بۆچی مەكتەبی سیاسی سزای نەدام...؟


3 رۆژ پێش ئێستا


(د.یوسف) وا ئیددیعا دەكات كە بەندە سیاسەتی "ی.ن.ك"و (مام جەلال)م جێ بەجێ نەكردووە. جارێ (د.یوسف) دوواین كەسە ئەو گلەییەم لێ بكات. چونكە ئەو لە حیزبێك و (بەندە) لە حیزبێكی تر. پێش هەموو كەس ئەبوو حیزبەكەم ئەو گلەییەم لێ بكات و لێ پێچینەوەم لەگەڵدا بكات. ڕەشنووسی كۆبوونەوەكانی ئەو ساڵانەی (مەكتەبی سیاسی) كە جەنابی (مام جەلال) سەرپەرشتی دەكرد هەموویان ماون و لای كاك (مەلا بەختیار) پارێزراون. گەردنیان ئازاد بێت و بچن لە یەكێ لە كۆبوونەوەكان ئەو بڕیارە بدۆزنەوە كە (بەندە) سەرپێچیم لە بڕیاری (مەكتەبی سیاسی)و (مام جەلال) كردبێت، سەبارەت بەو قسە ناڕاستانەی (د.یوسف) باسیان لێوە دەكات. جا (مەكتەبی سیاسی)و (مام جەلال) چۆن ئەوەیان لێ قەبووڵ كردم من سەرپێچی لە بڕیاری (مەكتەبی سیاسی) بكەم...؟ بۆچی سزایان نەدام. بۆچی لە (مەكتەبی سیاسی)و پەرلەمان دووریان نەخستمەوە...؟ یان (د.یوسف) هەندێ شتی بە خەیاڵدا هاتووەو ویستویەتی بیڵێ و بەس. باشە لە دوای من كاك (د.یوسف) خۆی بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرۆكی پەرلەمان بوو. بۆچی ڕەش نووسی دەستوری هەرێمی نەگەڕاندەوە ناو پەرلەمان و یاسای سەرۆكایەتیان هەموار نەكردەوە..؟ بە هۆی ناكۆكی حیزبەكان ئەو ڕەشنووسی دەستورە تاكو ئێستاش هەر لە شوێنی خۆیەتی و هەموار نەكراوەتەوە.

ئەو كارە خراپە (كەتنە)ی بە كاك (د.یوسف محەمەد)یان كرد. (گۆڕان) دەیویست بە (بەندە)ی بیكات. بەڵام هەروەكو پێشتر وتم: نە بەرنامەی سیاسی "ی.ن.ك" وابوو، نەخۆشم بڕواییم پێی هەبوو. بۆیە نەخەڵەتام و نەچوومە ژێر باری ئەو كەتنە. ئایا ئەنجامی ئەو كەتنەی (د.یوسف) چی بوو...؟  جگە لە دروست بوونی گرژی و ئاڵۆزی و دەركردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی گۆڕانیش لە حكومەتی هەرێم، ئایا چیتری لێ سەوز بوو...؟ دەركردن لە پەرلەمان بێ هیچ ئەنجامێك، دواتریش حیزبەكەی بوونەوە بە هاوپەیمانی ئەو حیزبەی (د.یوسف)یان دەركردو سووكایەتیان پێ كرد.

بەداخەوە، دیارە (د.یوسف) هیچ زانیارییەكی لە بارەی ژیانی (بەندە)وە نیە. من لە بنەماڵەیەكی موڵكداری ئاغای دزەیی دەشتی هەولێرم. خێزانەكەم (پەخشان  خانی حەفید) كە لە بنەماڵەیەكی خاوەن موڵكی ناودارو نیشتیمانپەروەری شاری سلێمانیە. هەر لە ساڵی (1975)وە هەردووكمان فەرمانبەری حكومەت بووین. هەموو كەسێكیش دەزانێ فەرمانبەری ئەو ساڵانە چەند ژیانێكی خۆشیان هەبوو. دوای چەندین ساڵ خەباتی نهێنی و پێشمەرگەو زیندان و شەق تێهەڵدان و خۆشاردنەوە ڕێگای خەبات‌و شۆڕشمان گرتە بەرو دەستمان لە مووچەو هەموو موڵكەكانمان هەڵگرت. تەنانەت گیانی خۆمان‌و مناڵەكەشمان (لاسك) كە هەر لە دایك بوونیەوە تاكو سێ ساڵیش لەگەڵ خۆمان بوو، خستە بەردەم مەترسی تۆپباران و ڕۆكێتی ڕۆژانەی سوپای عێراق. ڕۆژێك لە گوندی توژەڵەو، ڕۆژێكی تر لە گوندی باوزێ‌و، دواتر لە گوندی سەرشیوو، ئینجا لە بەرگەڵوو. دووجار ماڵمان سووتاوەو بەتانیە شڕەكانمان هەمیشە لەسەر پشتی وڵاخ بووە، لە شەڕی ناوخۆش تەنیا بە جلی خاكی پێشمەرگانە دەرچووین‌و ماڵمان تاڵان كرا. باسی ئاوارەیی و ژیانی كوڵە مەرگی دیوی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیش مەكە.

هەر لە تەمەنی شانزە ساڵیەوە تاكو ئەمڕۆش ڕێبوارێكی كاروانی ڕێبازی سیاسی شۆڕشی كوردستان بووم و هەرگیز لە چوار چێوەی ئەو سیاسەتە دەرنەچووم. لە دوای بنەبڕكردنی ئاگری شەڕی ناوخۆو ئاشت بوونەوەی "ی.ن.ك"و پارتیش هەمیشە دژی دوو ئیدارەو هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ بووم.

من گەردنی (د.یوسف) ئازاد دەكەم و حەواڵەی خوای دەكەم. خوا خۆی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات.
لەم نووسینەمدا كورتەیەكی كورتیشم لە ژیانی خۆم و بنەماڵەكەم باس كردووە. ئەی با بزانین كاك د.یوسف محەمەد چی بۆ گەلی كوردو نیشتیمانەكەی كردووە...؟ چونكە ئەو بەڕێزە (بەداوای لێبوردنەوە) وەكو سەركەوتوێك باسی خۆی دەكات و تۆمەت بەولاو ئەولادا دەبەخشێتەوە.