پەیامەكانی ماكرۆن.. سەردانێكی مێژوویی و شانازیی بۆ كورد

كـارۆخ خـۆشناو


29/08/2021

هاتنی (ئیمانوێل ماكڕۆن) سەرۆك كۆماری فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان و پێشوازی لێكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) جێگای شانازی و هەڵوەستە لەسەركردنە، چونكە هاتنی (ماكڕۆن) پەیامگەلێك لەخۆ دەگرێت لە ئاستەكانی (سیاسی و دیبلۆماسی و ئەمنی و ئاسایش و ئابوری و كەلتوری...هتد)

لە خوارەوە بە كورتی ئاماژە بە بەشێكیان دەكەین:

یەكەم پەیامی سیاسی و دیبلۆماسی: 
كۆماری فەڕەنسا (وەك وڵاتێكی زلهێزی ئەوروپی و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش) پشتگیری و پاڵپشتی خۆی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەم سەردانەی (ماكڕۆن) پەیامێكی ڕوونی فەڕەنسایە بۆ هەماهەنگی (سیاسی و دیبلۆماسی) لەگەڵ هەرێمی كوردستان، واتە لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی دەبێت لە سیاسەت و ستراتیژی دەرەوەی فەڕەنسادا، هەروەك چۆن فەڕەنسا لە ڕابردوودا پشتگیری ڕاستەوخۆی دەركردنی بڕیاری (688)ی كردووە، بەهەمان شێوە لە ئێستا و داهاتووشدا فەڕەنسا گرنگی دەدات بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

دووەم لە ئاستی ئەمنی و ئاسایش:
هاوكارییەكانی فەڕەنسا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن بەتایبەت بۆ شەڕی تیرۆر و پشتگیریكردن لە پێگەی سەقامگیری هەرێمی كوردستان، هەروەها فەڕەنسا لە چوارچێوەی هێزەكانی ناتودا بەردەوام دەبێت لە مانەوی لە عێڕاق و هەرێمی كوردستان لە دوای كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە كۆتایی ئەمساڵ.

سێهەم لە ئاستی ئابووری و ووزە:
فەڕەنسا گرنگیەكی زۆر بە فراوانكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات لەسەر ئاستی ئابووری و ووزە، چونكە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی تایبەتی هەیە لەسەر نەخشەی ووزەی جیهانی.

چوارەم لە ئاستی كەلتوری و پێكەوەژیان:
فەڕەنسا گرنگیەكی تایبەت بە پێگەی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە ئەم پێگەیە (پێگەیەكی یونیك و بێ وێنەیە) لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم سەردانەی (ماكڕۆن) بە هەموو پێوەرەكان سەردانێكی گرنگ و مێژووییە، چونكە وێڕای پەیامگەلی سەرەوە، پەیامێكی تایبەت ئاراستەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەكات و پێیان دەڵێت كەوا پێگەی جیۆپۆڵەتیكی هەرێمی كوردستان بەلای فەڕەنساوە گرنگیەكی تایبەتی هەیە و حكومەتی فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە ئەركی پاراستنی ئەم هەرێمە وەك پێگەیەكی سەقامگیر و قەوارەیەكی دەستوری و یاسایی.

(سەرۆكی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریكی-كوردی)