ئەرێ خزمنینە خۆ من دڵم تەقی.... !

عەبدولكەریم شێخانی


13/03/2021

 

پێش هەموو شتێک دەڵێم ئەوەی ڕاگەیەنکارەکان بە زمانی کوردییان کردووە , هەر مەگەر حکوومەتی هەرێم بە مووچەخۆرانی کردبێ و شیعرەکەى شێخ ڕەزام دێتەوە بیر کە دەڵێ :

کارێ کە هەتییتەی خەمی دووریت بە منی کرد
سەرما بە هەتیو با بە دەواری شڕێ ناکا

کارێک کە دووریی مووچە بە ئێمەی کرد , کەس بە کەسی نەکردووە , هەتیتە ئاسنێکی کون کونە , بچووک و گەورە لاى زێڕنگەران کە تاڵی زێڕی پێ ڕادەکێشرێ .
پێش ئەوەى بچمە نێو بابەتەکەوە , پیشنیازێکم هەیە و هەندێک دەڵێن پێشنیارێکم هەیە , من ئەوەی یەکەمیانم زێتر بە دڵە . لە هەموو زمانێک خواستنەوەی وشە هەیە بۆ مەبەستێکی تازە . بۆ نموونە ( عقل ) واتە بەستنەوە . عەرەب کە دەیانگوت ( عقل البعیر ) پەلێکی پێشەوەیان وەکو ئەژنۆ دەچماندەوە و توند شەتەکیان دەدا و بەم شێوەیە حوشترەکە بە سێ پەلە دەڕۆیشت و گرتنەوەى ئاسان بوو . ئێمە بۆ بەستنەوەى وڵاخە بەرزە شتێکمان هەیە پێی دەڵێن سندم کە لە دوو ئەڵقە پێک هاتووە و بە زنجیرێکی ئەڵقە ئەستوور پێکەوە بەستراونەتەوە و دەکرێت هەردوو پەلی پێشەوەى وڵاخەکە و هەنگاوى کورت دەکات و غاری پێ ناکرێ و زوو دەگیرێتەوە . کەواتە (عقل ) واتە بەستنەوە و ئەوە بۆ مرۆڤ بەکار هێنرا چونکە ( عقل) مرۆڤ دەبەستێتەوە و لە کاری خراپ دووری دەخاتەوە و شێت چونکە عەقڵی لەدەست داوە و شتێک نییە بیبەستێتەوە , کاری خراپ دەکا . نموونەى دیکە زۆرن و نامەوێ نە سەری ئێوەى پێ بئێشێنم و نە کاتی خۆشمى لەوە زیاتر پێ بکوژم .

ئەوانەى لە لادێ ژیابن , یان کشتوکاڵیان کردبێ , دەزانن گاسن چییە , ئەو ئاسنە دەمەکەی پانە ولە هەوجار هەڵدەکێشرێ بۆ جووت کردن . لەئەنجامى زۆر بەکارهێنان ئەو دەمە پانە دەسوێ و باریک دەبێتەوەو ئەو پانییەى نامێنێ و بە چاکی جووتى پێ ناکرێ , بۆیە دەیبەن بۆ لاى ئاسنگەر کە جۆشی دەدا و پارچە ئاسنى دیکەی دەخاتە سەر و وەکو جاران دەمەکەى پان دەکاتەوەو بەو کارە دەڵێن سەرەنیا , واتە پارچە ئاسنێک دەخاتە سەر سەر دەمی گاسنەکە . دەڵێم بۆ ئێمەش وا نەکەین ؟ لە زمانی عەرەبی کە ناوێک دەخەیتە پاڵ ناوێکی دیکە بە یەکەمیان دەگوترێ ( مضاف ) و بە دووەمیشیان دەگوترێ ( مضاف الیه ) ئێمەش بۆ ئەو سەرەنیایە بۆ ڕێزمان نەخوازینەوە و بە یەکەمیان ەبڵێین سەرەنیا و بە دووەمیان بڵێین بنەنیا . (نضال الشعب ) , یەکەمیان ( نضال) کە مضافە و دراوەتە پاڵ ( الشعب ) ببێت بە سەرەنیا و ( الشعب ) کە مضاف الیه ) یە ببێتە بنەنیا . واتە خەباتی گەل , خەبات سەرەنیایە ( مضاف ) و گەل بنەنیایە ( مضاف الیه ) .ئەمە پێشنیازە و دەیخەمە بەر چاوى دکتۆرە زمانزانە بەڕێزەکان و ئەگەر شـتێکی لەوە باشتریشیان ڕەخساند ئەوا نورى عەلا نورە .

لێرە بە پێویستی دەزانم پەنجە بۆ شتێک ڕابکێشم کە لەمێژە بیری لێ دەکەمەوە. دواى شۆڕشی ١٤ى تەموز بەشی کوردى لە کۆلێجى ئاداب کرایەوە و ئەوانەی چوونە ئەو بەشە هەر هەموویان لەو کەسانە بوون کە حەزیان بە زمانی کوردی و پێشکەوتنی دەکرد . بەڵام دواى ئەوە کە کۆمپیوتەر هاتە کایەوە , قوتابی بە پێی نمرە وەردەگیرا و ئەوانەی نمرەیان کەم بوو کۆمپیوتەر فڕێی دەدانە بەشی کوردی . نەمانبینی کەسێک نمرەی لە ژوور هەشتا و نەوەتەوە بێت بچێتە بەشی کوردی و خاوەن نمرە زۆرەکان بەرۆکی کۆلێجی ئەندازە و پزیشکییان دەگرت و نمرە کەمەکان بە ناچاری دەکەوتنە کۆلێجە بێ هەڕمێنەکانى وەکو زمانی کوردی , هەیان بوو هیچ شتێکی لە زمانی کوردی نەدەزانی و پێشى ناخۆش بوو کە بەر زمانی کوردی کەوتووە , بەڵام بە ناچاری دەمانەوە . ئەوانە وەک کچێک وابوون کە کاتی مێرد کردنی تێپەڕی بێت و مێردی نەکردبێت , بەڵام یەکێکی بۆ پەیدا بێت هەرچەندە بە دڵێ نەبێت و بە ناچاری پێی ڕازى بێت و بڵی لە نەبوو باشترە . یان وەک کچێک کە بە نابەدڵ بەشووى بدەن و دواى گواستنەوەو کار لەکار ترازان ناچار بێت پێیەوە دانیشێ چونکە لەوە بەدوا کەس ئاوڕێ لێ ناداتەوە.بۆیە هەندێک لەوانەی دەکەونە بەشی زمانی کوردی تەنیا هەوڵی دەرچوون دەدەن بە هیوای دامەزراندنیان لە قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکان . بەڵام هەندێکیان کە دەرچوون دەکەونە تێزپەردازی ( تنظیر ) و بە ئارەزوو و بۆچوونی خۆیان دەست دەکەن بە تێک دان و لێک هەڵوەشاندنەوەى ئەوەی دەیان ساڵە پێکەوە نراوە و لاپەڕەکانی فێس بووک باشترین گەواهیدەری ئەو بۆچوونەمن . هەروەها گوڕینی گەڵیک بابەتی ڕێزمانی و ناوەکانیان و کتێبەکانی خوێندنەوەى زمانی کوردى ڵە ڕووى ڕێنووس و داڕشتنەوە نیشانەى ئەو پاشەگەردانییەن کە هەندێک خۆ بەفیرعەونی زمانزان بەسەر زمانی کوردییان هێناوە و لە هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە نووسراو و بیسراو و بینراو دەردەکەون و هەیانە جێی بە ئەکادیمى کوردی لەق کردووە و بە ئارەزووى خۆی وشەى سەیر دادەتاشێ و بەسەر خەڵکیشیدا دەسەپێنێ . وا هەندێک نموونە دەخەمە بەر چاو .

+ صندوق النقد الدولی ـــ سندووقی ڕەخنەى نێو دەوڵەتی .
+ قتل عدد من إرهابیی داعش ـــ ژمارەیەک تیرۆریستى داعش کوژران .

راستیەکەى دەبێ بگوترێ چەند تیرۆریستێکی داعش کوژران , چونکە ئەو ژمارەیە عەرەبییە بەکوردی دەبێ بە چەند . هەر بۆ نموونە ساعدت عددا من الفقراء ـــ یارمەتیی چەند هەژارێکم دا . زارنی عدد من أصدقائی ـــ چەند هاوڕێیەکم سەریان لێدام . استقبل الپاپا عدد من المسۆولین الکبار ـــ چەند گەورە بەر پرسێک پێشوازییان لە پاپا کرد . نامەوێ نموونەى زیاتر بهێنمەوە .

+ بۆ ضد الجو دەنووسن و دەڵێن دژە ئاسمانی . ئەمە ماناى ضد السماء دەگرێتەوە ,پێم وایە ئەگەر بڵێین دژە فڕؤکە باشتر بێت , چونکە ئەو چەکە بۆ شەر کردن نییە لەگەڵ ئاسمان , بەڵکە چەکى شەڕکردنە لەگەڵ فڕۆکە .

+ حبوب منع الإنحاب للرجال , کردوویانەتە حەبی دژە زگپڕی بۆ پیاوان . خوایە وا دیارە ئاخر زەمانە و پیاویش زگی پڕ دەبێ .

+ یەکێک نووسیویەتی و دەڵێ : لەبەردەکا بۆ دوو شت بکار دێت , یەکەمیان جلک لەبەر کردن و دووەمیان بۆ وانە لەبەر کردن . من ڕام وایە ئەوەى یەکەمیان بکەین بە پۆشین . ئەو برادەرە ئاگای لەوە نییە کە لە هەموو زمانێک وشە هەیە دوو واتا یان زیاتری هەیە و ئەگەر بەقسەى ئەو برادەرە بکەین دەبێ زمانی کوردی سەر لەبەری هەڵوەشێنینەوە و ئەو دەرچوانەی زمانی کوردى دانیشن زمانێکی تازەى نورت و نوێی مۆدێرنمان سەر لەنوێ بۆ دروست کەن . هەر بۆ نموونە لە زمانی عەڕەبی وشەى ( عامل ) چەند مانایەکی هەیە وەکو : کرێکار , هۆکار , پاڵ پێوەنەر , کۆلکە لە بیرکاری و(قرن) بە ماناى قۆچ و بە مانای سەت ساڵ دێت هەروەها وشەى springبەم مانایانە دێت : بەهار , جۆگە , بازدەدا , سپرینگ و زەمبەلەک .

+ یان هەندێک کەىس مێشکیان بەوە بردووین کە ڕەگ و ڕیشەى ئەم وشەیە چییە و بێ ئاگان لەوەى کە هەندێک وشە ڕیشەیان نییە بۆ نموونە , بەرد , نان , دار ... هتد ڕیشەیان نییە و وشکەڵن . یەکێک دەپرسێ ریشەى فریشتە چییە . یەکێکی دیکە بۆى نووسیوە لە فرە + هاویشتە پێک هاتووە . تۆ سەیری فێس بووک بکە ئەو ریشانەت دەبێ بە ڕیشەوە

+ یان وەرگێڕانی سەیر سەیر دەبینی وەک من سوورم لەسەر قسەی خۆم یەکێک گوتبووى أنا أحمر علی کلامی . نموونەى دیکە هەن و نامەوێ باسی هەموویان بکەم . ئەو وەرگێڕانە سەیران لە عەرەبیش پەیدا بوون . جۆرە سەندویچێک هەیە لە بەریتانیا پێی دەڵێن Hot Dogواتە سەگی گەرم . ڕؤژنامەنووسێکی عەرەب چاوى بە شاژنى بەریتانیا کەوتووە کە ئەو سەندویچە دەخوات , نووسیویەتی : ( ان الملکة تحب أکل الکلاب الحارة ) . کابرایەکی دیکەی عەرەب تووشى زگچوون هاتووە کە بە عەڕەبی دەڵێن (بطنە تمشی )و بە دکتۆرەکەی گوتووە My stomach is walking , واتە زگم دەڕوات . هەر لەم ڕووەوە شتێکم هاتەوە بیر ڕەنگە گێڕانەوەى ناخۆش نەبێ . لە ساڵانی ١٩٥٥و ١٩٥٦ ( عمر علی ) کە ئەفسەرێکی گەورەی تورکمان بوو کردیان بە (متصرف)ی سلێمانی بۆ ڵێدانی تێکۆشەرانی ئەم شارە . ئەویش بۆ ئەوەى خەڵک لە سیاسەت دوورخاتەوە ئیشی بۆ هەندێک خەڵکی بێ کار دۆزیەوە . هەندێک مەلاى دامەزراند بە ( محاضر ــ وانەبێژ ) و هەندێک دەرچووى پۆلێ شەشی سەرەتایی دامەزراند بە مامۆستای پۆلی یەک و ناویان ( المثقف الشعبی ) بوو . یەکێک لەوانە نووسراوى بۆ بەڕێوەبەرایەتیی مەعاریف ( ئەوسا ناوى وابوو ) نووسیبوو و داواى هەندێک پێویستى کردبوو , لەوانە ( رحلە) و نووسیبووى (الطلاب یجلسون علی تراب الأرض) و لەگەڵ هەندێک شتی دیکە )صندوق من النفط , فانوس سحری ( لوکس ) , مسدرة ( مەبەستى مسطرة ) یە . الدباشیر الرنگاوڕنگ) . یەکێکی دیکە کە مەلایەک بوو لە گوندێکی سەر بە ناحیەى قەرەداخ کوڕەکەى تووشی زگچوون بوو بوو و نووسراوێکی بۆ ( موظف صحی ) قەرەداخ بەم شێوەیە لە بارەى کوڕەکەیەوە نووسیبوو : ( الی حضرة الموظف الصحی الهمام , أدامک اللە فی الدارین باستحمام , إن إبنی مصاب بداء جریان البطن أى لایبقی فی بطنە لا طعام ولا أدام ) . ئەمەم هەر بۆ خۆشی بۆ نووسین .

+ گەورەترین هەڵە کە بەشی زۆری نووسەران دەیکەن و ئاژەڵ لە جیاتی ( حیوان )ى عەرەبی بەکار دێنن . . چەند جارێک گوتوومە و بە نووسینیش نووسیومە کە ئاژەڵ بۆ هەموو حەیوانێک بەکار نایەت . حیوانى عەرەبی بە کوردی گیاندار یان گیانلەبەرە . بە داخەوە زۆر کەس بە هەموو گیاندارێک دەڵێن ئاژەڵ . کە دەڵێن خەڵکی لادێ خەریکى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین واتە مەڕ و بزن بەخێو دەکەن . کورد گیاندارە ماڵییەکانی جیا کردۆتەوە گۆشتخۆر و گیاخۆر . ئەو گۆشتخۆرانەى لەگەڵ مڕۆڤ دەژین سەگ و پشیلەن و بە دڵنیایی پێێان ناگوترێ ئاژەڵ . گیاخۆرەکان مەڕو بزن و گاو مانگا و گامێش و کەر و ئێستر و ئەسپ و ماینن . ئەوانەى گۆشتیان دەخورێ مەڕ و بزنن کە پێیان دەگوترێ ئاژەڵ . گاو مانگا و گامێش ڕەشە وڵاخن و کەر و ئێستر و ئەسپ و ماین پێیان دەگوترێ یەکسم و بە ئەسپ و مایین دەڵێن وڵاخە بەرزە . ئەوانەى بە هەموو ( حیوان) ێک دەڵێن , بێ گومان لە عەرەبییەوە وەریدەگێڕن و تێی نەگەیشتوون . بە عەرەبی مەڕ و بزن پێیان دەگوترێ ( المواشی و تاکەکەى الماشیة یە ) بە گاو مانگا و گامێش دەڵێن ( أبقار ) و وڵاخە بەرزەش ( الخیول ) . هەموو ئاژەڵێک حەیوانە , بەڵام هەموو حەیوانێک ئاژەڵ نییە . یۆ نموونە , کێوییەکان بە گیاخۆر و گۆشتخۆرەوە گیاندارن و ئاژەڵ نین . بۆیە کە دەڵێن خەڵکی لادێ خەریکی ئاژەڵدارین , هەرگیز ڕێی تێ ناچێ گورگ و بەراز و کەمتیار و ورچ و شێرو پڵنگ بەخێوکەن .

 

کەسانێک هەن بە مار و مشک و پشیلەش دەڵێن ئاژەڵ . یەکێک لە تەلەفیزیۆن باسی ئەوەى دەکرد کە هەندێک کەس لە ماڵەوە پشیلە بەخێو دەکەن و گوتی : ( بڕێک مرۆڤ ئاژەڵی پشیلە لە ماڵەوە بەخێو دەکەن ) . کاکە بۆ ناڵێی هەندێک کەىس لە جیاتی بڕێک مرۆڤ . دواى ئەوە توخوا پشیلە ئاژەڵە ؟ ئەو هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ و ئەو هەڵە زەقانە زیاتردەرچوانی بەشی کوردی دەیکەن .
+ کەناڵی العراقیە بەشی کوردیی هەبوو . بێژەرێک هەر دەیگوت ( بلوط ) و چاوەڕوانم کرد بڵێ ( بەڕوو ) بەڵام نەیگوت . ژمارەی تەلەفۆنەکەیانم پەیدا کرد و پەیوەندیم پێوەکردن و گوتم بۆ دەرچووى بەشی کوردی دانانێن , گوتى واللە کادیرەکانی وەر گێڕان هەموویان دەرچووى بەشی کوردین .
+ دەڵێ بەو کەسە سەرسامم . مەبەستى ئەوەیە کە ( معجب ) ە بەو کەسە . سەرسام بە واتاى ( تعجب , دهشة , استغراب ) دێت نەک إعجاب . تۆ کە دەڵێی من معجبم بەو کەسە واتە ئەو کەسەم بە دڵە . بە عەڕەبی قسەیەک هەیە دەڵێ ( کل فتاة بأبیها معجبة ) واتە هەموو کچێک باوکی خۆی بەدڵە . شیعرێکی ( مهیار الدیلمى ) هەیە دەڵێ ( أعجبت بی بین نادى قومها || ذات حسن فمضت تسأڵ بی ) . وانە کچێکی جوان منی کەوتە بەردڵ , یان منی بەدڵ بوو . وشەى ( إعجاب ) لەگەڵ ( تعجب ) لێک جیاوازن .

+ یەکێک نووسیویەتی وشەى تۆپی لە ( توفی) ى عەرەبی وەرنەگیراوە ؟ پێم سەیر بوو . تۆپی بۆ ئەو گیاندرانە بەکاردێت کە گۆشتیان ناخورێ و بۆ سووکایەتی کردن بە ئادەمیزاد دەگوترێ . کەر و ئەسپ و سەگ و ورچ و بەراز .. هتد دەتۆپن و ئەوەیش کە گۆشتى دەخورێ مردار دەبێتەوە .

+ یەکێکی دیکە دەڵێ : وشەى ئاژەڵ لە ( عجل ) ی عەڕەبی وەرنەگیراوە ؟ عجل واتە گوێرەکە ( گۆلک ) .
خۆشەویستان ئەمەی نووسیومە پێشەکییەک بوو بۆ لێکۆڵێنەوەیەک چەند ڕؤژێکی دیکە پێشکێشتانی دەکەم و دڵنیابن کە سوودى دەبێ .. تکایە چاوەڕوانی ئەو لێکۆڵینەوەیە بن .