(١-٧)عیدمیلادی گووم بووەکان !

سەرکەوت رەسوڵ


01/07/2022

بۆ زۆربەی نەوەی حەفتاو هەشتاییەکانی عیراقییەکان رۆژی (١-٧) یادی لە دایک بوونییانە، ئەو مێژووە میزاجی شەخسی و گونجاندنی مەزەندەیە بۆ ئەوەی لە قەیدکردنی قوتابخانە تووشی سەرئێشەی پڕکردنی تەمەن و کورتهێنانی تەمەنی یاسایی نەبن وا بریاری لەسەر دراوە.

بیگومان نوکتەو بەسەرهاتی خۆشیش هەیە پیاو بۆ ئەو زەمەنە بیگێڕیتەوە !

کۆتایی نەوەدەکان لە کەمپێکی هۆڵەندابووین ، عادەت وابوو لە رۆژی لە دایکبوونی هەر کەسێک لەو پەناهەندانەی کە لەکەمپەکەدا دەژین ئەو رۆژە بە ناوی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپەکە پیرۆزبایی لە دایکبوونیان لێ دەکرد، لە هەندێک کەمپیش گوڵیان پێشکەش دەکرد و ناوی لە مایکرۆفۆن دەخوێنرایەوە.

واڕێکەوت رۆژی (١-٧)  ٩٣ کەس بوون رۆژی لە دایک وونیان بوو، بەڕێوەبەری کەمپەکە چاوی زەق بووەوە خێرە ئەو رۆژە ئەو هەموو خەڵکە رۆژی لە دایکبوونیانە، بیری لە گوڵ بەخشینەوە دەکردەوە نەدەکرا ! ناوی هەموویان بخوێنرێتەوە یەک لیستی درێژ بوو کە مایەی پێکەنین بوو ! تا لە کۆتایی بۆ بەڕێوەبەر و کاربەدەستەکانی کەمپەکە روون بووەوە کە ئەوە عادەتێکی قۆڕی عیراقیەکانە بۆ گونجاندنی قەیدکردنە زیاتر، بەڵام هێشتا پێیان هەزم نەدەکرا و دەیانگۆت ئێوە خەڵکی وڵاتێکی عەجیبن !