دۆڵی خەلەكان، دۆڵی تاوانی نەورۆز

پۆڵا سەعید


21/03/2021

لە یەكەمین رۆژی ساڵدا، لە  21.03.2021دا، لە رۆژێكدا، كە ژیان مژدەی دەستپێكردنەوەیەكی نوێمان پێدەدات، لە دۆڵی خەلەكان بەرازێك دەدرێتە بەر رێژنەی گوللـە. بەرازێك، كە زیانی بۆ هیچ كام لەو گەشتیارانەی دۆڵی خەلەكان نەبوو، بەڵكوو بە پێچەوانەوە، ئە‌و بەشێك بوو لەو سروشتە جوانەی ئەو دەڤەرە، بەڵام ئەو گەشتیارانەی بە گەلەكۆمەكێیەك هێرشیانكردە سەری، نەك جوانیی ئەو دەڤەرەیان شێواند، بەڵكوو رووی راستەقینەی خۆشیان پیشانی ئێمەدا.

سەیرانكەران بۆچیی كڵاشینكۆفیان پێیە؟ بە چ ماف و یاسایەك بە ویستی خۆیان تەقە دەكەن، ئەگەر بێتو یاسا لەو دەڤەرەدا سەروەر بێت؟ ئەمە وێڕای ئەوەی، كە ئەو چەكدارە چەندەها فیشەكی تەقاند و هیچیان بەر بەرازەكە نەكەوتن. بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە، كە فیشەكەكانی دەیتوانی منداڵانی ئەو دەوروبەرە بپێكێت، یاخود دایكێك یان باوكێك ...هتد. چەكدارێك ئەگەر هەرچ كارە بێت، ئەگەر بێتو لە چەند مەترێكدا لە بەرازێك نەدات، ئاخۆ چۆن دەتوانێت لە كاتی پێویست و خۆیدا بتوانێت لە چەند بستێكدا دوژمنێك بپێكێت؟

لە ئەوروپا خوێندكارانی پۆلیس، مەشقێكی چڕی چەكیان پێدەكرێت وەك وانەیەك لە خوێندنەكەیان. ئەو خوێندكارەی لەم وانەیەدا دەرنەچێت ناكرێتە پۆلیس. ئەمەش بە واتای ئەوەی ئەو كەسەی چەك هەڵدەگرێت دەبێت بزانێت چۆن بەكاری دەهێنێت، كاتێكیش تەقە دەكات، دەبێت ئامانج بپێكێت. بەڵام ئەو تەقەكەرەی دۆڵی خەلەكان، بێجگە لە ئاماتۆرێك هیچی تر نییە.

بەداخەوە ئەوەی لە دۆڵی خەلەكان روویدا، رووداوێكی تووندوتیژ و خەمبار و غەدرێكی گەورە بوو، كە لە ئاژەڵێكی بێتاوان كرا. سزادانی ماددی هیچ شتێك لە كارەساتەكە ناگۆڕێت. ئەوەی جێگای سەرنجیشە هیچ سەیرانكەرێكی تر هەوڵی نەدا، كە رێگریی لەو چەكدارە بكات و نەهێڵێت ئەو ئاژەڵە بكوژێت. ئەوەی جێگای تێنەگەیشتنە ترس و قاوقریشكی ئەو خەڵكەیە، وەك ئەوەی شێرێك هاتبێت بۆیان و پەلاماریان بدات بە ویستی كوشتن. ئەوەی بەرازەكە دەیویست دەربازبوونی بوو لەو هەموو هەراوهوریای خەڵكە و هیچی تر.

ماوەتەوە بڵێم، بۆچی دەبێت هەتا بێت بە رووداوێكی ناسڤیللانە روویەكی ناشیرینی كۆمەڵگای كوردیی بكێشین؟ بۆچیی لە رووداوەكاندا تەماشاكەرین، لەكاتێكدا دەتوانین چالاكبین و رێگربین لە كەوتنەوەی زیان؟