دەستور فریادڕەسە یان ڕێکەوتنی ستراتیژی و دەباشان!!!

کاروخ خۆشناو


02/05/2020


"کەشتی" مێژووی وڵاتان پڕیەتی لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، بەڵام هەرکاتێک کەشتیەکەیان لە کەنارێکدا ئۆقرەی گرتووە، بیرمەند و سەرکردە سیاسیەکانیان هەڵوەستەیەکیان کردووە و هەڵساون بە داڕشتنی نەخشە ڕێگایەکی تۆکمە بۆ ئەوەی کەشتیەکەیان لە داهاتوودا بەرگەی شەپۆلەکان بگرێت، ئەم نەخشە ڕێگایەش بریتی بووە لە "دەستور" کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیە و بە دایکی یاساکان پێناسە دەکرێت و وەک داینەمۆی پێشکەوتنی ووڵاتان لەقەڵەم دەدرێت.

"کورد" پاش ئەوەی قەوارەیەکی دەستوری و یاسایی لە عێڕاقی دوای (۲۰۰۳)دا بۆ فەراهەم بوو، پێویست بوو یەکەم کاری سەرکردایەتی سیاسی کوردستان نوسینەوەی دەستورێکی هاوچەرخ بێت بۆ هەرێمی کوردستان، نەک واژوکردنی (ڕێکەوتنامەی ستراتیژی لە تەمموزی ۲۰۰۷ و دواتریش ڕێکەوتنامەی دەباشان لە ئایاری ۲۰۱٦) چونکە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستورێکی ڕێزلێگراوە کە لەژێر سایەیدا هەموو دام و دەزگا مەدەنی و سەربازیەکان یەکگرتوو بن و هەر سێ دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) بەشێوەیەکی دەستوری سنوری دەسەڵاتیان بۆ دیاریبکرێت و ئەرکی خۆیان بە شێوەیەکی شەفاف ئەنجام بدەن، هاوشێوەی وڵات و هەرێمە پێشکەوتووەکانی جیهان کە بە هۆی بوونی (دەستورێکی مەدەنی و هاوچەرخ) ڕێگا لە گەندەڵی گیراوە و داپەروەری کۆمەڵایەتی بەدیهێنراوە، بە شێوەیەک کە دەرفەتی کاری یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتووان ڕەخسێنراوە، ئەرک و ماف بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشکراوە، بە بێ ڕەچاوکردنی جۆری ڕەگەز و ڕەنگ و ئاین و ئایدیۆلۆژیا.

لەم دۆخە هەستیارەدا لە (پەتای کۆڕۆنا) ترسناکتر بۆ کورد (پەتای پەرتەوازەییە) کە بە درێژایی مێژوو کورد گیرۆدەی بووە، ڕاستە ڤاکسینی کۆڕۆنا هێشتا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام ڤاکسینی پەرتەوازەیی کورد تەنها دەستورە.

ڕاستیەکی تاڵە کە دەڵێین کەشتی هەرێمی کوردستان بە هۆی گەندەڵی و نەبوونی دادپەروەریەوە کون بووە، بەڵام هێشتا نقووم نەبووە، بۆیە دەکرێت (دەستورێکی مۆدێرن) ببێتە فریاد ڕەس بۆ ڕزگارکردنی ئەم کەشتیە، بەمەرجێک دەستورێکی ڕێزلێگیراو بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمێنێتەوە!!!