بۆچی پاپا دێت بۆ عیراق ؟


02/03/2021


مانگی دووی ساڵی ٢٠١٩ پاپای ڤاتیكان لە ئەبوزەبی ئیمارات بەڵگەنامەیەكیان لەگەڵ ئەحمەد ئەلتەیب، ئیمامی گەورەی ئەزهەردا واژۆكرد دەربارەی برایەتی ئاینەكان و ئاشتی. پاپا دەیەوێت هەمان دۆكیومێنت لە گەڵ شیعەی موسوڵمانیشدا واژۆ بكات. هەرچەندە تەمومژێك لە دەوری ئەم پرسە دروستكراوە لە لایەن نەجەفەوە. هەر ئەمەشە كە پاپا بە پێویستی نابینێت كە نوێنەری سوننەكان ببینێت، ئەوانیش لێی نیگەرانن. وەك هەموو شتێكی تر لە عیراقدا، سەردانەكە بە چاویلكەی تایفییەت دەخوێنرێتەوە.

سەردانی كوێ و كوێ دەكات؟
لە بەغدا دادەبەزێت، هەندێ دیداری لە گەڵ حكومەت و دیپلۆماتاندا دەبێت لە گەڵ لایەنە مەسیحییەكان. پاشان دەچێت بۆ نەجەف، ئینجا بۆ ناسرییە، بۆ شاری ئور، پاسان دێتە هەولێر، لەوێوە سەردانی موسڵ و قەرقوش دەكات، ئینجا لە یاریگاری فرانسۆ، نوێژێكی جەماعەت دەكات و دەگەڕێتەوە.

بۆچی پاپا دەچێتە ئور؟
ئور وەها دادەنرێت كە شوێنی لە دایكبونی پێغەمبەر ئیبراهیمە. ئیبراهیم باوكی ئاینە ئاسمانییەكانە. بۆ  پرۆژەكەی پاپا بۆ ئاشتی نێوان ئاینەكان، ئیبراهیم فیگەرێكی گرنگە، چونكە هەموان كۆدەكاتەوە. ئیبراهیم ناوی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سوننەكانیشە. خەڵكی ناسرییە هیوایان وەهایە كە سەردانەكە ببێتە هۆكاری ئەوەی كە چاوی دونیا ئازار و مەرگ و برسێتی و خۆپێشاندانەكانی شارەكەیان ببینێت. هەندێكیش هیواخوازن كە ببێتە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی گەشتیاری ئاینی بۆ ناوچەكە. ئیتر، هەركەو بۆ لەیلای خۆی دەگری.

ئایا سەردانەكەی نەجەف چۆن لە عیراقدا دەخوێنرێتەوە؟
بەرەی قوم بە نیگەرانییەوە تەماشای دەكەن. وەهای دەبینن كە حەوزەی نەجەف هێندەی تری بەهێز دەكات و شەرعیەتی نوێنەرایەتی شیعەی پێدەبەخشێت. بۆیە گوێمان لە هەندێك گیز و گازە لە لایەن موقتەداوە.

ئایا سەردانەكە چی دەگەیەنێت؟
سەردانی پاپا نیشانەی ئەوەیە كە عیراق لە درێژایی مێژودا جێگای ئاین و كەلتور و خەڵك و گروپی جیاواز جیاوازی زۆر بوە. بەڵام لە دروستبونی دەوڵەتی عیراقییەوە، ئەم خەسڵەتی فرەییە لە عیراقدا بەرەو نەمان دەچێت. سەردانی پاپا ئاماژەیە بۆ بونی ئەم جیاوازییە، لە هەمانكاتدا بۆ بونی مەترسی لە سەر ئەم جیاوازییە. چونكە لە ملیون و نیوێك مەسیحی كەمتر لە نیو ملیون لە عێراقدا ماوون و ئەوانیش بە نیازی ڕۆشتنن.

ئایا سیاسییەكان دەیانەوێت چۆن سودی لێببینن؟
هەر لایەك دەیەوێت بە سودی خۆی بیشكێنێتەوە. بەغدا دەیەوێت وێنای ئاشتی و سەقامگیری بگەیەنێت لە دۆخێكی ناسەقامگیر و سەختدا. هەولێر دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت كە مەسیحی تەنها لە كوردستان سەلامەتن. سەدر دەیەوێت دژایەتی ڕكەبەرەكانی پێبكات. 

ئایا سەردانەك هیچ دەگۆرێت؟
نەخێر. چەند ڕۆژێك هەراو هوریا و وێنەگرتن ون قەرەباڵغی دروست دەبێت. پاشان هەموی وەك خۆی لێدێتەوە.

سەردار عەزیز