خەڵک نازانن چ مەترسییەک بەڕێوەیە!

سەردەشت حەمە ساڵح


24/04/2021

واز لە ھاتوھاوارو مەوقیف فرۆشتن و خۆ دەرخستن و موزایەدە بھێنن خەریکە کۆتاییمان دێت!

ئەوەندەی دەتوانن وەرنە دەرەوە لەو جەنجاڵییە بێ سودو زیانبەخشەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دروست کراوەو تێیکەوتون! 
خەڵکی داماو،  ئایە دەزانن چ دێوەزمەیەک ئاسمانی گرتون؟ 
ئایا ئەزانن چ مەترسییەکی گەورە بەرەو رومان دێت؟ 
دەیزانن بەڵام بێ خواستی خۆتان کێشراونەتە ناو ئەو سەرقاڵییەی ھەمووانی گرتۆتەوە، قسە لەسەر ھەموو شت دەکەن و رۆژانە لە ھەڵچون و داچونی بۆچونی سەپێندراون! لە لایەن چەند پەیجێکەوە ھەڵدەسوڕێن و بیرکردنەوەتان چۆتە دەستی چەند ئاراستەکراوێک!
بەڵام خۆ دەتوانن بە خواستی خۆتان دور بکەونەوەو چیتر لەگەڵ فریودان رێ نەکەن.!

ئەزانن ئاو نییە؟!
ئایە کەمکردنی ئاوی دوکان و دەربەندیخان ھەروا ھەواڵێک بوو، بیستان و تەواو!
ئێوە کە خەریکی یەکتر شکاندن و ھێرشی ئەمبەرو ئەوبەرن ھەر بەراست ترسی نەمانی ئاوتان نییە؟ 
دەزانن بە سەدەھا کانی و سەرچاوەی ئاو وشک بون یان ئەمساڵ ھەر نەتەقیون؟
ئەمە جیا لەوەی چەندین ساڵە تورکیاو ئێران بەنداو دروست دەکەن و ئاو لە ئێمە دەگرنەوە، ئاقیبەتەکەی دەزانن چ کارەساتێکە!
خەڵکینە ئەم دەسەڵاتە قابیلی نەفرەتە، وەکو نەمانتوانی لایانبەین، وەرن با ھاوکاری یەکبین نەک دژی یەک، لەبری ئەو حەملە ناشرینەی راگەیاندن لەسەر شتی پڕو پوچ ئێوە سەرقاڵ دەكەن، با رێگە چارەسەر بۆ مەترسییەکان بدۆزینەوە، لەسەرو ھەموویانەوە مەترسی کەمئاوی.
فشاری نابەجێ و بێسود راگرن حکومەت بە کاری لابەلاو دۆزی بچوک سەرقاڵ مەکەن، ھاندەربین بۆ فریاگوزاری ھێشتا نەخنکاوین دەتوانین بگەینە رزگاری، لەمڕۆوە باشترە بکەوینە سبەی درەنگە.!
گەلۆ ئەوە شتی تر نییە، دەزانم بە جۆرەھا مەترسیدا ژیانمان بەرێ کردوە، بەڵام ئەمجارە نەمانی ئاوە. راستەوخۆ قومارکردنە لەگەڵ مردنی ژینگەو خۆشمان.
من ئەو دەشتو دەرو شاخانە دەبینم تۆقیوم، بڕواکەن پەیوەندی بەوەوە نییە کە بەڕۆژوم، بەڵام ترسم وەک ئەو زەوییە وشکەھەڵاتوانەی ھەرێم تینویەتی..
ئامان و سەد ئامان وەرنەوە ھۆشخۆتان، واز لەو تڕۆھاتانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێنن، ئێمە پێش ھەموو جیھان لێمان دەقەومێ.