قسەیەك بۆ یادی رۆژنامەگەری كوردی

مەریوان عەبدوڵڵا


22/04/2021

بەو پێیەی سێ بەشی ژیانم لەنێو راگەیاندن و بێنەو بەردەو ژاوەژاوی نێو میدیای كوردی بەسەر بردووەو تێكڕا نزیكەی ٢٠ ساڵە لەم بوارەدا كاردەكەم، بەحەز و خواستی خۆم لە تەمەنێكی كەمەوە تێكەڵ بەبواری میدیا و كاری رۆژنامەوانی بووم، لەبەر ئەم ھۆكارە بە مافی خۆم دەزانم سەرنجێك لەبارەی یاد و رەوشی رۆژنامەگەری كوردی بنوسم...

سەرەتا بەداخم بۆ ئەو رەوشە خراپەی رۆژنامەگەری كوردی تێی كەوتووە، ناتوانیت نیگەران نەبیت كاتێك دەبینیت پێگەی رۆژنامەگەری لە كوردستان لە بازنەیەكی داخراوی تاڕادەیەك چەقبەستوودا دەسووڕێتەوە، پاش دەیان ساڵ  ھێشتا نەمان توانیووە رێڕەوێك بدۆزینەوەو ھەنگاوی گەورە و بنیاتنەر بنێین و میدیای كوردی بخەینە سەر شاڕێی میدیای سەنگین و خاوەن پێگەی راستەقینە، تا ئێستا نەمان توانیوە ھەنگاوێك نزیك بكەینەوە لەو بەرەوپێشچوونەی كە میدیای جیھانی ساڵانێكی زۆرە پێی گەیشتووە، زۆربەمان ھەست بە كەلێن و كەموكورتییەكان دەكەین، بەڵام بەكاریگەری ئەو دۆخەی كە ساڵانێكە ھەرێمی كوردستانی تێدایە و بەھۆكاری گێژاو ژینگەی نالەباری سیاسی و كۆمەڵایەتی و لێكەوتەكانی جەنگ و كاولكاری و سڕینەوەی یەكتر چاومان لە باشكردنی دۆخی میدیا نوقاندووە و كوێرانە لەگەڵ ئەو خواست و شەپۆلەدا دەڕۆین كە بەپلان ئامانجیەتی میدیایی كوردی لە ھەمان بازنەدا خول بخوات و دەرفەتی ئەوەی نەبێت رێڕەوی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە.

لەكاتێكدا رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسی ئاشكراكردن و گواستنەوەی راستییەكان بۆ خەڵك تیرۆر دەكرێن و بەشێكی تریان بەپاساوی بەزاندنی (ئازادی رۆژنامەوانی) لە زیندان توند دەكرێن ، ھیچ ھیواو ئومێدێكی ئەوتۆ بۆ بەرەوپێشچوونی بواری رۆژنامەوانی لەم نیشتیمانەی خۆمان بەدی ناكرێت، لەدوای راپەڕین ئومێدێك ھەبوو میدیا رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت و چەند ھەنگاوێكی بچووك نرا، بەڵام ھەر زوو ئەو ھەنگاوە كەوتە بەر ھەڕەشەی  سیاسییە بەرژەوەندی خوازەكان و میدیایان كردە داردەست و دەستەمۆی خواستەكانیان و داپۆشینی عەیب و عارەكانیان.

پاش 123 ساڵ تەمەن ئێستا رەوشی میدیا لە كوردستان لە ناوەڕۆك و پەیامدا لەو پەڕی خراپیدایە ، ناكرێت میدیاكاران لەنێوان دووڕیانی چاككردن و پەراوێز خستن رێگەی دووەم ھەڵبژێرن، بەڵكو دەكرێت ھەموان بە بوێری و بەدەنگی بەرز  ئەو دۆخە رەتبكەینەوە كە میدیای كوردی پێیدا تێپەڕ دەبێت ، ھەق وایە بۆ مێژوو بەرپرسیارییەتی ئەم قۆناغە ھەڵبگرین و رۆڵی گرنگی خۆمان ببینین لە راستكردنەوە و سەرپێ خستنی باری لار رۆژنامەگەری كوردی و كەسانێك نوێنەرایەتی ئەم بوارە نەكەن كە لە بازنە و گۆماوی بەرژەوەندیی خۆیاندا مەلە دەكەن. 

لەلایەكی تر كاتێك میدیا دەبێتە كەرەستەیەك بەدەستی بەشێك لە سیاسییەكان و كەسانی ئاست نزم و بێ مۆڕاڵ بۆ بەدیھێنانی ئامانج و كاری ناڕەوای تاقمێك كە جگە لەبەرژەوەندی و بازرگانی خۆیان بیر لە بنەماكانی مرۆڤ بوون و ئازادی رادەربڕین و سوودی گشتی ناكەنەوە، ئەو دەمە (میدیا) كاری دەبێتە پەردەپۆشكردن و میكیاژكردنی  كارە قێزەون و ناشایستەكانی نێو كایە جیاكانی ژیان بۆ ئامانجێكی دیاركراو، لەم دۆخەدا دەبێت ھەر چاوەڕێی ئەوە بكەین وەك كەشتی چارۆكەدار رەشەبایی رەشی رۆژگار ئاراستەی بكات نەك لۆژیك و ئەخلاق و بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی.

لەنێو ئەم گێژاوەدا ھێشتا ئومێدمان وایە ئەگەر تروسكاییەكی كەم مابێت بۆ گەڕانەوەی پێگەی راستەقینەی رۆژنامەگەری كوردی لەبار نەبرێت و پێكەوە ئەوانەی قەڵەم و ویژدانی خۆمان نەفرۆشتووە كارێك بكەین كەمێك نرخ و پێگە بۆ بوارەكە بگەڕێنینەوەو رێگە نەدەین لەمە زیاتر پیشەیەك كەلەسەر ئاستی دونیا پێگەو ناوبانگێكی كاریگەر و گەورەی ھەیە، لە كوردستان بەم جۆرە بێ بایەخ بكرێت و رۆژ لەدوای رۆژ  پێگە و كاریگەری لاواز و دەستەمۆ بكرێت .

بەشێك لەو سەرگەردانییەی كە میدیای كوردی تێی كەوتووە دەگەڕێتەوە بۆ زۆری و بۆری میدیاكان و دابەشبوونیان بەسەر بەرژەوەندی حزبی و كەسی و ئایدۆلۆژی، ھەریەكەو لەڕوانگەی بەرژەوەندی خۆی چەپۆكێك لە میدیا دەدات و سەركزو زەلیلی دەكات، ئەم ھۆكارانە وای كردووە راگەیاندنی كوردی  بەردەوام لە قەیرانێكی دروستكراودا بێت و بچێت، كارەساتە گەورەكەش لێرەدایە بەشێك لە میدیا بەپلان سەرقاڵی بنكۆڵكردنی ئەخلاق و دابونەریت و كلتوری كوردەوارییەو دەیانەوێت كۆمەڵگە لە رەگەوە لە ھەموو بەھا بەرزەكانی مرۆڤایەتی و رەوشت بەرزی دابماڵن.

ھاوشێوەی زۆرێك لە سێكتەر و لایەنەكانی تری ژیان بواری رۆژنامەگەریش لە كورستان لەچەقی  گێژاوێكی قوڵدایەو پێویستی بە شۆڕشێكی رۆشنبیری و كلتوری گەورە ھەیە، ھەركات گەیشتینە ئەو ئاست و قۆناغە دەتوانین شانازی بە خۆمان و پیشەكەمانەوە بكەین، لەدڵەوە دەخوازم ئەو رۆژە بەچاوی خۆمان ببینین .