دوو رۆژ لەناو گۆڕە بەكۆمەڵەكان


17/05/2023

 

بیابان تایبەتمەندی جیاوازتری ھەیە لە ناوچەی شاخاوی و دامێنی گرد و  تەنانەت ھەردەی گەرمیان، بە رۆژ گەرماییەكی وشك و شەوانی سارد و ئاسمانی پڕ ئەستێرەی درەوشاوەو زەمینی تەخت و پڕ بیم.
ھەتا مەودای گوێ ئەبیستێ بێدەنگی و ژیان پڕ لە خامۆشی. ھەر لە جادەی گشتی لاتدا رێگاكان دەتبەن بەرەو قوڵایی چۆڵی و رێگای تەخت و لماوی پڕ ئەبێ لە قەتارەی تەپ و تۆز. رێگایەكی دورو پڕ لە ھەستی غەریبی و تەنیایی، وەكو ئەوەی سامۆیل بیكت ئێژێ: ڕێگاكان زۆر دوور دەرئەكەونەوە كاتێ مرۆڤ بە تەنیا ئەیانبڕێت.
ئەمە جاری سێیەمە رێم دەكەوێتە ئەو سەحرای سەماوە، ھەموو جارەكان ئاھو ناڵەی حاجی ئاسكەكان و دادە شازەو ئامینەی گوندی توكن وتاسانی تاقانەكان و قورئانە سەوزەكەی بن دەستی حسێن تاڵاوی و ئەو ھەموو جەرگ سوتاوانە عەرشی بیابانەكان پڕ دەكەن لە ناڵەی تەڕو بەھاواری تاساو بێدەنگی سەحرا ئەھەژێنن.
بە چاوی خۆم دیم ئەو بیابانە ئەوەندە شەرم دایگرتبوو، تا چاوی تەنیایی بڕ ئەكا لم زایبوە چاوەكانی و، خۆی بێدەنگ كردبوو،لەھەشتاو ھەشتەوە بیابان تووشی دەردە شەرمی ھەناویی ببوو، ئەم ساڵانەی دوایش و دوێنێ و پێرێش بینم ھێشتا بەھەموو پانتایی خۆی شەرمی لە بینینی وەھابی تاقانەو سەبری و سەباحی كونەكۆتر، ئاواز و رۆستەمی ئاوایی توكن و تابان و جەمال وارانی و ھێمنی جەلەمۆردو م رێبازو حەسەنی ھۆمەربل ئەكات. 
لەم بیابانە ھەر تەپۆڵەیەكت لێ ئەبێ بە شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵ بێ ئەوەی بە خۆت بزانی ئەبیتە كەسی خۆ گوم كردوو بەدوای ئێسكی لم رەنگبوو بەدوای پروسكی وشكھەڵاتووی نەتەوەدا ئەگەڕێی، بەدوای زمانی ژێر خاك خراوو، خۆرو مانگی دزراودا ئەگەڕێی. سەحرا تولانی و درێژە بەقەد حیكایەتە نەبڕاوەكانی بنەی جاف.
دەستێكی بێ ھەرەكەت لەسەر گەچی دیواری ھۆڵێكی قەڵاكەی نوگرە سەلمان  نوسینێكی ھەڵكۆڵراوی جێ ھێشتوەو ئەڵێ ئیتر ژیان بەرەو ئاوا بوون ئەڕواو تەواو سەمونیشتمان نادەنێ!
قەڵای نوگرە سەلمان وەك دەمی ئەژدیھا پڕە لە ھۆڵی گەورە گەورەو پەنجەرە بە شیش ئاخێنراو،پڕە لە پایەی راگرتنی ستەم، قەڵا بە بەردو گەچی ئەوێ بۆ غەدر ھەڵچنراوە، هەر پایەو بەردێكی شایەتی چیرۆكێكە. لە یەكێك لە راڕەوەكانی ناو قەڵاكەدا دوو كوڕی پێست ماندوو لە ھەشتاو ھەشت پێنج شەش ساڵان بونە بۆیان باس كردم لە راڕەوەكەی لای ئەو قادرمەی ئەچێتە سەرەوە بەرەو ژوورەكەی عەجاج یاریان دەكرد،
یاریەكەش ئەوەبوە بزانن كامیان زۆرترین ئەسپێ لە لەشی خۆی لێ ئەكاتەوەو ئەیكوژێ.
جەلال وتی لە ناكاو لە پێ پلەكانەكەوە ھەوا پارچە رۆژنامەیەكی بە ئاراستەی ئێمە بۆ خوارەوە ھێنا. دیاربوو رۆژنامەكە چەوریەكی شیرینی لەسەر بوو ئێمەش بە زمان لێسامانەوە شیلەی پاقلەوای پێوە بوو. ئەوە رۆژێكی خۆشبوو بەلامانەوە.
لەناو ئەو راڕەوانەدا  ژن و پیاوەكان دوو دوو سێ سێ سەر ئەكەن بەیەكدا رۆژمێری مەرگی ئازیزانی خۆیان لە برساو لە تینوا دەگێڕنەوە.
حكومەتە فیدراڵە ھەست مردوەكەی بەغدا رۆژی ٥/١٦ ی ھەموو ساڵێكی كردوە بە رۆژی گۆڕی بە كۆمەڵ بەڵام ساڵانە بیریان ئەچێتەوە بە راگەیەنراوێكیش خەجاڵەتی خۆیان رابگەیەنن بەرامبەر ئەو  دۆسیە پەراوێزخراوەی ناو بەرنامەی كاروباریان،حكومەتە دوو زۆنیەكەی كوردستانیش وەك ئەوەی لاسایی بەغدا ببێتە دەستكەوتی نیشتمانی ئەو رۆژە نیشتمانیە، ئەو تراژیدیا ئینسانیە بە بەیاننامەیەكیش بەسەر ناكاتەوە.
دوو رۆژ بەھاوسەفەری عومەری ئەنفالستان و پشكۆی حەمەی رۆستەم و سمكۆ سابیرو ھێمنی گۆپتەپە، لەناو ئەو ھەموو ژان و جەخاری بێباكی و چیرۆكی بێ كەسی كوردەدا زۆر گەڕاین و زۆرمان كنەو تەیكرد، بەڵام تێگەیشتین چەن بێباكە ئەم حكومەتانە، چەن خوێن ساردو بێ پرۆژەو كۆڵەوارو بێ خەمە دونیای سیاسەتی كورد لە ئاست تراژیدیا گەورەكەی كوردو مرۆڤایەتی، بەرامبەر بە ئەنفال.
بەڵام ناھێڵین مێژوو ئەم دۆزەخەی بیربچێتەوە!

سالار مەحمود