لەبارەی دروشمەكانی هەڵبژاردنی عیراق

سالار مەحمود


21/09/2021

 "دروشمە باڵاكانی هەڵبژاردن تا رۆژی دەنگدان بەرز رادەگیرێن، دواتر نزم دەنیشنەوەو دەكەونە ژێر مەلەفی دانوستانی پۆست و بەرژەوەندییە حزبیی و كەسییەكانەوە".

لایەنە كوردستانییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، هەر یەكەو بە دروشمێك چوونەتە ناو گۆڕەپانی بانگەشەكردن.

دروشمەكان هەڵگڕی روانگەی بانگەشەكاری لایەنەكانن، بەڵام هەمیشە بەرنامەو دروشم پێویستە واقیعی بن و لەگەڵ كردەو دیدگای لایەنەكان رەنگ بدەنەوە. لەوەش گرنگترو بەبنەماگرتن ئەوەیە جێبەجێ ببن و هەنگاوی كردارییان بۆ بنرێت.

یەكێتی و گۆڕان لە هەنگاوێكی ئەرێنیدا هاوپەیمانییان راگەیاندووەو، بە دروشمی "بەیەكەوە بەهێزترین" دەستیان بە بانگەشە كردووەو، وێنەی هەردوو سەركردە (مام جەلال و كاك نەوشیروان) لە بانگەشەكەدا بەكاردێنن. بەدەر لەهەرێم گرنگی ئەم هاوپەیمانییە لەوەدایە لەناوچە دابڕاوەكان پێكەوەن. دەبوو هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەناو یەك هاوپەیمانیدا بوونایە، چونكە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەم خولە بەجۆرێكە دەنگی تێدا زۆر دەفەوتێ بە پەرتی.

بەم میكانیزمە هاوپەیمانی كوردستان لە سلێمانی و كەركوك براوە دەبێت.

پارتی وەك لیستێكی ركابەری یەكێتی و گۆڕان بە "بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز" بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكات. جگە لە هەرێم و ناوچە دابڕاوەكان، لە ئەنبارو بەغداش كاندیدی داناوە. بە پێچەوانەی خولی پێشوو ئەم جارە چۆتەوە كەركوك و لەوێش بەشدارە.

پارتی لە دهۆك و هەولێر براوە دەبێت.

دروشمی ئەم دوو لیستەی سەرەوە نزیكە لەیەكەوە، هەردوو لایەن بانگەشەی بەهێزبوون دەكەن، بەڵام مەرجی بەهێزیی یەكبوونە، لانی كەم دەبوو لە ناوچە دابڕاوەكان ئەوەیان بكردایەو، نەیان كرد.

گرنگ ئەوەیە بتوانن بە پێچەوانەی زۆربەی خولەكانی رابردوو دەرس لەهەڵەكان وەربگیرێ و وەك دواین هەلی پرۆسەی خەباتی پەرلەمانی، فراكسیۆنێكی هاوبەش دروست بكەن.

نەوەی نوێ وەك لایەنێكی نوێ و بەشدار، بەدروشمی "سەردەمی نەوەی نوێیە" چۆتە ناو بانگەشەوە. گوتارەكانی دژ بە سیاسەتی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری كوردستانە. تەكنیكی قۆستنەوەی دەنگە ناڕازییەكانی هەرێم لە حكومەتی كوردستان و دەسەڵات بەكاردەهێنێت.

كۆمەڵی دادگەری دوای لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە حزبەكەیان، یەكەم جارە بەشدار دەبێ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەو ناوە نوێیەوە، بە دروشمی "بۆ دادگەری لەگەڵمان بن". ئەم لایەنە لێكگەیشتنی لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستان كردووە لە بازنەكانی هەڵبژاردندا. ئەم هەنگاوەی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیش یارمەتیدەری هاوپەیمانێتی فراكسیۆنەكانیانە لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستان لەخولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.

یەكگرتووی ئیسلامی بەمیكانیزمێكی جیاواز بەشدارە لەهەڵبژاردنەكە. بۆیە دروشمێكی مەركەزی گشتگیری نییە. تەنیا بەكاندید چۆتە ناو پرۆسەكەوە. چونكە یاسای هەڵبژاردن لەبەر ئەوەی سیستەمی تاكەكەسییە، دەرفەت دەدات.

ئاكام بە خوێندنەوەی دروشمەكان و ململانێی دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەسەر پۆستەكانی بەغدا، بە دوور دەزانرێت پارتی بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەی یەكێتی و گۆڕان پێكەوەو، بە لێكگەیشتن لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی زەمینەیان بۆ سازاندووە.

هیوا خواستن شتێكەو قوتاربوون لە گۆشەی تەسكی حزبیی و شەڕی پۆست شتێكی تر. كە وەك رابردوو دروشمە باڵاكانی هەڵبژاردن تا رۆژی دەنگدان بەرز رادەگیرێن و دواتر نزم دەنیشنەوەو دەكەونە ژێر مەلەفی دانوستانی پۆست و بەرژەوەندییە حزبیی و كەسییەكانەوە.