باسو خواسی دەستور

جەمال سەرگەتی


23/06/2021


ماوەی زیاتر لە مانگێكە قسەو باسێكی زۆر لەسەر دەستور ھەیە ھەر لایەنێك بەبڕوای من راوبۆچونی جیاوازی ھەیەلەسەر نوسینەوەی دەستورێكی تایبەت بۆ ھەرێمی كوردستان لە كاتێكدا ماوەی ٣٠ ساڵە ھەرێمی كوردستان راگەیەندراوە ھەروەھا زیاتر لە ١٥ ساڵە عێراق دەوڵەتێكی فیدڕڵیە ، تاوەكو ئێستا ھەرێمی كوردستان دەستورێكی باش و تایبەتی نییە كە ئەوەش ھۆكارە بۆ ئەوەی زۆر ھەل  ھەبێت لەدەستی بدەین ".

دەستور كە باڵاترین و بنچینەترین یاسایە ھۆكارێكە بۆ بەھێز بوونی ھەرێمی كوردستان بۆیە من دەڵێم پێویستە دەستورێكی تایبەت بەخۆمان ھەبێت و ھەرچی زۆر دەستور بنوسرێتەوە".

بەبڕوای من ھۆكاری ئەوەی كە تاوەكو ئێستا ئەو دەستورەمان نییە ئەویش ئەوەیە كە لایەنەكان بە سەرەكی ترین ھۆكار دادەنێم كە نەیانتوانیوە یەكگرتووبن تاوەكو دەستورێكی تایبەتمان ھەبێت ھەروەھا عێراقیش بەشی خۆی ھۆكاربووە كە تاوەكو ئێستا ھەرێمی كوردستان دەستووری تایبەت بەخۆی نەبێت، عێراق ڕۆڵی نەرێنی بینیوە، دەستور بۆ ھیچ لایەنێكی سیاسی نییە بەڵكو بۆ ھەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگایەیە ، دەبێت بەشێوەیەك بنوسرێتەوە كە بە پلەی یەكەم ھاوڵاتی لێ سوودمەند بن ، ھەروەوھا دەبێت دەستور كۆكەرەوەی ھەموو بۆچونەكان بێت و مافی پێكھاتە و ئاینەكانی ھەرێمی كوردستان دیاری بكات ، پاشان گرنگی بدات بە ناوچە جێناكۆكەكان ئەوانیش لەم دۆخەی ئێستا رزگاریان بكات ".

بەبڕوای من دەبێت گەلی كورد بە سەرجەم حیزب و لایەنەكان و سەرجەم پێكھاتەو ئاینەكان یەكگرتووبن تاوەكو دەستورێكی یەكگرتوومان ھەبێت، نەك ھەر لایەنێك لەبەرژەوەندی خۆی دایتاشێت ، دەبێت لەم دەستورە نوێیەدا سەرجەم دەستەڵاتەكان دیاری بكرێت ھەر لە سەرۆكی ھەرێم تاوەكو  دەگاتە فەرمانبەرێك لەناو فەرمانگەیەكی حكومی".

دەبێت لەدەستوردا گرنگی بە سوپا یاخود ھێزی چەكدار بدرێت بە شێوەیەك سوپایەكی نیشتیمانی توكمە دروست بكرێت تاوەكو بەرگری لە ھەرێم و دەستورەكەمان بكات كە ئەوەش دەبێت لایەنەكان تەواو لەسەری كۆكبن ".

زۆر باس لە دەستوری ووڵاَتان دەكرێت، دەبێت ئەم جارە ھەرێمی كوردستان چاو لە دەستوری ووڵاتان بكات تاوەكو سوودی لێ وەرگرێت چونكە ھیچ نەبێت دەستوری ووڵاتان تایبەتمەندی خۆی ھەیە دەتوانێت بۆ ھەرێمی كوردستانیش ھیچ نەبێت ھاوشێوەی ئەو دەستورە بنوسرێتەوە و لایەنەكانیش دوبارە پابەند بن پێوەی ".

لەگەڵ  ئەوەی باسی دەستور دەكرێت خێرا باسی سەرچاوەی دەستور دەكرێت ، لە ئێستادا بەشێك لە پەیڕەوانی ئاینەكانی تر دەڵێن نابێت  ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكرێتە سەرچاوەی نوسینەوەی دەستور، بەڵام من دەڵێم ئیسلام بكرێتە سەرچاوە چونكە بەس ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەتوانێت مافی ھەموو پێكھاتەو ئاینەكانی تر بپارێزرێت كە ئەمەش سوودی زۆری دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا  ئایینی ئیسلام زۆرینەی  كۆمەڵگای كوردی پێكدەھێنێت، بەڵام دەبێت بەھەموو شێوەیەك  ڕەچاوی ئاینەكان و پێكھاتەكانی تر بگیرێت و مافەكانیان دەستەبەر بكرێت، بەبڕوای منیش لایەنە ئیسلامیەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دەبێت ئاینی پیرۆزی ئیسلام سەرچاوەی نوسینەوەی دەستوربێت".

چۆن ئەم دەستورە سەركەوتو دەبێت بە بڕوای من دەبێت دەستورەكە ناسنامەی گەلی كورد بێت واتە ھەڵقوڵاوی ئەم گەلە بێت، بنەما  و ئەرك و مافەكان دیاری بكات، تەنانەت ئەرك و مافی ئۆپۆسیۆنیش دیاری بكات، ھەروەھا  ئەرك و مافی كەمینەو پێكھاتەو ئاینەكانیش دیاری بكات ، دەبێت ھۆكارێك بێت بۆئەوەی یاسا سەروەر بێت، گەر بەم شێوەیە دەستوری ھەرێم بنوسرێتەوە ئەوا ھەرێمی كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە".

لە كۆتایدا ھیوا دەخوازم كە نوسینەوەی دەستور دەرگایەك بێت بۆ ھەرێمی كوردستان  كە سەرجەم ئەو قەیران و نەھامەتیانەی كە بەسەر ئەم ھەرێمە خێر لەخۆ نەدیوە ھاتووە نەمێنێت و تێپەرێت".