لە "مامۆستا قۆپییەچییەکە" قۆپییەچیتر دەناسم

هاوكار یاسین


01/03/2021

ئەو ناسناوە من نەمخستووەتە پاڵ ئەو خاتوونە و خۆی شانازی پێوە دەکات بۆیە لە دێرەکەشدا بە جیاکراوەیی دامناوە، خۆی بە دڵخۆشیەوە ئەو پۆستەی قبوڵکرد کە پێشکەشکاری بەرنامەکە وتی "ئەگەر رێکخراوی قۆپییەچییەکانی کوردستان هەبوایە تۆ دەبوویت بە سەرۆکی رێکخراوەکە"، لەوەی من بینیم ئەوەندە بەشانازییەوە دەڵێت قۆپیەم کردووە یەکێ لە ماناکەی تێنەگات حەزدەکات لەجێی ئەو بووایە، بۆیە ئەوەی لەسەری وترا و باس دەکرێت هیچ بیانوویەک هەڵناگرێ و پێشموایە ئەگەر لە وڵاتێکدا بووایە یاسا بەڕێوەی بەرێت لانیکەم رێگا نادرێت بەڕێوەبەری پەیمانگایەک بێت منداڵی نەوەی دوارۆژ پەروەردەبکات. بەڵام دڵنیام ئەگەر ئەو رێکخراوەش دروستبکرێت کە پێشکەشکاری بەرنامەکە باسی دەکات، پۆستی سەرۆک نادرێت بەو چونکە من خەڵکی دیکە دەناسم نەک قۆپییەچی بوو، وەڵامەکانی سەر وەرەقەی تاقیکردنەوەکانی تەنیا دەستوخەت و نوسینەکەی خۆی خاوەنی بوو ئەگینا چۆن پرسیار بۆ خوێندکارانی دیکە دادەنرا مامۆستای ئازیز وەڵامی بۆ ئەو دادەنا. لە یەکێک لە قۆناغەکانی خوێندنی خۆمدا بەرپرسی باڵا هەبوو هاوپۆلم بوو یان دروستتر بڵێم هاوقۆناغم بوو چونکە تەنیا یەک دەقەش لە پۆل و وانەیەکدا ئامادەیی نەبووە، باش بیرمە رۆژێ پێش تاقیکردنەوەکان چۆن وەڵامەکانی دەخرایە بەردەست و ئەویش ئەرکی دەکێشا و دەهات دەیخستە سەر وەرەقەی تاقیکردنەوەکە و دەرۆشتەوە و ئەنجامیش نمرەی لە زۆرینەمان بەرزتر بوو، ئینجا ئەوەنەبێت ئەوەی من باسمکردووە شتێکی شازبێت و تەنیا من بینیبێتم، دەیان نموونەی باڵاتر هەیە تەنانەت کەسی وایان تێدایە لە ژووری بەڕێوەبەر بەدەم جگەرەیەکەوە وەڵامەکانی نوسیوە. ئینجا بۆیە دڵنیام پێشکەشکاری بەرنامەکە ورد نەبووە لەوەی ئەو پۆستەی بۆ ئەو خاتوونە داناوە چونکە تا ئەوانەی باسمکرد وەستابن پۆستی سەرۆکی "رێکخراوی قۆپییەچییەکانی کوردستان" بەر ئەو ناکەوێت. لە کۆتایشدا ئەوەی لەم بابەتە گرنگترە ئەگەر خەمەکە چاککردنە، ئەو نوسینگانە دابخەن کە لە سەنتەری شارەکاندا هەن و بە گەورەی و خطاطی نووسیویانە (توێژینەوەی زانستی قۆناغی کۆتایی هەموو بەش و کۆلێژەکانمان لا دەستدەکەوێت).