكی كۆمۆنیستەكان بوون و ھەموو رەخنەگرێك بە كۆمۆنیستی تۆمەتبار دەكردا كە دیارترینیان نمونەی چارلی چاپلن بوو.

بێینە سەر عیراق، وابزانم بۆ ناوھێنانی ھەموو قەیرانەكانی عیراق زیاتر لە رۆژنامەیەكم پێویست دەبێ، بەڵام ھەنوكەترینیان بوجەیە و نەبوونی خزمەتگوزاری و برسێتییە.

بوجە:  بوجەی ٢٠٢١ چەندەھا بۆمبی توقیتكراوی تێدایە، كە دیارترینیان پێدانی دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵكوماڵی حكومەتە بە وەزارەتەكان و ئەمین عامی ئەنجومەنی وەزیران بێ دروستكردنی لیژنە. بەم شێوەیە بێت ھەموو كارگەو قوتابخانەو نەخۆشخانە و دائیرە حكومییەكانە دەفرۆشرێن. ھەروەك چۆن چەند ساڵێك پێش ئێستا كارگەی غازی ھەولێر فرۆشرا بە بڕیارێكی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت و موڵكی پەرلەمان وردە وردە دەفرۆشرێت.

-بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لە بوجەدا

-دانانی رێژەیەك بۆ دامەزراندن بۆ ھەر وەزارەتێك و پارێزگایەك و لەسەر بنەمای پشكپشكێنە، نەك لەسەر ئەساسی لێھاتوویی و پێداویستی.

-كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران

-زیادكردنی باجی خانەنشینی و زۆری تر.

بەڵام كوردیان كراوە بە دوژمنی ھەموو و بەپرسی سەرەكی لە دۆخی عیراق و خەتاباری یەكەم لە كەمهێنانی بوجە.

رۆژانە چالاكوان و رۆژنامەنووس تیرۆر دەكرێن (بە ھەرێمی كوردستانیشەوە)، بەڵام گفتوگۆی ھەموو میدیا و سۆشیال میدیاكان بووە بە دانانی چوارگۆشەیەكی رەش ھاوشێوەی ماڵی خوا لە كەربەلا لە نێوان مەرقەدی ئیمام حسێن و ئیمام عەباس. 

دوای دانانی ئەو ھاوشێوەی كەعبەیە، ھاووڵاتیان بە دەوری دا تەوافیان كردووە. ئەمە ئاگرێكی گەورەی لەنێوان ھەموو لایەنەكان خۆشكردووە.

زۆرێك ئەم كەعبەیە بە كفرە، تاوانە دادەنێت

چەندەھا بەیان و ئیدانە و بابەتی لەسەر نوسرا.

لایەنێك لایەنێكی تر بە مولحیدو كافر ناودەبات و دژ بە ئاینی ئیسلام كە پایەی سەرەكی حەجكردن و سەردانی ماڵی خوایە و ئەنجامدانی فەرزەكانی ترە.

بەشێك پێیان وایە كە تەواف بە دەوری ئەم ھاوشێوەیەی كەعبە ئەتوانرێت جێگای عەمرە بگرێتەوە.

دانانی ئەم كەعبەیە شیاوە یا نەشیاوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە كە خەڵكی زۆری داوە بەگژ یەكتردا و ئاگری چەندبەرەكی جۆش داوە.

دیاردەی دووەم پۆپۆلیستییە پەیوەندی راستەوخۆی بە دروستكردنی قەیرانەوە ھەیە.

مەیدانێكی نوێی نمایشكردن دروست بووە بە شێوەیەك كە لە ساڵانی پێشوودا بەم جۆرەی ئێستا بوونی نەبووە، ئەویش بوونی میدیا و سۆشیال میدیایە. ھەر كەسێك لە ئێمە بە مۆبایلەكەی دەستی دەتوانێت بینەر و خوێنەرو ھەواداری زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات. بێ ئەوەی پێویستی بە كۆششی زۆر بێت. كەسانی پۆپۆلیستی كەسانێك نین كە بە منگق بیر بكەنەوەو خوێندنەوەی وردی بابەتەكان بكەن. پێویستیان بە بڕوانامەو شارەزایی و زانیاری نییە. تەنھا شتێكی كە پێویستە بیزانن قەیرانەكانی ناو كۆمەڵگان و وروژاندن و كاركردن لەسەریان بەشێوازی تایبەت بەخۆیان.

بۆ نمونە وەكو دەبینین كەسانێك بە لۆژیك قسەدەكەن و بە زمانی داتا و زانستی لە ھەڵبژاردنەكان بانگەشەی بێ وروژاندنی هەست و نەست دەكەن. دەنگ بەدەست ناھێنن، بەڵام كەسانێك كە دەستی تۆمەت بۆ لایەنێك و زمانی زبر و توندو دوور لە ئەتەكیەت بەكار دەھێنن، بە كەسانی ئازاو دلێر ناوزەد دەكرێن. لە كۆتاییش دا دەنگ دەھێنن. ناكرێت چاوەڕوانی ھیچ جۆرە كردارێكی بەرپرسانە بیت لەو كەسانە، چونكە كاری ئەوان كاركردن نییە، بەڵكو تەنھا رەخنەگرتنی بێ بنەماو تەشھیركردنەو دروستكردنی دوژمنی وەھمیە كە لە ھەموو كێشەكان بەرپرسیار دەكرێن.

پۆپۆلیستی دیاردەیەكی جیهانییە. بزووتنەوەی سیاسی و گروپی جیاجیا هەن لە سەردەمەكاندا سەرهەڵدەدەن. بە سروشت زوو دەردەكەون و زووش ئاوا ئەبن.
تەنیا لە ئاستی تاكەكەس دەرناكەون، بەڵكو هەندێك جار وەك رەوت و گروپ بەدیار دەكەون.