ناهۆشیاریی ژن و سەردەمی بێ مۆڕاڵی

شاناز هیرانی


13/01/2024

یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی ژن بەدرێژایی سەرهەڵدانی مێژووی مرۆڤایەتی  ناهۆشیاری و نا تێنەگەیشتنی خودی ژنە، سەرەتا بۆ خۆی وەك مرۆڤ، دواتر وەك مێینە.

نا تێنەگەیشتن و درك نەكردنی بە ژینگەی دەروبەری و نەبوونی هۆشیاری لەهەمبەر هەموو ئەو شتانەی لەژیانیدا وەك پێویستییەكی ژیاری دەبێت لێیان تێبگات، تا بتوانێت شكۆو كەرامەتی بپارێزێ لەو شتانەی كە وەك مرۆڤێكی ناتێگەیشتوو و كەم عەقڵ و هیچ نەزان دەبینیێت. هۆشیاربوونەوەو كاركردن لەسەر ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیربوون ژن دەگەیەنێتە لوتكەی شكۆمەندی و وەك شورایەكی پۆڵایین دەیپاریزێت لەو شتانەی كە بە عورفە كۆمەڵایەتییەكان و كلتورو دیدگا لاوازەكانی بۆ ژن هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە و نەتوانراوە ئەو لەو تێڕوانینە دەربازی ببێت، سەرباری گۆڕانكارییەكان.

لەچەند رۆژی رابردوو لەچەندین گرتە ڤیدیۆییدا، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووە، كەسێك لەژێر پاساوی گوایە شێخەو دەستی موبارەكی دەتوانێ كێشەكانی ژنان چارەسەر بكات، بینرا. ئەو كێشانەی كە ناكرێت ناویان بنێین كێشە وەك (هاوسەرەكەم خراپە لەگەڵم، خەسووەكەم كێشەم بۆ دروستدەكات، مناڵێكی كچ یان كوڕم دەوێت ..... هتد) كە لەڕاستیدا هەموویان یان كێشەی بچووكی كۆمەڵایەتین یان زانستین و دەكرێت ئاسانتر رێگەچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.. مرۆڤ كاتێك ئەو گرتە ڤیدیۆیانە دەبینێ و بەو شێوازە نامرۆڤانەیە یاری بە هەست و نەست و جەستەی ئەو ژنانە دەكرێت، جگە لەوەی هەستی ئینسانیەتیت دەجوڵێنی، لە هەمان كاتدا هەستی نائومێدی و شكاندنی كەرامەتی ژن و بە كەم سەیركردنی سەرتاپات داگیردەكات، ئاخر چۆن دەبێ لە سەدەی بیست و یەك بیت و لە ساڵی دوو هەزارو بیست و چوار بیت و لەسەردەمی ئەوپەڕی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانست بیت! كەچی پێت وابێ بەدەستی مامە شێخ مناڵێك دروستدەبێت ؟؟؟ ئەكەر لەڕووی دینیشەوە سەیری بكەین بەهەمان شێوە ئەوە پێی دەگوترێت دەستكاریكردنی كاری خودا. شێخێك كە بەوپەڕی بێڕەوشتی و بێ گوێدانە هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتی، ئەو جۆرە رەفتارو هەڵسوكەوتە نەشیاوانە لەگەڵ ژناندا بكات، پێویستە دەیان جار هەڵوێستە بەرامبەر ئەو كارە بكرێت و بمانخاتە تێڕوانین و بیركردنەوەی قووڵ و لەخۆمان بپرسین.. ئایا ئێمە بەرەو كوێ دەڕۆین؟ دەچین بەرەو پێشەوە و یان هەنگاوەكانمان هەر بۆ دواوەیە و خەریكە هەموو عورفە كۆمەڵایەتییە جوانەكانی كوردەوارییش لەدەستدەدەین كە هەمیشە شانازیمان پێوە دەكردو پێمان وابوو شكۆی ژنی پاراستووە؟.. 

ئایا ژنان لەو كات و سەردەمەدا بۆچی پەنا دەبەن بۆ ئەو جۆرە كەسانە و خورافیات بە پێش زانست و پێشكەوتن دەبینین؟ بێگومان ناهۆشیاری و بێدارنەبوونەوە و نا تێگەیشتن و.... هتد هۆكاری سەرەكی روودانی ئەو جۆرە كارانەیە. ئیستغلالكردنی ناهۆشیاریی ژنە لەلایەن هەندێك كەسی ناو كۆمەڵگا.  ژنێك پێی وابێت دیاریكرنی رەگەزی منداڵەكەی بە دەست مامە شێخە، كارەساتە! ژنێك پێی وابوو ئەگەر خۆی بخاتە بەردەستی مامە شێخ هاوسەرەكەی رەفتاری لەگەڵ دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ هەموو ژنان، ئەمە جگە لە گەوجاندن و بێ بەهاكردنی خودی ژنەكە خۆی، هیچی تر نییە...

نابێ چیتر ژنان لەنێو بازنەی ئەو جۆرە بیركردنەوانە بخولێنەوە، نابێ چیتر ژن و جەستەی ژن و عەقڵی ژن بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.