مام جەلال و شایەتیدان لەدادگایی سەدام حسێندا

سالار مەحمود


26/10/2022

بۆ زانینی ھەڵوێستی سەرۆك كۆماری عیراق مام جەلال، لەبارەی دادگاییكردنی سەرۆك كۆماری پێشوو سەدام حسێن، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت و كەناڵی ئەلعەرەبیە لەدەستپێكی دادگاییەكەدا بەجیا چاوپێكەوتنیان لەگەڵ سەرۆك مام جەلال كرد. لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگاییەكەش بۆچونی خۆی خستەڕوو. بابەتی دادگاییكردنی سەرۆك كۆماری پێشووی بەستۆتەوە بە گۆڕانی حوكمڕانی لە عیراق و، كۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی. لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كەپێی وترا رژێمی سەدام لە ئەنفالدا ئێوەی بەئامانج گرتووە وەك شایەتحاڵ بەشداری دەكەیت لەدانیشتنەكانی دادگادا؟.

لە وەڵامدا سەرنجی دادگاو رای گشتی و یاساناسانی بۆلای خۆی راكێشا. مام جەلال وتی:-(كاتێك دادگا بانگم بكات ئامادە دەبم) ئەم دەستەواژەیە، 'دادگا بانگی بكات' لەمەغزادا چەندین خوێندنەوەی نوێ لەژیانی سیاسیی، بەتایبەتی پێگەی سەرۆك كۆماری عیراق هەڵدەگرت بۆ ئەو ساتەوەختە، چونكە ئەمە یەكەم جار بوو سەرۆكێك لەماوەی زیاتر لە سی و پێنج ساڵی رابردووی ئەم وڵاتەدا بەئاڕاستەیەك قسە بكات, كە دەرخەری ئەوەبێ هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێك چیتر لەعیراقی دوای بەعس و دیكتاتۆریەتدا لەسەرووی دادگاو یاساوە نابێت. سەروەریی یاسا پارێزراو بێت و هەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسان بن. لەنزیكترین كاردانەوەدا بۆ ئەم دەستەواژەیەی بەكاری هێنا، جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی دادگاكە رایگەیاند: مانای ئەوەیە عیراق خێری بەسەردا باریوە كە مام جەلال بەم دەربڕینە رێز لە دادگا و یاسا دەگرێت. ئەمە با ببێتە بنەما بۆ ھەمووان. هەروەها وتی: یەكەم كەسیش كە ئەمەی خستە چوارچێوەی دەستەواژە راستەقینەكەیەوە، مام جەلال بوو. بۆ سەرۆك كۆمارێك كە هەموو تەمەنی لەخزمەت ئازادی و  بەدەستهێنانی مافە زەوتكراوەكاندا بەخەرج دابێت. بەسەختترین رێگای خەبات لەشاخ و شیاوترین شێوازی سیاسی و  دیبلۆماسی بۆ دژایەتیكردنی دیكتاتۆریەت گرتبێتە بەر، دەبێ بەو جۆرە هەڵوێست بنوێنێ.

مام جەلال مافپەروەر بووەو لەڕێگای ھەڵبژاردنی ئازادی گەلانی عیراق بووە سەرۆكی عیراق. ئەگەر وەكو شایەتحاڵیش بەشداری دادگای بكردایە ئاسایی دەبوو, چونكە خۆی كەسێكە رێبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی شاڵاوی ئەنفالی كردوەو؛ لەنزیكەوە لەگەڵ خەڵكدا ژیاوەو هێرشی كیمیایی كراوەتە سەر. وەك كەسێكی ئاساییش زەرەرمەند بوەو، ماڵیشی وەك ھەزاران خەڵك و شایەتحاڵەكانی تر رووخێنراوە. 

كاتێك حوكمی لەسێدارەدان بۆ سەدام حسێن دەرچوو لەسەر دۆسیەی دوجەیل. بەپێی حوكمە بەركارەكانی یاسا لە عیراقدا دەبێت سەرۆك كۆمار واژۆی ئەو حوكمە بكات. 
كە حوكمی لەسێدارەدانەكە دەبرێتە بەردەم سەرۆكی عیراق مام جەلال، واژۆی بڕیارەكە ناكات. دیارە لەبەر دوو ھۆكار خۆی لە شوێنی جیاجیادا ئاماژەی پێكردوە.

یەكەم:  لەسەردەمی پێش رووخانی رژێمی سەدام، مام جەلال وەك پارێزەر ئیمزای لەسەر لائیحەیەكی نێودەوڵەتی كردوە بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان لە جیھاندا ھەڵبوەشێتەوە. لەچاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقی ئەوسەت جەخت لەو خاڵە دەكاتەوە.

دووەم: وەك جێگری سەرۆكی رێكخراوی ئینتەرناسیۆناڵی جیھانی. وەك چەترو رێكخراوی سەرجەم حزب و پارتە سۆسیالدیموكراتەكانی جیھان، گونجاو نەبوو. وەك خۆشی دەڵێ لەبەر ئەوەی من ئیشتراكیم تەحەفوز ئەكەم و ئەو ئیشە بۆ دوو جێگرەكەم بەجێدێڵم.

كاتێك مام جەلال بەو هەڵوێستەوە بیروبۆچوونە راستەقینەكانی خۆی لەسەر پرۆسەی دادگایی سەدام و سەرانی تری رژێمەكە دەردەبڕێت، دەبێتە جێگای مشتومڕی ھەمە لایەنە لە دونیای عەرەب و، رای گشتی عیراق بەتایبەتی. میدیاكان ئەو ھەڵوێستە كۆنەی سەدامیان تازە كردەوەو باس دەكردەوە لەبارەی مام جەلالەوە كە بڕیاری لێبوردنی بۆ ھەموو كەسانی دژ بە رژێمەكەو موعارەزەی كوردستانی و عیراقی دەردەكرد. لە خواری بڕیاری عەفوەكەدا دەنوسرا ئەم لێبوردنە تەنیا جەلال تاڵەبانی ناگرێتەوە. واتە تەنیا كەسێك دەرفەتی ژیان و مانەوەی نەدرابێتێ لەعیراقدا لەلایەن سەدام و رژێمی بەعسەوە مام جەلال بووە.

ئەوەش دەرخەری ئەوەبووە رژێمەكەی سەدام حسێن لەیەكەم ھاتنە سەر دەسەڵات لە كودەتای سەربازی دوانەی ( بەكر - سەدام) لە ١٧/تەموز/١٩٦٨ ەوە، مام جەلالی بەمەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتەكەی زانیوە. تواناو رێبەرایەتیكردنی ئەویان بۆ وەرچەرخان لە عیراق لایان شتێكی دیراسەكراوو چاوەڕوانكراو بووە. لەبەر ئەوەش هەر كاتێك ئەو لێبوردنە ساختەیەی ساڵانە لەبۆنەكانی بەعس و موناسەباتەكانی خۆیاندا بۆ (یاخیبوان) دەریان دەكرد. لەدوا دێڕی (عافوات) ەكانیاندا ئەو دێڕە دەنوسرا (ئەم لێبوردنە هەموو كەسێك دەگرێتەوە لەدەرەوەو ناوەوەی وڵات تەنیا جەلال تاڵەبانی نەبێت). وەك شایەتحاڵێكی ناو رووداوەكانی ئەنفال و هەم وەك شكایەتكارێك لەسەر ئەو ستەمانەی دەرهەق بەخودی خۆی و  گەل و نەتەوەكەی كرا، بەبۆچوونی من ئاسایی بوو مام جەلال بچێتە بەردەم دادگا، بەڵام نەچوو.

لە شوێنێكی تردا مام جەلال لەبارەی دادگایی سەدام حسێن و رۆڵی دادگاییەكە پرسیاری لێ كرا، لە وڵامدا وتی 'من وەك سەرۆك كۆمار ھەرچۆن و بەھەر بارێكدا قسە بكەم لەوانەیە كاریگەری لەسەر رەوشی دادگاكەو بابەتی سەربەخۆیی دادگاكە دابنێ، بەڵام دادگاییكردنی ئاشكرای سەدام حسێن یەكێكە لە ئاماژەكانی گۆڕانكاری'.

لە سەردەمی خەباتی شاخیشدا كاتێك دادگای شۆڕش سزای ئیعدامی دەركردبێت بەدەگمەن مام جەلال وەك رابەری شۆڕشی نوێ واژۆی كردوە.

ئەو ساتەوەختەی حوكمی لەسێدارەدان بۆ سەدام دەرچوو لە شەقامەكانی بەغداو شارەكانی تر شەڕێكی خوێناوی لەنێوان سونەو شیعە بەرپابووبوو لە ژێر ناوی ئیرھاب و دەسەڵات!

مام جەلال لەم مەسەلەیەدا دور بین و ورد بوو، نەیدەویست كێشەی قوڵ و مێژوویی  لەنێوان سونەو كورد دروست ببێ، لەكاتێكدا دەیزانی ئەگەر بڕیاری دادگاش واژۆش نەكات سەدام ھەر لە سێدارە دەدرێت و شیعەكانی كاربەدەست مەبەستیان بوو رۆژێ زووتر كۆتایی بەژیانی بھێنرێت.

ئەو خۆ بەدورگرتنەی لە ئیمزاكردنی حوكمی لەسێدارەدانی سەدام دوربینی مام جەلالی دەرخست و ستایشی ھەڵوێستی كرا، لەبەرامبەردا تووشی رەخنەش نەبوەوە. نە لە كوردستان و عیراق، نەلەئاستی جیھانی عەرەبیش.

چونكە شۆڤێنیەتی عەرەبی نیگەران بوون بە بڕیاری لەسێدارەدانی سەدام، نەك ھەر ئەوە بۆ لەسێدارەدانی تارق عەزیز جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە،  مام جەلال لە رێگەی كەناڵی فرانس ٢٤ ی فەرەنسیەوە بەمیدیاكانی جیھانی راگەیاند ئیمزا لەسەر حوكمی لەسێدارەدانی ناكات. وتی لەبەر ئەوەی تەمەنی لەحەفتا ساڵ تێپەڕی كردوە.
تارق عەزیر لەبەر ئەوەی مەسیحی بوو دەوڵەتی ڤاتیكان بە رەسمی داوای لە عیراق كرد، لە سێدارە نەدرێت.

رووسیاش ئەو داوایەیان كردبوو سزاكەی بگۆڕدرێت.
جگە لەم بابەتە چیرۆكی زۆر لەنێوان مام جەلال و سەدام وەك دوو نەیارو دوژمنی  مێژوویی ھەبووە.
دوو ھەفتە پێش رووخانی سەدام لە ٢٠٠٣/٣/٢٦ نامەی بۆ مام جەلال نارد كە پشتگیری ئەمریكیەكان نەكات لە رووخاندنیدا، لە نامەكەدا باسی ئازایی مام جەلال دەكات لە بڕیاردا. ھەروەھا زمانی نامەكە ھەڕەشەی دیبلۆماسیانەی تێدایە كە ئەگەر لە( باكور) ەوە ھاوكاری ئەمریكیەكان بكەن عاقیبەتی باش نابێت.  مام جەلال لە ٢٠٠٣/٤/٤ پێنج رۆژ پێش كەوتنی، وڵامی نامەكەی سەدام دەداتەوەو، بۆی دەنوسێ" بیستم و دواتر نامە ھەڕەشە ئامێزەكەتانم خوێندەوە كە بۆ منتان ناردبوو، ھەرچەندە بە ئاواتەوە بووم نامەكەتان بەمەبەستی ئاشتبونەوەی نیشتمانی بوایە، لەسەر بنەمای كۆتایی ھاتنی دكتاتۆریەت و دامەزراندنی حوكمێكی دیموكراسی پەرلەمانی فیدراڵی فرەیی لە عیراق. بەداخەوە ئێوە دەرسی پێویستتان لەكارەسات و ماڵوێرانی وەرنەگرتوە. كە بەھۆی دیكتاتۆریەتی سەرەڕۆوە بەسەر گەلی عیراق و ئابوریەكەی و سوپاو قەوارەكەو شەڕی ناوخۆو ھەرێمایەتی و جیھاندا ھات. ھەڕەشە كردنتان بۆش و پووچە. چونكە سەركردایەتی ھاوبەشی كوردی رایگەیاندوە كەلە موسڵ و كەركوكەوە ھیچ جەبھەیەكی باكور نیە. دواتر ئێوە بە درێژایی حوكمتان گشت جۆرە زوڵم و دوژمنكاریەكتان دژ بەگەلی كوردستان كردوە، كە باپیرانتی حەواندەوە، كاتێ والی بەغدا لەسەردەمی عوسمانیدا، ھەڕەشەی لەناوبردنی لێكردن. ئێوە وەك یەكەم حاكم كە دەستی بۆ چەكی كیمیایی بردبێ دژی گەل و ھاونیشتمانی خۆی، چووە مێژووەوە. بە ئاشكرا شانازیتان بە چالاكیەكانی ئەنفالەوە كرد. كە تاوان و دوژمنكاریەكی قێزەونی لەمێژوودا بێ وێنەیە. ھێزەكانی ئێوە گشت گوندو شارۆچكەیەكی كوردستانی عیراقی وێران كرد.......ھتد.

بەڕێز سەدام حسێن گەر ئێوە دڵسۆزی بەرگریكردنن لە عیراقی مەزن ئەوە بەجەنگی ماڵوێرانكەری دۆڕاو كە ئەنجامەكەشی روون نابێ، بەڵكو بەوە دەبێ كە دەست لەكار بكێشنەوەو دەستبەرداری حوكم ببن و بیدەنە دەست وەزارەتێكی نیشتمانی ھاوپەیمانی گەل و نیشتمان، كەلە شەڕی دیكتاتۆری رزگاری بكات. بەم جۆرە كۆتایی بەژیانی سیاسی خۆت بھێنی.....

سڵاو لەو كەسەی رووی لە روناكیە.

مام جەلال ٢٠٠٣/٤/٤".. 

ئەوەبوو ئەمریكاییەكان بەشێك لە بینا گرنگەكان و دامەزراوەكانی بەغدای پایتەختیان وێران كرد ئینجا سەدام لە ٢٠٠٣/٤/٩ بەجێی ھێشت و چووە كونەوە.