کاریگەری فیدباک لەسەر ئەدای فێرخواز

بیلال حەمە


01/06/2024

زۆرینەی فێرخوازان حەوجێی سەرچاوەیەکن بۆ ڕاستدۆزیی لە کارەکانیان لەپێناو بەرزبوونەوەی ئەدای کارەکانیان. بۆ ئەم مەبەستە دەتواندرێت مامۆستا یان ھەر سەرچاوەیەکی تر وەکوو ھۆکاری ڕاستدۆزیی و بەرزبوونەوەی ئەدای توانست و کارامەییەکانیان بەکاربێنن لە ڕێگای فیدباکپێدانەوە.

فیدباک: بریتییە لە پێدانی سەرنج، وەڵامدانەوەی پرسیاری فێرخواز لەناو پۆلدا، پێدانی ڕەخنەگرتنی بنیادنەر، ئاگادارکردنەوەی فێرخواز لە کارە ڕاست و ھەڵەکان، گەشەپێدانی ناوەڕۆکی بابەتەکە، کاردانەوەی بنیادنەرانە بۆ کاری فێرخواز، ڕاستکردنەوەی ھەڵەی فێرخواز بە پێدانی سەرەداو، نیشاندانی لایەنە باش و خراپەکانی کارەکە و پێوانەی کارەکە بەشێوازێکی ستاندارد.

زۆر ھۆکار بەردەستن بۆ بەرزکردنەوەی ئەدای کارامەیی و توانستی فێرخواز، بەڵام کاریگەرترینیان فیدباکە. 
زۆرینەی مامۆستاکانی ئێرە ئێستاشی لەگەڵ بێت لەپای ئەنجامدانی چالاکییەکی فێرخواز جا نووسینەکی بێت لەسەر تێنووسی فێرخوازەکە یان زارەکی بە فێرخوازەکە دەڵێت: ھەربژی، زۆرباشە، ئافەرین و پزیشکی ئایندە...تاد
یان ئەوەتا لەپای ئەنجامنەدانی ئەرکەکانی سەرزەنشتی فێرخواز دەکات، لێ بێ ئاگا لەوەی کە ئەم جۆرە دەربڕینانە کۆمەکییەکی ئەوتۆ بە فێرخواز ناکات و بگرە دەبێتە ھۆکاری ناکارایی توانست و ئەدای فێرخواز.
بەدیلی ئەم جۆرە لە دەربڕینی ستایش و سەرزەنشتکردنەی فێرخواز فیدباکە.
فیدباک، ڕێنیشاندەرە بۆ فێرخوازان کە چاودێری کارەکانی خۆیان بکەن و بەدواداچوون بۆ باشتربوونی کارەکانیان بکەن، لەو ڕێگایەوە ئەدا و توانست و کارامەییەکانیان بەرزبکەنەوە پێشوەچوون بەخۆیەوە ببینێت.

فیدباک کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەدای فێرخوازان هەیە، لێرەدا هەندێک لە کاریگەرییە بەرچاو و سەرەکییەکانی فیدباک لەسەر ئەدای فێرخوازان دەخەینەڕوو:

١- یارمەتی فێرخوازان دەدات کە لەوە تێبگەن کە لە چ ئاستێکدان لەڕووی پێشکەوتن و ئەدای کارکردنیانەوە، هەروەها دەستنیشانکردنی بوارەکان بۆ باشترکردن و گەشەکردنیان.
٢- فیدباکێکی بنیاتنەر لە کاتێکی گونجاودا دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ دەسکەوتن و بەدەستهێنانی ئەنجام و دەسکەوتی باشتر و زیاتر.
٣- یارمەتی فێرخوازان دەدات کار و هەوڵەکانیان لەسەر ئامانجە تایبەتەکان چڕتر بکەنەوە.
٤- یارمەتی فێرخوازان دەدات کە هەڵەکانیان ڕاست بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی دەرئەنجامی فێربوون و باشترکردنی ئەدای کارکردنیان.
٥- فیدباکێکی کاریگەر و بنیاتنەر متمانەی فێرخواز بە کار و هەوڵەکانی خۆی زیاتر دەکات و ئەدای فێرخواز گەشەپێدەدات.
٦- فیدباکە کاریگەرەکان، هاندەر و پاڵپشتییەکی گەورەن لە هاندانی فێرخوازان بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پڕۆسەی فێربوونیاندا.
٧- ڕێگە بە فێرخوازان دەدات کە بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنەکانیان بکەن، چاودێری ئەدای خۆیان بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
٨- ئەدای فێرخواز لەڕووی زانستی، ئاخاوتن، نووسینەکیی و ڕەفتاریی…تاد بەرز دەکاتەوە و گۆڕانکاری گەورە لە فێرخوازاندا بەدی دەهێنێت.
٩- دەرئەنجامی فێربوونی گشتیی و باشترکردنی ئەدای کارکردن لە چوارچێوە جیاوازەکاندا لە فێرخوازاندا گەشەپێدەدات.
١٠- هەستی بەرپرسیارییەتیی و خاواندارییەتیی بەرامبەر کارەکانیان لای فێرخواز گەشەپێدەدات و دەبێتە پاڵنەرێک دیکەی بەهێز بۆ باشتربوونی ئەدای فیرخوازەکە.
١١- فیدباکێکی کاریگەر دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز کە کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر ئەدای فێرخوازان هەبێت و زەمینەسازیش بکات بۆ سەرکەوتنی درێژخایەن.
١٢- فیدباک، هۆکارێکی گرنگە بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەنێوان فێرخوازان و پەروەردەکاران کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی ئەدا و توانستی فێرخوازان. 


ماوەتەوە بڵێم، فیدباک ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرزبوونە و بەرەوپێشچوونی ئەدای فێرخوازان لە ڕێگەی دابینکردنی ڕێنمایی، پاڵنەر و رەخساندنی دەرفەتی گونجاو و پێویست بۆ گەشەکردن و باشتربوونی ئەدایان.