رۆڵــــی خێر و سەرفیترە و زەكات لەئــــابـوریدا

سەركۆ یونس


13/04/2022



لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، موسڵمانان بەگشتی زەكاتی ماڵ وداراییەكانیان دەردەكەن، لە هەمان كاتدا خێری خێرمەندانیش بەردەوامە، هەروەها سەرفیترەی موسڵمانان، كەواجبە لەسەر هەموو تاكێكی موسڵمان، تایبەتە بەم مانگە دەردەكرێت. هەموو ئەمانە كاریگەریان هەیە لەسەر ئابوری، بازاڕ جموجوڵ پەیدا دەكات.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینی تەواوكاری كۆمەڵایەتییە. زەكات، ئەركێكی دارایی خواییە لەسەر موسڵمانان، كاریگەری لەسەر تاك وخێزان و كۆمەڵگاو تەنانەت دەوڵەتیش هەیە، زەكات جیاوازە لە باج، زەكات ئەركێكی ئایینی پابەندییە، شەرع دیاری دەكات، بەڵام باج، سەپێنراوێكی زۆرە ملێ ی حكومی یە، بەیاسا وەردەگیرێت، خۆدزینەوە و ڕاكردن لەباج، یەكێكە لەشێوازەكانی دەربازبوون لەباج، بەڵام لەزەكاتدا، هیچ جۆرە لادان و خۆدزینەوەیەك نییە.

خێركردن لەئیسلامدا، یەكێكە لە عورفە جوانەكان، موسڵمانان خێر و سەدەقەكانیان دەخەنە ئەم مانگە پیرۆزەوە، بەو پێیەی كە بە زیاتر دەنوسرێت، هەربۆیە زۆربەی هاونیشتمانیان لەم مانگەدا، بەشێك لەداراییەكانیان بەخێر و سەدەقە، خەرج دەكەن. هەر ئەمەش جموجوڵ لە بازاڕەكان دروست دەكات و خواستی هەمووەكی زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەسەر خواردن و خواردەمەنی و شیرینیەكان.

زەكاتی سامان و دارایی، لە ئیسلامدا، یەكێكە لە بنەماكانی ئیسلام، پێویستە موسڵمان پابەند بێت بەم ڕوكنە سەرەكییەی ئاینی ئیسلامەوە، لیژنەكانی فەتوا، بەپێی كات و شوێن و واقیع، ڕێژەی زەكات لەسامان و دارایی دیاری دەكەن، بە هەمان شێوە قەبارەی زەكات گەورەیە، لە ئابوری ئیسلامیدا پێگەیەكی گەورەی هەیە، دەركردنی زەكات لەماڵ و دارایی، كاریگەری هەیە لەسەر دابەشكردنەوەی داهات لەدەستی سەرمایەداران و دەوڵەمەندانەوە بۆ دەستی چینی هەژاران، بەمەش جیاوازی چینایەتی لە كۆمەڵگادا كەمدەكاتەوە.
لە لایەكی ترەوە، زەكات، بازاڕەكان ئەبوژێنێتەوە و داهاتی خێزانە هەژارەكان زیاد دەكات، خواست لەسەر شمەكی بەكاربردن زیاد دەكات، بەمەش بازاڕ جموجوڵ و گەرمی بەخۆوە دەبینێت.

سەرفیترەی ڕەمەزان، ئەركێكی ترە لەسەر موسڵمانان، كە پێویستە لەسەر هەموو تاكێكی موسڵمان، لە مانگی ڕەمەزاندا بیبەخشێت، سەرەڕای كەمی ڕێژەكەی، بەڵام بە بەراورد بە قەبارەی دانیشتوان زۆرە،  بەهەمان شێوە كاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی تاك و خێزانەكان و بڕی خواست زیاد دەكات.

بەداخەوە، لەهەرێمدا بەهۆی نەبوونی دەزگایەكی فەرمی حكومی، نەبوونی متمانە لە نێوان دەسەڵات و سەرمایەداران و دەوڵەمەنداندا، نەتوانراوە سوودی تەواو لەداهاتی زەكات و سەرفیتەرە وەربگیرێت.
پێمان وایە، ئەم شێوازەی دەركردنی زەكات و بەخشینی بەهەژاران بەشێوەی تەقلیدی، ئامانجە ئابوری وكۆمەڵایەتییەكان بەدەست ناهێنێت.
وەرگرتنی داهاتی زەكات بەم شێوەیە، لەلایەن هەر حزب و لایەن و دەستە و تاقم و ڕێكخراوێك، پاشان بەخشینەوەی بەسەر چینە موستەحەقەكاندا، كاریگەری ئەوتۆی نابێت، سەرەڕای گەورەیی قەبارەی داهاتەكان.
لەلایەكی ترەوە، گرنگە ئەو كەسانەی كەزەكات دەردەكەن لەماڵ و سامانەكانیان، بیدەن بە كەسانێكی دەستپاك و بە ئەزموون.

لەلایەكی ترەوە، بەهۆی نەبوونی داتا و زانیاری تەواو بۆ چینە هەژار و كەمدەستەكان، زۆربەی جار، ناڕوونی و دووبارەكردنەوە و پەراوێزخستنی تێدەكەوێت.

زەكات، هەژاری كەم دەكاتەوە، بەمەرجێك بە تەواوەتی دەربكرێت و ببەخشرێت بە كەسانێك كە شایستە بن، واباشترە زەكات، بەشێوەی سەرمایەی ڕاستەقینە بدرێت، وەك كڕینی ئامێرێك بۆ كاركردن و خستنەسەر كاری هەژاران و دەستگیرۆییان لە پڕۆژەی بچوكدا، بۆ ئەوەی لەساڵانی داهاتوودا، ئەم كەس و خێزانانە لە بازنەی هەژاری دەربچن، ببنە خاوەن كاری خۆیان.

زەكات و هاوشێوەكانی وەك خێر و سەرفیترە، كاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئابوری بە گشتی و سێكتەرەكانی بازرگانی و بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆر و بەكاربردن هەیە، لە هەمووی گرنگتر گەرمكردنی بازاڕەكانی هەرێمە، لەئێستادا كە بەداخەوە بەهۆی دواكەوتنی مووچە و نەبوونی بودجە بۆ وەبەرهێنان و نەبوونی كار و بەرزی ڕێژەی بێكاری و كەمی داهات، كە ئابوری هەرێم بەدەستییەوە دەناڵێنێت، زەكات و خێر و سەفیترە، ڕۆڵی گەورە دەبینێت بۆ بوژانەوەی بازاڕەكان.

لێرەدا، بەكورتی باسی هەندێ لە كاریگەرییە ئابورییەكانی زەكات دەكەین:-

یەكەم:- زەكات، بەشداری دەكات لەباشكردنی ئاستی بژێوی تاك و خێزانە هەژارەكان، لەڕووی فێركردن و تەندروستییەوە، تاك و خێزانەكان، دەتوانن بەشێوەیەكی كاتیش بێت، پێداویستییەكانیان بەدەست بخەن.
دووەم:- ئەركی سەرشانی دارایی حكومەت سووك دەكات، لە ڕێگای هاوكاریكردنی هەژاروكەمدەست وپیروپەككەوتوان، بەمەش كاریگەری باشی هەیە لە سەر بودجەی ساڵانە و خەرجی بیمەی كۆمەڵایەتی و پیر و پەككەوتوان و بە ساڵاچووان، لەسەر حكومەت كەم دەبێتەوە.

سێ یەم:- بەدەستهێنانی دوبارە دابەشكردنەوەی داهات و سامان لەكۆمەڵگادا، زەكات، بۆ خۆی هۆكارێكە بۆ دادپەروەری ئابوری و جیاوازی چینایەتی بەرتەسك دەكاتەوە.

چوارەم:-  هاوكاری وەبەرهێنان دەكات، چونكە ئەو كەسەی پارەوسامانی هەیە، پێویستە بیخاتەكارەوە، بەمەش بەسوود دەشكێتەوە بۆ ئابوری دەوڵەت، هەلی كار دەرەخسێنێت و بەرهەمهێنان زیاد دەكات.

پێنجەم:- زەكات و ئەمن و ئاسایشی كۆمەڵایەتی بۆ دەوڵەت بەدەست دەهێنێت، چونكە هەژاری و نەبوونی سەرچاوەی سەرهەڵدانی تاوانن، زەكات بەرهەڵستی تاوان دەكات بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ.

كەواتە، بەشێوەیەكی گشتی، خێر و زەكات و سەرفیترە، جگەلە دەرئەنجامی كۆمەڵایەتی و ئایینی، كاریگەری ئابوری گرنگی دەبێت، لەسەر تاك و خێزان و كۆمەڵگا.