ئەركی ئایندەی كورد لە بەغدا

بورهان محەمەد فەرەج


پێش 2 هەفتە

یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٩ مانگی كانونی دووەم دەستپێدەكات، لەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆكی پەرلەمان و ھەردوو جێگرەكەی ھەڵدەبژێرێت، لەسەر بنەمای رێككەوتنی سیاسی و دابەشكردنی پۆستەكان، وەك نەریتی پێشووتر، سەرۆكی پەرلەمان پشكی سوننە دەبێت.

پاشتر گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی خۆی رادەگەیەنێت.

لەكۆبوونەوەكانی تردا سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە ھەڵدەبژێرێت، سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا كەسایەتییەك لە گەورەترین كوتلە دەستنیشان دەكات بۆ پێكھێنانی حكومەت لە ماوەی مانگێكدا.

بەپێی نەریتی سیاسیی، دەبێت ھەر لەئێستاوە، پێش كۆبوونەوەكان لایەنی بەشداربووی حكومەت كۆببنەوە، بۆ رێككەوتنی سیاسیی، واتە لەسەر بەرنامەی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، بە بۆچوونی من پۆستەكان بۆ شیعەو سوننە، گرنگترن بەراورد لەتەك كورددا، بەڵام پرسەكان، داواكارییەكان، مافەكان، جێبەجێكردنی دەستوور، بۆ كورد گرنگترە لە پۆستەكان، واتا  پێویستە كورد پێداگرێت لەسەر بەرنامە حكومییەكە و گرەنتییەكانی، لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی بودجە و دابینكردنی موچەی خەڵكی كوردستان، دامەزراندنی ئەنجومەنی فدراڵی، قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بكاتەوە.

خزمەت بە كەركوك و خانەقین و شنگاڵ و ناوچە دابڕێنراوەكان بكاتە پەیپەرێك و  بەیەك پاكێژ لە چوارچێوەی داوكارییەكانی كورد بێت.