یەكێتی و پارتی بۆ وادەكەن؟

عارف قوربانی


22/08/2023

پێشتر بەپێی زانیاریی دزەپێكراوی ناو كۆبوونەوەكان و هەندێ لێدوانی ناڕاستەوخۆی بەرپرسانی پەیوەندیدار لەنێو هێزی پێشمەرگە، هەست بەوە دەكرا كە هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆستی كوردستان نیگەرانن لەوەی نەتواندراوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە هێزێكی حیزبییەوە بكرێتە هێزێكی نیشتمانی. ئەوەش دەگوترا نیگەرانییەكانیان گەیشتووەتە ئاستی ئاگاداركردنەوەی دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزبەكە كە ئەگەر بەو شێوازە هەر بەردەوامبن، كاریگەریی لەسەر پشتیوانییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت بۆتان.

روونە كورد گوێی بە هۆشدارییەكانیان نەداوە بۆیە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئاستێكی باڵادا و بە دەنگێكی بەرز و لەپێش چاوی رای گشتی جیهانی ماتیو مكفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، كورد واتەنی دای لە بنی كولەكەكە و بە راستەوخۆ ئەوەی راگەیاند، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانێت چاكسازییەكانی و پابەندییەكانی خۆی بە گوێرەی یاداشتنامەكە جێبەجێ بكات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ناتوانێت لە پێشكەشكردنی هاوكارییە سەربازی و ئەمنییەكانی بەردەوام بێت.

فەرماندەكەی هاوپەیمانان لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەیدا گوتی، نەبوونی وەزیری پێشمەرگە دامەزراوەكەی لاوازكردووە و پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی وەستاندووە. بۆیە هانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەین وەك نیازپاكی و پابەندییەكانیان وەزیرێك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بكەن. 

نەك هەر جێگەی پرسیارە، بەڵكو مایەی سەرسوڕمانیشە، پارتی و یەكێتی بۆ وادەكەن؟ لەكاتێكدا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی چەك دەدەن بە پێشمەرگە، مەشق و راهێنانیان پێدەكەن و مووچەی بەشێك لە پێشمەرگەیش دەدەن. لە بەرانبەردا داوایەكی قورسیان لە پارتی و یەكێتی نییە، پێیان دەڵێن ئەو هێزە چەكدارەی هەتانە و سەر بە ئۆرگان و بەرپرسە حیزبییەكانی ناو حیزبەكانتانن، بیانخەنە سەر حكومەتەكەی هەردوولاتان و سەر بە بەرپرسە حیزبیەكانی ناو حكومەتەكەتان بن. كەچی ئەم دوو حیزبە ئامادەنین ئەوەبكەن. یەكێتی حیزبی ماڵی مام جەلالە، كوڕی مام جەلال سەرۆكی تیمی یەكێتییە و جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام یەكێتی ئامادە نییە هێزە چەكدارەكەی بخاتە ژێر فەرمانی ئەوەوە. پارتی حیزبی ماڵی بارزانییە و كوڕی بارزانی سەرۆكی تیمی پارتی و سەرۆكی حكومەتە، كەچی پارتی ئامادە نییە هێزە چەكدارەكەی بخاتەژێر فەرمانی ئەوەوە. كار گەیشتبێتە ئەوەی ئەمریكا پێیان بڵێت، ئەگەر ئەمە نەكەن هاوكارییەكانتان دەبڕین و رەنگە پشتتان تێبكەین، كەچی گوێ بە هۆشدارییەكان نادەن.

هەر بەڕاستی نەك جێی تێڕامانە، بەڵكو مایەی ئەوەیە گومان بكرێت هۆكاری شاراوە لەپشتی ئەم هەڵوێستانەوە هەن. لەكاتێكدا هەردوولا دەزانن بە تێكەڵكردنی پێشمەرگە و یەكخستنیان لە چەند لیوایەكی هاوبەشدا، مانای ئەوە نییە هێزە چەكدارەكەیان لەدەستچووە. لە سەرەتای نەوەتەكان بەشێك لە هێزەكانیان تێكەڵكرد و لیوای هاوبەشیان پێكهێنابوو، بەڵام ئەو رۆژەی بۆ شەڕی دژ بە یەكدی پێویستیان پێبوو بە نیو سەعات لە بەریەك هەڵوەشانەوە. تەنانەت دوای پرۆسەی ئاشتی و دوای تێكەڵكردنەوەی حكومەت و رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیشیان، ئەو هێزانەی لەژێر چاودێریی هاوپەیمانانیش یەكخرابوون و بۆ شەڕی داعش پڕچەككرابوون، لە 16ـی ئۆكتۆبەردا بینیمان چەند بەخێرایی لەیەك جیاببنەوە. 

ئێستاش ئەگەر لەژێر هەر گوشارێكدا و لەژێر هەر ناوێكدا هێزە چەكدارەكان تێكەڵكەن، لە هەر چركەساتێكدا ناكۆكییان بگاتە ئاستێك كە هەست بە هەڕەشە و مەترسی بكەن بۆ سەر یەكدی، هێزەكان دەچنەوە ماڵەباوان. تێناگەم لەبەرچی ئەم بابەتەیان كردووە بە كێشە، كێشەیەك كە خەریكە ئاكامەكەی بە پشتتێكردنی دۆستەكانی كورد بشكێتەوە. ئایا رەوا نییە گومانی ئەوە بكرێت ئامانج لە دروستكردنی ئەم كێشەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە ئەمریكا و هاوپەیمانان وردەوردە لە كوردستان نائومێد بن؟

وەزیری پێشمەرگە نە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، نە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە، بەڵام وا بۆ دوو ساڵ دەچێت دەوام ناكات، وەك دەگوترێت "رێگەی پێنادەن بچێتەوە سەر كارەكەی". هەفتەی رابردوو لە میدیاكان بڵاوكرایەوە كە وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی كە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە لە حكومەت ماوەی سێ هەفتە پشووی وەرگرتووە و هەمان رۆژ وەزیری دارایی كە لەسەر پشكی هەمان حیزبە بەوەكالەت ئەو وەزارەتەشی وەرگرت. نەدەكرا وەزارەتی پێشمەرگەش بەوەكالەت بەڕێوەببرێت و نەبێتە سەرچاوەی نیگەرانیی هاوپەیمانەكان لە هەرێمی كوردستان. 

هەرچەندە پێدەچێت ئاستی نیگەرانی و نائومێدبوونی ئەمریكا و ئەو وڵاتاتەی كۆمەك بە هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەكەن لەسەر خراپەكارییەكانی دیكە بێت و ئەمەی پێشمەرگەیان كردبێت بە پاساو. ئەگینا خۆشیان دەزانن ئەم هێزە چەكدارەی لە كوردستان هەیە بنەمای ئەوەی نییە بكرێتە هێزێكی نیشتمانی، چونكە لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمایەكی حیزبی و بۆ حیزب دروستكراوە، نەك بۆ نیشتمان. پێشتر زۆر هەوڵدرا و سەركەوتوو نەبوو. هاوپەیمانەكانیش بەشێوەی فەرمی لە دەستپێكی شەڕی داعشەوە بە چەك بە مەشق و راهێنان و تەنانەت بە كۆمەكی دارایش هاوكاریی ئەم هێزە دەكەن، لە دەستپێكی ئەم پرۆسەی پشتیوانییەوە لە هەوڵی ئەوەدان ئەم هێزە چەكدارە لە دەستی حیزب دەربهێندرێت و بخرێتە دەستی حكومەت، بەڵام هەوڵەكانیان بێئاكام بووە. تەنانەت ئەگەر لەبەر دڵ و لەسەر داوای ئەوانیش تێكەڵ بكرێن، لە چركەساتە هەستیارەكاندا بە نامەیەكی مۆبایلی بەرپرسێكی حیزبی لەیەك جیادەبنەوە و دەبنەوە ئامرازی دەستی حیزبەكان.

ئەگەر هاوپەیمانان خوازیاری ئەوەبوون لە هەرێمی كوردستان هێزێك هەبێت سەر بە حیزب نەبێت، تەنیا ئەو كۆمەكە دارایی و چەك و پێداویستییە سەربازییانەی ئەمریكا داویەتییە هەرێمی كوردستان بەس بوو بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ئەم دوو هێزە حیزبییە هێزێكی نیشتمانی دروستبكرێت، بەڵام هاوپەیمانان ئەوەیان نەكرد، لە رووی چەكدارییەوە هەر ئاویان كردووەتە ئاشی بەهێزكردنی پارتی و یەكێتییەوە. ئاگایان لە هەموو وردەكارییەك هەیە، ئەوەش دەزانن چەند لەو چەك و كەرەستە سەربازییانەی داویانە بە هێزە هاوبەشەكانیش چەندیان لەلایەن هەردوو حیزبەكەوە براون، بەڵام هەر گوێیان پێنەداوە و بەردەوام بوون لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە. 

هەرێمی كوردستان دووجار كەوتووەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسی راستەقینەوە،(شەڕی ئەنسار ئیسلام و شەڕی داعش)، لە هەردوو ئەو مەترسییەدا ئەمریكا و هاوپەیمانەكان بە فریای كوردستان كەوتوون. ئەگەر بە كۆمەك و پشتیوانیی ئەوان نەبووایا پێشمەرگە بە تەنیا نەیدەتوانی رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە. ئێستاش ئەگەر لە ترسی ئەمریكا و هاوپەیمانان نەبێت، هێزە هەرێمایەتییەكان هەر رۆژە و هێز و گرووپێك دژ بە كوردستان دروست دەكەن و دەینێرنە سەرمان. واتا هێشتا ئەوەی سەقامگیری و ئارامیی كوردستانی راگرتووە، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانین، بۆیە نابێت رێگەبدرێت ئەگەر لە بێباكییانە یان هەر هۆكارێكی دیكە، ئەم دوو هێزە ببنە هۆكاری پشتتێكردنی ئەم دۆستتانەی كورد.