كەلێنێكی گەورەی رۆژنامەگەری كوردی

سالار مەحمود


22/04/2022

لە رۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا، دەمەوێ ئەو راستییە بخەمە بەردەم رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی میدیاو رای گشتی كوردستان، كە لایەنێكی گرنگی ئێستاو مێژووی كورد فەرامۆش كراوە، ئەویش ئاوڕدانەوەی جدییە لە جینۆسایدی گەلی كوردو لێكەوتەو بەرپرسیارێتی میدیای بەرامبەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتی و مەترسیدارانەی رووبەڕووی گەلی كورد بۆتەوە. ئەم كەلێنە بەتەواوی ھەست پێدەكرێت، نە بەزمانی كوردی نە بەزمانە جیھانییەكان كە بەشێك لە سایت و كەناڵەكان بەشی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و توركییان ھەیە.

داوا لە نوسەران و رۆژنامەنوسان دەكەم بایەخی زیاتر بە جینۆسایدی كوردو تراژیدیای گەلەكەمان بدەن بەنوسین بەزمانە جیاجیاكان و دیكۆمێنتكردن و گەیاندنی بە رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە.

ئەركە لە كەناڵەكانی راگەیاندن بایەخ بە پرسی ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و جینۆسایدەكانی كوردستان بدەن، ھونەرمەندان فیلمی لەسەر بكەن، ناوەندەكانی زانكۆو پەیمانگاكان توێژینەوەی لەسەر بكەن.

بەمەبەستی ھاندان، پیرۆزبایی لەو نووسەرو خاوەن قەڵەمانەو كەناڵەكان دەكەم گەر بەڕێژەییش بێ، پرسی جینۆسایدی كوردیان كردۆتە خەمی نوسین و گەیاندنی تراژیدیای گەلەكەمان بە رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە.

ھانی كەناڵە حزبی و غەیرە حزبییەكان دەدەم بەشێك لەو بۆشاییە بەرینە پڕبكەنەوە، ئەمە بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی و ئینسانییە، لەھەمان كاتدا ئەركێكی رۆژنامەوانی و میدیاییە.

ئەرمەنەكان دوای سەد ساڵ میدیاكانیان رۆژانە دیمەنەكانی جینۆسایدی ئەرمەن پیشان دەدەنەوە وەك بەشێك لە پرۆسەی لەبیرنەكردن.

زۆرێك لەمیدیاكانی جیھان رۆژانە دیمەنەكانی ھۆلۆكۆست ئاوێتەی راپۆرت و وتارو نوسينەكانیان دەكەن، ئەمە جگە لە بەرھەم ھێنانی فیلمی نوێ بە بەردەوامی.

لە ئەفریقاش نەك ھەر رواندییەكان، زۆربەی میدیاكانی وڵاتانی ئەو كیشوەرە وەك بەشێك لە دەرس وەرگرتن باس دەكەن، لە ساڵێكا ھەموو رۆژو ھەفتەیەك بەبیری خۆیانی دەھێننەوە نەك تەنیا رۆژێكی بۆ تەرخان بكەن.

گەلانی دونیا ئەو ئەركە بە دەركردنی بەیاننامەیەك لەكۆڵ خۆیان ناكەنەوە وەك لای خۆمان و رۆژی ٤/١٤ ی ئەنفال، یا ٣/١٦ رۆژی كیمیابارانی ھەڵەبجە، یا ٤/٢٤ رۆژی بۆمبارانی قەڵادزە.

كاری میدیا جگە لە پیشەیی بوون و ھەبوونی ئیتیكی رۆژنامەگەری، ئەركی ئەخلاقی و ئینسانی و نیشتمانیشی ھەیە.