لەنێوان دوو ٣١ی ئاب دا

محەمەد ناوەندی


31/08/2022

٣١ی ئاب ئەو بەروارەی ئاراستەی هەموو هاوكێشەكانی لە كوردستان پێچەوانە كردەوەو لە شەوو ڕۆژێكدا ئەو مێژووە لای یەكێتی بوو بە خیانەتی مەزن و لای پارتی سەركەوتنی مەزن، لای یەكێتی شەرمەزاری و لای پارتی شانازی، بۆ یەكێتی برینێكی قوڵی بەردەوام و بۆ پارتی ساڕێژی برینێكی قوڵ.
 
بۆ یەكێتی كەوتنێكی بەئازارو بۆ پارتی سەركەوتنێكی بێ ماندووبوون و مەزن، بۆ  یەكێتی لەدەستدانی هەولێرو بۆ پارتی گەڕانەوەی یەكجارەكی بۆ هەولێر، بۆ یەكێتی دەیان لێكدانەوەی جیاوازو بۆ پارتی تەنها یەك لێكدانەوەی هەیە ئەویش سەركەوتن و بردنەوەی سیاسەت و جەنگ و بەلاداخستنی هاوكێشەكە لەبەرژەوەندی خۆیان …

دوای زیاتر لە چارەگە سەدەیەك تائێستا هیچ لایەك بوێری ئەوەی نییە گۆڕی شەهیدو بێسەروشوێنبووانی 31ی ئاب ئاشكرا بكات، ئیتر بۆچی ئەو هەموو هەراو دەهۆڵە بۆ ٣١ی ئاب، یەكێك بەخیانەتی مەزن بیری خەڵكی كوردستانی دێنێتەوەو یەكێك شانازی پێوەدەكات.

ئەو ڕووداوە دەبێ لێی بكۆڵینەوەو بەدواداچوونی زانستی بۆ بكرێ و بپرسین بۆچی ٣١ی ئاب ڕوویداوەو چۆن ڕێگری بكرێ لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەو جۆرە، چی بكەین و چۆن گیانی برایەتی و خۆشەویستی لەناو دڵی تاكی كورد بچێنین، بزوتنەوەی كوردایەتی گەورەترین گرفت و هۆكاری سەرنەكەوتنی لە ڕابردوو دووركەوتنەوە بووە  لەئامانجی ڕاستەقینەو بەلاڕێدابردنی ئاڕاستەی شۆڕش.

بۆیە ٣١ی ئاب بۆ شانازی پێوەكردن نابێت و چیتریش پێویست ناكات ئەو برینە بكولێتەوە، بەڵكو دەبێ دیراسەی هۆكارەكانی پشت ڕووداوەكە بكرێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەوجۆرە بكرێ، لەبارودۆخێكی وەك ئێستای عێراق.

كاتی ئەوەیە واز لەو دروشم و دێڕە بریقەدارو بێ بەرهەمانە بێنن و لێرەو بەدواوە فەرهەنگی سیاسیی و ووتاری سیاسی كوردی پڕبكەنەوە بەگیانی تەبایی و برایەتی و لێبوردەیی و بەیەكەوەژیان، بەهێزكردنەوەی گیانی برایەتی با بكرێتە ئەولەویەت و هەمووشتێك بۆسەركەوتنی كوردستان و كورد ئامانجی یەكەم و كۆتایی بێ، با ڕابردووی ناشیرینی گەلەكەمان نەبێتە هەوێنی كاری داهاتوو لەكاتێكدا هەموو ڕۆژێكی ساڵ لەبڕی ٣١ ی ئاب دەیان دەستكەوت و داستانی پڕشانازی هەن بیری شەقام و تاكی كوردی بخەنەوە، كاتی ئەوە هاتووە رابردووجێ بهێڵین و نەوەی ئێستاو ئایندە بەگیانی كوردانەو پێكەوەژیانی ئاشتیانە گۆش بكرێن، گەلی كوردستان مارانگەستەی شەڕی براكوژی و دووبەرەكییە، نابێ ئەو ئەزموونە تاڵە جگە لە نەفرەت لێكردن بەولاوە بەهیچ جۆرێكی تر  بیربخرێتەوە، كارەساتی ٣١ ی ئاب و هەموو ئەوانەی لەو كارەساتە دەچن لەمێژووی گەلی گوردستان تەنها بۆ ئەزموونكردن دەبن (نە بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و نە بۆ شانازی پێوەكردن نابن) با هەموو ڕووداوەكانی ناوەوەی ماڵی كوردی و شۆڕش بۆ ویژدانی مێژوو جێ بهێڵین، ڕێگە بدەین مێژوو حوكمی خۆی بەسەردا بكات.

٣١ی ئاب بۆ هەردوو حیزب  ( پارتی و یەكێتی ) دەرەنجام و بەرهەمی شەڕی براكوژی بوو، ئەو ڕووداوە و هەموو هاوشێوەكانی لەمێژووی خەباتی رزگاری نیشتمانی گەلاندا دەبێ ئاسەواریان بسڕێتەوە و كار لەسەر راستكردنەوەی بكرێ.

دوای ئەو هەموو ساڵانە هەرێمێكی سێ پارێزگاو نیوی دوو حكومەتی هەیە، دوو ئیدارەی سەربەخۆی شاراوەو داتاشراو لەناو یەك حكومەتی تێدایە، ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دیفاكتۆی سیاسی زاڵە بەسەر وێنەكەیدا، ئەگینا لەبنەڕەت هیچ نەگۆڕاوە، لە نێوان هەردوو هێڵی بەریەككەوتن و بەپێوانەی یەك كیلۆمەتر دوو پرسگەی یەك حكومەت هەن، شەرمەو زۆریش نەنگییە یادی ٣١ ی ئاب دەبێ بكرێتە هەوێنی بنیاتنانەوەی نیشتمان و خەم هەمووان دابگرێ، نەوەك میدیا بتەنن بە جنێوو خۆشكردنی ئاگری دووبەركی، ئەزموونی گەلانی دونیا ببینن و روداوەكەی ناو پەرلەمانی عیراق و كۆشكی كۆماری بەهەند وەربگرن، خەڵكی كوردستان لێوان لێوە لە تووڕەیی لەهەردوولا خۆتان كارێك مەكەن پەشیمان داد نەدات.

بەڵێ لەدڵەوە دەڵێم ٣١ ی ئاب با لەبیربكەین و دەست بە دەسكەوتەكانمانەوە بگرین، تەنها شتێك پێویستە لەوڕۆژەدا بكرێ داوای لێبوردنە لە بنەماڵەو كەس وكاری سەربەرزی شەهیدان.