سیناریۆكانی پشت بە ئامانج گرتنی ماڵی كازمی چین؟

ئاوات خەیروڵڵا


پێش 2 هەفتە

-كازمی دووجار قوربانی دەبێت 

- لە چەند ڕۆژی نزیكی داهاتوو كۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی بەخێرایی ئەنجامەكان بەوشێوەیەی ڕاگەیەندرا پەسەندی دەكەن. 

هەرچەندە تائێستا قسە و  زانیاریی جیاواز لەبارەی ڕووداوەكە بڵاودەكرێنەوە و ڕای شەقامی عێراقی و بەشێك لە لایەنەكان سیناریۆ تا تەقینەوەی غاز و بە ئامانجگرتنی خودی كازمی لێكی دەدەنەوە، بەڵام هێرشكردنە سەر ماڵەكەی سەرۆك وەزیران لەنێو ناوچەی سەوزدا جێگای سەرسوڕمانە و چەند سیناریۆیەكی نێوخۆیی عێراقی و ئیقلیمی لە پشت ئەو هێرشە دەبینرێت، بەتایبەت بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەر هێرشێكی مووشەكی یاخود فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرابێتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا زەنگی ئاگادار كردنەوە لێدراوە و سیستمی بەرگری هێرشەكەی پۆچەڵكردووەتەوە.

سیناریۆكانی پشت هێرشەكە چین؟ 

ئەمڕۆ كە دوایین ڕۆژی جیاكردنەوەی تانەكانە لایەنەكان و شەقامی عێراقی و ڕایگشتی بە هێرشكردنە سەر ماڵی كازمی و لێكۆڵینەوەكان و ئەنجامدەرانی هێرشەكە سەرقاڵدەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند ڕۆژی نزیكی داهاتوو كۆمسیۆن  و دادگای فیدراڵی ئەنجامی تەواوەتی هەڵبژاردن پەسەند بكات، بەوەش خۆپیشاندان و تانەی لایەنەكان و فشارەكانی چەند هەفتەی ڕابردوو پوچەڵبكاتەوە و كۆمسیۆن لەو قەیرانە رزگار بكات كە نزیكەی مانگێكە هەڵبژاردن كراوە تا ئێستا بەس ئەنجامە بەراییەكانی ڕاگەیاندووە. 

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دوای ئەوەی چەند خۆپیشاندەرێك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژران دۆخی ئەمنی بەغداد خراپببوو دۆخەكە بەرەو تەقینەوەی زیاتر هەنگاوی دەنا، بەڵام هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گرژییەكانی خاوكردەوە و تۆپەكەی هێنایەوە ساحەی سەدر و هاوپەیمانەكانی. 

كازمی دووجار بووە قوربانی 

كازمی كە لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی جیاواز لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی خۆی نمایندەیدەكرد و چاوەڕواندەكرا سەرۆك وەزیرانێكی سەركەوتووبێت و جارێكی دیكە پۆستەكەی مسۆگەربكات، بەڵام دوای ئەوەی كە چەند جارێك هەوڵی لاواز كردنی حەشد و ئەو لایەنانەی دا و سەركەوتوونەبوو، لە هەڵبژاردنەكاندا تۆڵەی خۆی لەو لایەنانە كردەوە بەتایبەت دوای ئەوەی ئاشكرابوو كە دەستی لە ساخەتەكارییەكانی هەڵبژاردن هەبوو، بۆیە كازمی هەم جارێكی دیكە كورسی سەرۆك وەزیران لەدەستدا، بووە یاریكەرێكیش بەوە ناوزەند بكرێت كە شكۆی كابینەكەی شكاندبێت و حكومەتێكی لاوازی هەبووبێت.  

دۆخی عێراق بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟ 

هەرچەندە هێشتا زووە، بەڵام ئەگەر دەربكەوێت لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران ئەو كارەیان نەكردبێت بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران و ئەو لایەنانە گومانیان لە هێرشەكە دەربڕی و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەی دڵخوازی سەدرییەكان پەسەند بكرێت، ئەوا مالیكی و هاوپەیمانەكانی چاوەڕوان دەكرێت هەڵوێستێكی دیكە بگرنەبەر، چونكە كارتی خۆپیشاندەرانیان سوتا. ئەوەش وادەكات هێندەی دیكە پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز بێت.

ئەمریكا چاودێری دۆخەكە دەكات 

هەرچەندە بەپێی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و ئەمریكا دەبێت لە كۆتایی ئەمساڵەوە هێزە شەڕكەرەكانی ئەو وڵاتە لە عێراقدا بكشێنەوە، بەڵام هێرشەكەی ئەمڕۆ و خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهێز دەركەوتنی حەشد و لایەنە نزیكەكانی ئێران، ئەگەری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە واشنتۆن هەنگاوەكانی كشانەوەی خاوبكاتەوە، چونكە قەیرانی پێكهێنانی حكومەت زیاتر داودەكەوێت و دۆخی ئەمنی وڵاتیش بەرەو خراپی زیاتر هەنگاو دەنێت و چاوەڕوان دەكرێت پشێویی و شەڕی بەوەكالەت لە چیەند شوێنێكی دیكە ڕووبدەن هاوشێوەی ڕووداوەكانی دیالە. 

لایەنەكانی نزیك لە ئێران ئەگەرچی براوەش نەبوون بەڵام پەیامی چیان گەیاند؟   
ئەگەر چی لەم هەڵبژاردنەدا بەهەوڵی ناوخۆیی و ئیقلیمی ئەنجامدانی ساختەكاریی بە بەرنامە لایەنەكانی نزیك لە ئێران براوە نەبوون، وا خوێندنەوەی بۆدەكرا كە دەخرێنە دەرەوەی گۆڕەپانەكە، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان و ئەو هۆشداریی و هەڕەشە و خۆپیشاندانانەی ئەنجامیاندا پەیامێكی ڕوونبوو بۆ لایەنی براوە و هاوپەیمانەكانی كە ئێران هەر بە یاریكەر و جەمسەرێكی بەهێز دەمێنێتەوە لە عێراق.