ڕووداوی كوشتنی دوو مامۆستاكەی هەولێر و قسەیەك لەسەر مامۆستا و خوێندكار

هەرێم بەهادین


29/06/2022


ئاشكرایە و هەمووان دركی پێ دەكەین كە لەم كۆمەڵگەیەدا چەند شیرازە شێواوین و چەند بە دەستی ئەنقەست شیرازە شێواوتر دەكرێین.

ساڵانی سەردەمی خوێندكاریی هەر یەكێكمان لە سەرەتایی تا زانكۆ، گەر وەك خۆی بەیان بكەین و بێ سڵەمینەوە، بەرباسیان بخەین، دەزانین كە ئێمە لە نێو كایەیەكی بەدەر لە بواری پەروەردە گۆش و جۆشدراوین و ئەو جێگەیەی كە زادگەی زانست و زانینە شوێنی ڕق ئەستووركردن و پیش خواردنەوە بووە لە مەنهەج و مامۆستا.

لێرەدا چەند لایەنێكی نەرێنی خوێندن و ڕەفتاری بەشێك لەمامۆستایان دەخەمەڕوو، ئەم باسەشم بۆ پاكانە بۆ كاكی بكوژ نییە و ڕۆحی ئینسان تەنها خالق دەتوانێت سەوداو مامەڵەی وەرگرتنەوەی بكات.

یەكەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەم، بەهۆكاری ئەوەی ناوم لە تەسكەرەكەمدا جۆرێك و لە ماڵەوەش جۆرێكی دیكە بوو بۆ بانگكردنم، كەوتمە بەر ڕەحمەتی لێدان و قسەی ڕەق، مانگی نەبرد لە وانەی بیركاریدا مامۆستای بیركاری قوتابخانەی گەلی پێشوو و كەمال كوردی ئێستا لەسەر ئەوەی بەخواری و دەستخەتێكی ناڕێك نووسیومە مقەستێكی لەجانتاكەی دەرهێناو هەڕەشەی بڕینی زمانی كردم، ئەو كاردانەوەیە تا ئەم ساتەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەرم هەیە  بەرامبەر بیركاری هەمیشە ڕقم لەمامۆستاكانی بیركاری و وانەكەشی بووە، هەرواشە مامۆستایانی ئەم وانەیە پیس و ڕژد و ناحاڵی لەبەر چاومن، چونكە بە تەمەنی خوێندكار بوونم بەر مامۆستایەكی شیاو لەم لایەنەدا نەكەوتم.

مامۆستای وانەی هونەر لەسەر وەختی فێركردنی سرودی ( لە پۆلی یەكەمینم كوڵی گەشاوەی ژینم، دەزانی بۆ بۆن خۆشم ئاوی زانست دەنۆشم) بەهۆی ناڕێكی لە وتنەوەدا كەوتە وێزەی سیان چوارێك، من بەو تەمەنە كەمەوە دركم بەوە دەكرد كە لە تەعزیبخانەیەكداین نەك شوێنێك بۆ فێر بوون و وەرگرتنی زانست.

ڕۆژان هات و ڕۆژان تێپەڕی وەرگرتنی زانست بەترسەوە، فێربوون بە ڕق لێبوونەوە و تەمبێكردن زۆر و زۆرتر دەبوو، یاسای قوتابخانە بوو دەبوو پەنجەی  دەستت لەسەر دەمت دابنێی و نوتەق لەخۆت ببڕی، ئەو منداڵە بزۆزەی ماڵ، دەبوو جوڵە جوڵ نەكات، پرسیار زۆر نەكات، دەنا بەر ڕەحمەتی شەق و گوێ ڕاكێشان و لێدان دەكەوت.

من تا هەنوكەش كە باس دێتە سەر مامۆستا (ك. كوردی)، ئازاری شوێن قەنافسەكانم دێنەوە ئارا ئەو هێند بێڕەحمانە بەو تەمەنە كەمەوە ئازاری دەداین دەتوت لە سزاخانەكانی ئەمن و هەیئە موخەریبی دەستكەوتووە.

ئێستاش كە باس دێتە سەر ناوی میكرۆب و بەكتریا، مامۆستا (ج)ی زانستم بیر دێتەوە چوون هێندەی دەوت «میكرۆب، دانیشە با نەیەم قەسفت بكەم» جا گەر بەقسەیت نەكردبا، بێ سێ و دوو بە مستەكانی دەستی، چوار پێنج كەشكی توندی ئاراستە دەكردیت و چەند هەڵماتێكی گلۆر لەسەرتدا دروست دەبوون.

تا ئەم ساتەش، بە بینینی سۆندە و دار حەیزەران ئەو كاتانەم بیر دێتەوە كە ڕیز دەكراین بۆ داركاریی جەنابی مامۆستا (ج) بەڕێوەبەر.

 كەم بوون ئەو مامۆستایانەی كە مام و وەستا بوون بۆ پەروەردەی نەوەیەكی بوێر و چاپووك، ئێستا ئەو چەپاندن و كەبتكردنە لە تاك بەتاكی كورد دا ڕەنگی داوەتەوە، چوون بە منداڵی بێدەنگ دەكراین و پەنحەیان پێ لەسەر دەم دادەناین.

لە قۆناغی ناوەندیدا، تا ڕۆژێك بەهۆی قەهر و توڕەییم دار حەیزەرانەكەم لە مامۆستا (ب) وانەی مێژوو لە ئاگری داغ نەگرت و فڕێم نەدا، دار حەیزەران ڕۆژانە چاك و خراپ بزۆز و هێمنی داركاری دەكرد و بووبووە دێوەزمە، جا چیرۆكی دوای ئەم دار فڕێدانە، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق كاتێك دیمەنی هۆڵەكانی لێدانی بەكۆمەڵم بینی خۆمم بیر كەوتەوە كە شەش مامۆستا، زۆر نامرۆڤانە كەوتنە وێزەم وەك ئەوەی دیواری كەعبەم ڕوخاندبێ بە شەق و جوێن بێنەو بەردەیان پێدەكردم، مامۆستا بە ئاشكرا ئیهانەی قوتابی دەكرد، یاری بە شعوری دەكرد، مامۆستای وانەی كۆمەڵایەتی كە دەهاتە سەر پرسیاری فڵانە ئاژەڵ لەكوێ زۆرە؟ ئاماژەی بۆ هاورێكانمان دەكرد و دەستی دەخستە سەر كەسێكمان و دەیوت؛( گوێدرێژ لە چ وڵاتێك زۆرە) و .....هتد .

ئەمانە مشتێك لە خەرواری ئەو زاتانە بوون كە مەشخەڵی زانست بوون و چاوگی فێركردنمان بوون، چەند جار پەشیمانی لەخوێندن و وازهێنان بەرۆكی زۆرینەمانی گرتبوو خودی خۆم بەناچاری و بە ترسەوە ڕووم لە خوێندنی ئێواران كرد، بەڵام لەوێ دۆخەكە زۆر پێچەوانە بوو مامۆستایانی زۆر جددی و ئەمەكدار هەبوون كە تا ئێستاش بە بیرهاتنەوە یان بینینیان شاگەشكە دەبم.

خولاسەی كەلام ئەوەیە ئێمە تاكێكی هەمیشە تێهەڵدراو و ڕووشكێن و پەراوێز خراو بووین، پەروەردەی ئێمە ڕق و كینە و بوخزی بەرامبەر یەكدی بەرهەمهێنا، هەر ئەو ڕقەی مامۆستا بەسەر ئێمەیدا هەڵدەڕشت ئێمەش لە دەرەوەی قوتابخانە و لە كۆڵان و بازاڕ دەمانڕشتەوە هەناوی یەكێكی دیكە، بێ هۆ زۆر جاران ڕقمان لەوی دی و ڕەنگی دی و شوێنی دی و هەزاران دی تر بووە، چوون خاوەنی پەروەردەیەكی شایستە نەبووین فێربوونمان هەمیشە بە لێدانەوە بەسترابووەوە بۆیە هەمیشە تاكێكی توند و شەڕانگێزین بێ تێگەیشتن لە ناوەڕۆك هەڵدەچین و بڕیار دەدەین.

مامۆستاكانمان زۆرینەیان جەللاد ك زیاتر هیچی دی نەبوون، ئەو سوراحییە نەبوون كە پیرەمێردی گەورە دیفەرموو سەر لە فروو دێنێ پۆ پیاڵە.

+ ئەم باس و خواسەم نەخوازەڵا بەرگریكردن نییە لەو قوتابییە بكوژەی دەستی بەخوێنی مامۆستاكانی سوور بوو، تەنها مەبەستم ئەوەبوو كە بڵێم  هەمووان قوربانین.